بابەتی مووچە بووەتە سەردێڕی هەواڵەکانی رۆژ و دوو ڕەوتی دژ بە یەک لەنێو كوردستاندا دروست بووە، ڕەوتێک تەواو هۆگری ئەو عێراقە بووە کە بەردەوام دژەکورد بووە، کەچی پێیوایە ئەگەر خۆمان رادەستی بەغدا بکەین و ملی بۆ کەچ بکەین، ئەوا عێراق ئەو بەهەشتەیە کە هەندێک (کاڵفام و چەلاوخۆر!) خەونی پێوە دەبینن.
بەڵام ئەگەر لاپەڕەكانی مێژووی عێراق بخوێنینەوە، دەبینین دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ كورد هیچ کات باش نەبوون و هەردەم شەڕانگێز بوون و بوونەتە کێشە هەمبەر مافەکانی گەلی کورد. هەموو ڕژێمەکانی عێراق هەوڵی سڕینەوەی گەلی کوردیان داوە، کار گەیشتە ئەوەی لە ڕێگای دادگای بەناو فیدراڵیی عێراق، هەر ڕۆژەو بیانووێك بێننەوە و تەگەرە بخەنە پێش ئاوەدانی و ئازادیی هەرێمی كوردستان و بە بڕیارە فاشییەكانیان کە هیچ کات لە بەرژەوەندیی عێراق و پروسەی دیموکراسیدا نەبووە، بەڵكوو مەبەستی گڵاویان نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بووە.
ڕەوتی دووەم، وا سەیری دەسەڵاتی بەغدا و عێراق ناکات، چونکە لای مەعلوومە كە ئەوان هیچ کات حەز ناکەن کورد دۆخی ئابووریی كوردستانیان باش بێت و بێ کێشە بێت، ئەم رەوتە رێی خۆنەچەماندنی هەڵبژاردووە، بە پێچەوانەی موسەنا ئەمین بە دەنگی کورد گەیشتە پەرلەمانی عێراق، ئێستاش ستاییشی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی عێراقی دەکات، بە جۆرێك پێی دەڵێ: ”ئەگەر تاوانی گەورە نەكەیت، لەبەر بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان دەچیتە بەهەشتەوە!“ بەڕاستی تا خاوەنی ئەو جۆرە بیركردنەوە ڤایرۆسیانەیە بین، کورد خۆشی لە خۆی نابینێت، ئەمانە بوونەتە کێشە بۆ گەلی کورد و هەموو كوردستانیان.
ئێمە جا چۆن خۆمان رادەستی دوژمن بکەین؟ ئایا نانی سەرشۆڕی زۆر چەور و بەتامە؟ ئایا موسەننا و هاوئاوازەكانی نازانن ئازار و ئەشكەنجە و مەینەتیی ژێردەستەیی چیە؟ یان دەزانن و چێژ لە ملكەچی و خۆچەماندن دەبینن؟ لە ڕاستیدا نان و ئازادی دوانەیەکی پێکەوە گرێدراون، بەڵام ئازادی لە نان گرنگترە، چونکە لە ئازادیدا دەتوانی بە هێز و بازووی خۆت نان دەستبەر بکەیت، نەک سەرشۆڕی و ملکەچی داگیرکەران بیت، کە هەوڵی لەناوبردنت دەدەن، چونكە هەر ئەمانە بوون دوێنێ مووچەیان دەدا، بەڵام کیمیاباران و زیندەبەچاڵیان دەکردین و هەموو مافێکیان لێ زەوت دەکردین.
ئێستاش هەمان مێشک پووچ و كەللەبۆگەنن، هەمان ئەو عەقڵییەتە فاشیستییە لەگەڵ کورد بەکار دێنن، نانبڕاو دەکریێن و بودجە و مووچەمان دەبڕن، تەنیا بۆ ئەوەی دەست لە مافەکانمان هەڵگرین، بەڵام خەیاڵیان خاوە، کورد لەوە گەیشتووە کە ئەو عەقڵییەتە بۆگەنە بەعسئاسا هەروەک خۆیەتی، بەڵام لە بەرگێکی دیكە، بۆیە پێویستە کورد ناکۆکییەکان بخاتە لاوە و کوردایەتی بکەن، ئێستا کاتی ئەوەیە هەوڵی ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەین و دەست لەناودەست هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی بەرۆکی کوردستانی گرتووە، یەک شت هەیە ئەبێت هەموومان ئەوە بزانین، ئێمەی کورد لەناو یەک کەشتیداین، دەربازبوون و لەناوچوونمان بەیەکەوە دەبێت.