یەكێتی، بە هەموو سەركردە و بنكردە و كادیر و پەرلەمانتارە عاقڵەكانیەوە! بە هەموو قیادیە كۆنەبەعسی و نابەعسیەكانیەوە، بە راوێژكارە نەزانەكانیەوە، بە دەستەی مامۆستا ناڕازییە قاچاخچییە دووگ و جگەر و هێلكەفرۆشەكانیەوە كە یووسف و غالب شەوانە بەیاننامەیان بۆ دەنووسین، بە ئەندامە كاسەلێسەكانی بەردەم ماڵی رەیان كلدانیەوە، بە كەمپینچیە كەمدەماغەكانیەوە، بە هەموو میدیای بینراو و نەبینراو و بیستراو نەبیستراو و نووسراو و نەنووسراویەوە.
میدیای یەكێتی، بە سێبەر و هەتاویەوە، بە نووسەر و رۆژنامەنووسە بێلایەن و سەربەخۆ و ژێربەخۆكانیەوە، بە بیرمەند و رۆشنبیرە عەبقەرییەكانیەوە! بە هەموو ماڵپەڕ و جاشقەڵەمەكانیەوە، بە هەموو فەوج و پەیجە بێ دایك و باوكەكانیەوە، بە هەموو قەڵەمبەدەستە پاشكۆ و گوێلەمست و مووچەخۆرەكانیەوە، بە تەمامی چەك و جبەخانە و تفاقی ئیعلامیەوە، بە هەموو میدیاكانی پەكەكەی هاوسپۆنسەر و هاوپەیمان و هاوئاوازیەوە.
ئەو حزب و گرووپانەی لە سلێمانی ناویان لە خۆیان ناوە (ئۆپۆزسیۆن!) بە ئیسلامی و عەلمانیانەوە، بە ئەفەندی و دشداشە لەبەر و جامانەبەسەریانەوە، بە ریشدار و بێڕیشەوە، بە ئیخوانی و ئەخەواتییانەوە، بە هەموو كەناڵ و رادیۆ و سایت و لاپەڕە و ئەكاونتەكانیانەوە، بە موڕاقیب و موحەلیلە بێمیشكەكانیانەوە، بە بازرگانە دەستبڕ و گەندەڵ و پارەخۆرەكانیانەوە، بە پەرلەمانتارە گیرفانپڕە مێشك بەتاڵەكانیانەوە، تەنانەت بە جەماعەتی ئاەرزوومەندانی زەواجی مسیاریشیانەوە.
ئنجا گرووپ و حزبە عەرەبیەكانی عەرەبستانی عێراق، زۆربەی هەرە زۆریان، بە عەمامەدار و بێعەمامەكانیانەوە، بە دیندار و بێدینیانەوە، بە سوننە و بە شیعەیانەوە، بە چەكدار و مەدەنییانەوە، بە بەرنامە و بە كەناڵ و بە سەنەد و بە كیلابی و بە فەدەك و بەحیجاب و بێحیجابیانەوە، بە كۆن و بە نوێیانەوە، بە موتەخەلیف و عاقڵیانەوە!
هەموو ئەو گرووپانە، نزیكەی یەك ساڵە، ملیاران دۆلاریان لە داهاتی دزراوی ئەم وڵاتە خەرج كرد، بۆ دژایەتیكردنی پرۆژەی (هەژماری من)ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دوودڵكردن و نیگەرانكردنی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە (هەژماری من)، بۆ گومان خستنە سەر ئەو پرۆژە گرنگە، كە رەنگە بە یەك كتێبیش باسی سوودەكانی تەواو نەبێت.
ئەو گرووپانە بە مەزەنەی خۆیان بە دژایەتیكردنی (هەژماری من) دەنگیان بۆ هەڵبژاردن كۆ دەكردەوە، بە حسابی خۆیان قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێننەوە، بە عەقڵی كورتی خۆیان حكوومەتی هەرێمی كوردستان سفر دەكەن و كۆتایی پێدەهێنن!
ئای ئۆتێل و مۆتێلیان بۆ گیرا لە بەغدا! ئای شكات و سكاڵایان گەیاندە برای چاوڕەشم! ئای دنەی خۆپیشاندان و كەمپینیان دا! ئای قسەی زلیان كرد لە مێزگردەكاندا! ئای پاسیان گرت و خەڵكیان گواستەوە بۆ بەغدا تا لە دژی (هەژماری من) خۆپیشاندان بكەن، ئای قسەی ناشرینیان بە خەڵكی هەولێر و دهۆك گوت چونكە دژی (هەژماری من) نین، ئای ماستاویان بۆ رەییان و حەییان و زەییان كرد! كەچی دواجار پاكوتەمیز، عێراق و دادگای فیدراڵییەكەی و بانكەكانی و هەموو دەزگاكانی دەوڵەت، یاساییبوون و سەركەوتنی پرۆژەی (هەژماری من)یان راگەیاند.
لەبەرئەوەی پرۆژەی (هەژماری من) پرۆژەیەكی زۆر گرنگ و ستراتیژی و دوورمەودا و فرەسوود و ئایندەڕوونە و، ئابووری و كەرتی بانكسازی و پرۆسەی بازاڕكاری و بازرگانی و سووڕی سەرمایە لە هەرێمی كوردستاندا، دەباتە قۆناغێكی زۆر جیاوازتر و پێشكەتووتر و بەگشتی ژیانی كۆمەڵگە زۆر پێش دەخات، دەبێ ئەو قسەیە بۆ میژوو بكەین، كە سەركەوتنی پرۆژەی (هەژماری من) لە ئەنجامی پێداگریی خودی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو.
ئاخر نەك هەموو ئەو گرووپانەی لەسەرەوە باسم كردن و ناوم هێنان، تەنانەت لەنێو حكوومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا، خەڵكانێك هەبوون دژی (هەژماری من) بوون و داوایان لە سەرۆك وەزیران كرد، دەستبەرداری بێت، بەڵام مەسرور بارزانی لەبەر ئەوەی باشتر لە سوودەكانی ئەو پرۆژەیە بۆ كوردستانیان و مووچەخۆران تێدەگەیشت، بە پێداگری و دیڤچوونی مەیدانیی بەردەوامی بۆ پرۆسەكە، كۆڵی نەدا تا سەری خست.
كورد دەڵێ: ”بزن كە ئەجەلی هات، نانی شوان دەخوات“ حزبی سیاسییش كە خوا سەری لێ شێواند وەك ئەم حزبانەی كوردستان دژایەتیی پرۆژەیەكی وەكوو (هەژماری من) دەكەن، پەرلەمانتار و كەمپینچی و میدیاكاریش كە عەقڵیان لەدەست دا، خەڵك لە دژی پرۆژەیەكی وەكوو (هەژماری من) هان دەدەن، ئەوانە نەزان و كاڵفامن، نازانن (هەژماری من) لەلایەن بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و بەریتانیا و یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمپانیا مەزنەكان و هەموو دەزگا و رێكخراوە ئابوورییە موعتبەرەكانی دنیاوە، پشتیوانی و پێشوازیی لێ دەكرێ!
سەیر ئەوەیە، دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە پرۆژەی (هەژماری من) یاساییە، زۆربەی فەرمانبەرانی كوردستان هەژماریان لەو پرۆژەیەدا كردووەتەوە، گرنگترین بانكە عێراقیەكانیش لە پرۆژەكەدا بەشدارن و هێشتا بانكی تر دێن، حاڵی حازر فەرمانبەرانی چەندین دەزگا و وەزارەت لە چوارچێوەی پرۆژەكە و بە كارتی (هەژماری من) مووچەكانیان وەردەگرن، واش بڕیارە لە ساڵی 2025دا یەك ملیۆن مووچەخۆر هەژماریان كردبێتەوە، كەچی هێشتاش خەڵكانێك گومان دەخەنە سەر (هەژماری من) و دەڵێن: ”نایاساییە!“ نازانم ئەم بێدەماغیە تا كەی بەردەوام دەبێت؟