سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، لەم کات و ساتەدا پێویست بوو، چونکە سەرۆك بارزانی پێگەیەکی گرنگی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و کوردستان و ناوچەكەدا هەیە، هەر بۆیە هەماهەنگیی شیعە و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانگهێشتی رێبەر و مەرجەعی کوردیان کرد کە سەردانی بەغدا بکات، چونكە هەموو لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی چارەسەرکردنی كێشەكان، بەبێ پێگە و بوون و قسەی سەرۆك بارزانی، ناكرێ و نابێت.
راستە ئێستا كەشەكە بەگشتی لەبارترە و پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا تا ڕادەیەك لە قۆناغە خراپەكانی بەر لە ئێستا باشترە، بەڵام ئەوەش ناشاردرێتەوە كە بەداخەوە تا ئێستاش، كێشەگەلی هەڵپەسێردراو هەن، لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا، ئەم كێشانە پێویستیان بە گفتوگۆی سیاسی هەیە نەك ئیداری و تەكنیكی و ئابووری، گفتوگۆی سیاسییش، بریتییە لە پرس و باسی نەتەوەیی و مافەكانی كورد و كوردستانیان لە عێراقی فیدراڵدا، بۆیە دەبێ لەسەر ئاستی باڵا و لەسەر ئاستی رێبەر و سەرۆك ئەم گفتوگۆیانە بەڕێوە بچن.
بۆیە وەك هەمیشە، سهردانی سەرۆك بارزانی نەك بۆ بەغدا بۆ هەموو پایتەختێك زۆر گرنگه، چونكە سهرۆك بارزانی یهكێكە له كەسایەتیە هەرە كارا و كاریگەرەكانی ناوچەكە، بۆ بەغداش یەكێكە لە دامهزرێنهرانی پرۆسهی سیاسیی عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەوە وێڕای ئەو ئەزموونی شۆڕش و دانوستانە زۆرەی لەگەڵ حكوومەت و دەسەڵاتەكانی عێراقی پێش ٢٠٠٣ هەیەتی.
هەروەها ئەو سهردانهی بارزانی رۆڵی دەبێت له چارهسهری كێشه هەڵپەسێردراوەکان و یەكلاكردنەوەی هەندێ پرس و باس كە ناو بەناو دۆخی دەڵەمەیی عێراق دەیشێوێنێت. سهرۆك بارزانی لهگهڵ لایهن و سهركرده سیاسییهكانی عێراق كۆ دهبێتهوه و دۆخی عێراق و كوردستان و ناوچهكه بهگشتی لهگهڵیان تاوتوێ دهكات، بەتایبەتی لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و پرسی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە دەبینین میدیای جیهانی و میدیای عەرەبی و میدیای عێراقی و میدیای كوردستانییش، بە بایەخێكی یەكجار زۆرەوە باس لەو سەردانە دەكەن.