ورد سەرنج لە میدیاكانی كوردستان و سۆشیال میدیاكەشی بدەن، بە درێژایی ساڵ، (سەركردەكانی!) حزب و لایەنەكانی تر، بەتایبەتی یەكێتی و پاشكۆكانی \بە سەردەستەكانی تاقم و گرووپ و دوكانەكانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە\ بە سەركردە و بنكردەكانی هەردوو حزبی ئیسلامی (كۆمەڵ و یەكگرتوو)شەوە، تۆوی بێهیوایی پەرش دەكەن و نەمامی ئومێد لە بیركردنەوەی گەنجاندا وشك دەكەن، بەردەوام وانەی خۆبەكەمزانی بە خەڵكی كوردستان دەڵێنەوە، شەو و رۆژ دەخوازن ئینسانی كورد وەك (ئینسانێكی كەرامەتشكاو) بناسێنن.
ئەو بەناو (سەركردانە!) ساڵ دوازدەی مانگ دەیانەوێ مرۆڤی كورد وەك سواڵكەر و دەرۆزەكەر بە دنیا بناسێنن، میدیاكانیشیان وا راهێناوە، چەندیان پێ بكرێت هەوڵ دەدەن دۆز و پرسی هەرە گەورەی نەتەوەیی و نشیمانی لە خەڵكی كوردستان بزر بكەن و كوردستانیان لا بێبەها بكەن و خەون و ئامانج و ئاواتە راستەقینەكانی ئینسانی كورد پووچەڵ بكەن، ئەوان پێیان خۆشە مرۆڤی كوردستانی بەردەوام تووڕە بێت، بەردەوام برسی بێت، بەردەوام دەردەدار بێت، فێری قسەی قۆڕ و بێمانای دەكەن، تا لە هەڵبژاردنەكاندا كورسییەك زیاتر بەدەست بێنن.
(معاشەكەت جوانە ....!) و (لۆ مارێ) و... هتد، ئەمانە هەموو فكر و فەلسەفە و پەروەردەی ئەوانە بۆ خەڵكی كوردستان، هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان شك نابەم، وانەیەك یان هیچ نەبێ دێڕێكی ژیاندۆستی، ژینگەدۆستی، مرۆڤدۆستی، نیشتمانپەروەری، خۆڕاگری، خۆنەچەماندن و نەفسبەرزی و ژیانی سەرفرازانە، لەم بەناو سەركردانەوە فێر بووبێت. بەپێچەوانەوە پەروەردەی ئەوان تەنیا ئەوەیە كە لەشكرێك خەڵكی بێهیوا و بێئامانجیان پێگەیاندووە، لەشكرێكی خەڵكی نادڵسۆز بە نیشتمان و نەتەوەیان كردووەتە جەماوەری خۆیان، لەشكرێك خەڵكی جنێودەر و دەمپیسیان خستووەتە سۆشیال میدیاوە.
ئەو خەڵكانەی كە (خیانەت) وەك (هەڵوێست) دەخوێننەوە یان (ناپاكی) و (نیشتمانپەروەری) لێك جودا ناكەنەوە، تەربێتی دەستی ئەوانن، ئەوانەی خۆپیشاندان بۆ رووداوێكی دەرەوەی كوردستان دەكەن، بەڵام لەئاست خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و فرۆشتن و تەسلیمكردنی كەركووك و سەدا 51ی خاكی كوردستان و كۆمەڵكوژكردنی كورد و بە رەتڵ لەسێدارەدانی كورد، فززەیان لێوە نایەت و تەنانەت بە رووداوی گرنگیشی نازانن، ئەوە پەروەردەی قسە و گوفتاری ئەو بەناو (سەركردانەن!)
شەوی رابردوو بە وردی گوێم لە گفتوگۆكەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ژمارەیەك لە خەڵكی سلێمانیی خۆشەویست و دەوروبەری، گرت، ئەلحەقی ئەو خوشك و برایانە زۆر روون و راشكاوانە و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە پرسیار و رەخنە و داواكاری و پێشنیارەكانیان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد، سەرۆك وەزیرانیش وەك هەمیشە، راستگۆیانە و خەمخۆرانە و برایانە و رێزدارانە و لە هەمووشی گرنگتر سەركردانە، دوور لە دروشمبازی و خۆهەڵكێشان، وەڵامی روون و راشكاوی دانەوە.
مەسرور بارزانی، كە لەگەڵ هاووڵاتیان و خەڵكدا دەدوێ، چونكە وەك هەندێ كەسی تر بۆ سواڵی كورسی و دەنگ قسە ناكات، راستگۆیانە دەدوێ و نایەوێ خەڵك لەخشتە ببات، مەسرور بارزانی هەمیشە كە لەو شوێنانە بۆ خەڵك دەدوێ لە لوتكەی خاكەڕاییدا رفتار دەكات بەڵام لە ترۆپكی هێز و هیوا و خۆڕاگری و گەشبینییدا دەدوێ، زۆر بەوردی گوێی لێ دەگرم، ئەم سەرۆك وەزیرانەی كوردستان بەڵێنی ناڕاست بە خەڵك نادات بەڵام كار و خزمەتی گەورە پێشكەش دەكات، هەرگیز ناڵێ فڵان كار و فیسار پرۆژەتان بۆ جێبەجێ دەكەم، بەڵام پاش چەند مانگێك دەبینین فڵان كار و فیسار پرۆژە دەكەونە واری جیبەجێكردنەوە.
مەسرور بارزانی زۆر جوان گوتی: ”دۆزینەوەی هەلی كار، لای من دروشم نیە، بەڵكوو لەڕێی پەرەپێدانی كەرتەكانەوە، بە ڕژدی و بە كردار كار بۆ دۆزینەوەی هەلی كار دەكەم.“ داوای كرد گەنجانی كوردستان هیوایان بە وڵاتی خۆیان هەبێت و سەركێشی نەكەن لەپێناو گەیشتن بە شوێنی تر، تكای كرد مامۆستایان رێگە نەدەن ئەجیندای سیاسیی ئەم و ئەو، تێكەڵ بە پرۆسەی پەروەردە بكرێت، ئەو گوتی: من رۆڵەی هەموو ناوچەكانی كوردستانم و هەموو كوردستان بە ماڵی خۆم دەزانم و بە ئەمانەتەوە خزمەت بە هەموو ناوچە و دەڤەرەكان دەكەم.
ئەمەیە جیاوازیی مەسرور بارزانی، خەڵك كە گوێ لە مەسرور بارزانی دەگرن، هێز و ورە و وزە وەردەگرن، هیوایان بە ئایندەی كوردستان گەشتر دەبێ و متمانەیان بە خۆیان زیاتر دەبێ و زیاتر كوردستانیان خۆش دەوێ و پێداگرتر دەبن لەسەر مافەكانیان، زیاتر ژیاندۆست دەبن و زیاتر مەیلی ژیانی سەرفرازانە و خۆنەچەمێنانە دەكەن.
مەسرور بارزانی كەمترین قسە دەكات و زۆرترین كار و پرۆژە جێبەجێ دەكات، ئاخر كاری گەورە تەنیا بە مرۆڤی مەزن دەكرێت، بەڵام قسەی زل، بە پیاوی بچووكیش دەكرێت.. كورت و پوخت: خەڵك كە گوێ لە مەسرور بارزانی دەگرن، دڵخۆشن كە كوردن یان كوردستانیین، بەڵام كە گوێ لە بەعزە (سیاسی!)یەكی تر دەگرن، پێیانوایە كوردبوون و كوردستانیبوون بارێكی زیادە و گەورەیە بەسەر شانەوە!