كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

عێراق لە دەستگیركردنی گەندەڵكارە هەڵاتووەكانی شكست دەهێنێت

ئەندامێکی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی، كە وڵاتەكەی لە دەستگیركردن و گەڕاندنەوەی تۆمەتبارانی هەڵاتووی گەندەڵی بۆ دەرەوەی وڵات شكست بهێنێت.
دورەید جەمیل ئەیشووع، ئەندامی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (17ی حوزەیرانی 2024) بۆ (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاند، هیچ شکستێک لە پرسی وەرگرتنەوەی گەندەڵکارانی هەڵهاتوو و سەرە باڵاکانی گەندەڵی گەورەتر نییە، بە هیچ شێوەیەک بەرگەی ئەم بابەتە ناگیرێت.
گوتیشی: ”عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتان ڕێکكەوتنی نێودەوڵەتیی هەیه، بە وڵاتانی كەنداویشەوە، بەڵام ئەم بابەتە کارێکی ئاسان نییه، بەوپێیەی پێویستی به زۆر ڕێکاری یاسایی هەیە، هەروەها پێویستی بە بەدواداچوون هەیە بۆ ئەو هەڵهاتوانە لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام هیچ شكستێك لەوە گەورەتر نییە، كە نەتوانرێ ئەو تۆمەتبار و سزادراوانە دەستگیر نەكرێن و نەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق.“
پیشتر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا زۆر لە تۆمەتبارانی گەندەڵی دەگەڕێننەوە و رووبەڕووی دادگایان دەكەنەوە، بۆ ئەوەش نزیکەی 20 تۆمەتبار و سزادراوی هەڵاتوو لەدەرەوەی عێراق دەستنیشان كراون و هەماهەنگی هەیە بۆ گەڕانەوەی 15 تۆمەتباری دیكە، كە لەو وڵاتانەی بۆی هەڵهاتوون، قۆڵبەست بكرێن و بگەڕێنرێنەوە، لەوانە سووریا، سعوودیە و تورکیا.
بەڵام جگە لە تۆمەتبارێكی سزادراو، كە گوایە لە بیلاڕووسا دەستگیر كراوە و ئەو گەندەڵییەی كردوویەتی بە قەبارەی 6 ملیار دیناری بووە، تاوەكوو ئێستا باس لە گەڕانەوە و دەستگیركردنی كەسی دیكە نەكراوە.
جێی باسە، قەبارەی ئەو پارە دزراوەی عێراق لەدوای 2003ەوە بە نزیكەی 450 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمە ئەو پارەیە ناگرێتەوە، كە لەناوەوەی وڵات سپی كراوەتەوە و ماوە، عێراق سندووقێكی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە داناوە و پاداشتیشی بۆ ئەوانە دیاری كردووە، كە هاوكاری بۆ گەڕاندنەوەی هەر بڕە پارەیەك دەكەن.