ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی سێیەمی زنجیرەوتارێكە كە ناونیشانە سەرەكییەكەی لە بەشی یەكەمدا بریتی بوو لە: (لە عێراقیشدا دەبێ داوای لێبووردن لە ڕیفراندۆمچییەكانی كوردستان بكرێت) ئەم زنجیرەوتارە لەو ھەواڵەوە سەرچاوەی گرت كە سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچیز داوای لێبووردنی لە ڕیفراندۆمچیەكانی ھەرێمی كەتەلۆنیا كرد كە لە ساڵی 2017 ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان كرد، بەڵام ئەمساڵ پێدرۆ سانچیز لە پەرلەمانی ئیسپانیا بە دەنگی ئەو ڕیفراندۆمچییانەی كە لە ساڵی 2017 خائین بوون! و دژی یەكێتیی گەل و خاكی ئیسپانیا ڕیفراندۆمیان كرد، بوو بە سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا.
واتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ڕیفراندۆچییەكانی بۆ ئەوە دەوێت كە بەھۆی ئەوانەوە ببنەوە بە سەرۆكوەزیران و ھەرێمی كەتەلۆنیاشیان بۆ ئەوە دەوێت ئابووریی ئەو ھەرێمە بۆ خۆیان بدۆشن، بەڵام نایانەوێت كەتەلۆنیەكان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ھەبێت!
بە ھەرحاڵ، باشە بۆچی ڕیفراندۆمچییەكانی كەتەلۆنیا لە ساڵی 2017 خائینی ئیسپانیان! بەڵام شەش ساڵ دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا، ھەر ئەم خائینانە! دەبنە دڵسۆز و پەرۆشی ئیسپانیا و داوای لێبووردنیان لێ دەكرێت و لەوانەش دەبوورن كە لە ساڵی 2017 بەھۆی پلاندانان و سەرپەرشتیكردن بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا، فەرمانی دەستگیركردن و دادگاییكردنیان بۆ دەردەچێت؟ جیاوازیی ساڵی 2017 لەگەڵ ساڵی 2023 چیە؟ لەم شەش ساڵەدا چی ڕووی داوە؟
1 - ساڵی 2017 ھێشتا بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا نەچووبووە دەرەوە، چونكە ھەرچەندە ڕیفراندۆمی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا لە لایەن بەریتانیەكانەوە كرابوو، بەڵام وەك ڕێككەوتن، ڕێككەوتننامەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا ئەوەی پێی دەڵێن برێكزت (Brexit) لەلایەن بەریتانیاوە لە 29 – 1 – 2020 ئیمزا كرا و ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپاش لە 30 – 1 – 2020دا ئەم ڕێككەوتنەی پەسەند كرد.
واتە دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا، دەتوانن ڕیفراندۆم بۆ چوونەدەرەوە لە یەكێتیی ئەورووپا بكەن و ئەم ڕیفراندۆمە شەرعییەتی ھەیە، بەڵام نەتەوە و گەلانی ناو چوارچێوەی دەوڵەتێك كە ئارەزووی سەربەخۆییان ھەیە و نایانەوێت بەزۆر لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا بمێننەوە، ئەمەیان لای دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا شەرعییەتی نیە و لێرەدا مافی بریاردانی چارەنووسی گەلان دەبێ بە ژێر دەستوپێی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانی یەكێتیی ئەورووپا كە خۆیان بە پێشەنگی پارێزگاریكردن لە مافە دیموكراسییەكان دەزانن، بەڵام دژی مافی بریاردانی چارەنووسی گەلانن كە بەرزترین مافی دیموكراسییە!
جا لەبەرئەوەی ئیسپانیاش ئەندامی یەكێتیی ئەورووپایە، كەواتە یەكێتیی ئەورووپاش دژی ئەم ڕیفراندۆمەی كەتەلۆنیەكانە، چونكە دژی ئەندامێكی خۆیان واتە دژی ئیسپانیا كراوە، ھەروەك چۆن دژی ئەو ڕیفراندۆمەی ڕووسییەكانی كریمیاش بوون كە لە مانگی 3ی ساڵی 2014 دژی ئۆكراینای برادەری خۆیان كرا، بەڵام ئەگەر ھەر لەو ساڵەدا بۆ نموونە ئەبخازیای سەر بە ڕووسیا كە لە ساڵی 1993 ڕووسیا بەزۆر لە جۆرجیای برادەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوای كردەوە، ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان و وازھێنان لە ڕووسیا بكردایە، حەتمەن یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەم ڕیفراندۆمەی ئەپخازیەكان دەبوون، چونكە ئەم ڕیفراندۆمەیان دژی ڕووسیای پوتن بوو!
مەبەستم لەم نموونانە، ئەو دووفاقی و ئەو گەمە نێودەوڵەتییەیە كە وڵاتانی بەھێز و دەستڕۆییشتووی دنیا بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلانی دەكەن و كەی ویستیان دیموكراسی لە لای ئەوان پیرۆزە و ھەر كاتێكیش ویستان دیموكراسی فشە و گاڵتەی منداڵانە!
2 - ساڵی 2017 ئەو كاتەی كەتەلۆنیەكان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیایان كرد و لە سەدا 90یان دەنگیان بە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا دا، ئەو كاتە شەڕی سەربازیی نێوان ئۆكراینا و ڕووسیا ڕووی نەدابوو.
3 - ساڵی 2017 ئەو كاتەی كەتەلۆنیەكان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیایان كرد و لە سەدا 90یان دەنگیان بە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا دا، ئەو كاتە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕووی نەدابوو.
4 - ساڵی 2017 ئەو كاتەی كەتەلۆنیەكان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیایان كرد و لە سەدا 90یان دەنگیان بە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا دا، ئەو كاتە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین وەك ئێستا گرژ نەبوو كە جۆ بایدن بە سەرۆكی چین بڵێت: ”با ھیچ نەبێت پەیوەندییە تەلەفۆنیە سەربازییەكان لەنێوانماندا بمێنێت، نەكا لەپڕ و لەبەر بەھەڵە ھەڵسەنگاندن یان بەھەڵە تێگەییشتن و لە ئەنجامی نەبوونی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا، شتێكی سەربازیی گەورە لەنێوانماندا ڕوو بدات و ببێتە ھۆی كەوتنەوەی زیانی زۆر گەورە و كۆنترۆڵكردنی لەدەست دەربچێت!
5 - ساڵی 2017 ئەو كاتەی كەتەلۆنیەكان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كەتەلۆنیایان كرد، شەعبەوییەت و حزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی ناو وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و تەنانەت ئەمەریكاش، وەك ئێستا فراوان و گەورە نەبووبوونەوە.
جا باشە ھەموو ئەوانەی كە لەو 5 خاڵەی پێشەوەدا ئاماژەم پێ دان، چ پەیوەندییەكیان بە داوای لێبووردنی سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا بۆ ڕیفراندۆمچییەكانی كەتەلۆنیاوە ھەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ بەشی چوارەمی ئەم زنجیرەوتارە... چاوەڕوان بن