ئەمڕۆ چوارشەممە 31/1/2024 بەشی كوردیی ئێزگەی سوید دوای 23 ساڵ پەخشكردن، لە كار دەوەستێت.
ناسر سینا یەکەم هەواڵنێری بەشی کوردیی ئێزگەی سوید لەمبارەیەوە دەڵێ وا دەزانێ منداڵێکی خۆیەتی، پەروەردەی کردووە و ئێستا بە بەرچاویەوە دەمرێت.
بەشی كوردیی ئێزگەی سوید، لە چوارچێوەی سیاسەتی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی ئێزگەی سوید كە سەر بە دەزگای راگەیاندنی حكوومەتە لە ستۆكهۆڵم، لەمڕۆوە بە یەکجاری دادەخرێت.
بەرپرسانی ئێزگەكە ڕایانگەیاندووە كە داخستنی بەشی كوردی، بە هۆی کورتهێنانی بودجەی گشتیی ئیزگەكەیە، کە دەبێ بۆ ئەمساڵ 250 ملیۆن کرۆن لە خەرجییەکانی کەم بکاتەوە.
ئێزگەی سوید ساڵی 1938 دامەزراوە، سەرەتا تەنیا بە زمانی سویدی پەخشی دەکرد، دواتر لە ساڵی 1939 پەخشی بە زمانی ئینگلیزی و پاشان بە زمانی ئەڵمانییش دەست پێکرد، پەخشی بەشی کوردیی ئێزگەكە لە 31/1/2001 بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی دەستی پێكرد.