كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نیاز یوسف محەمەد 21/11/2023

هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی بازرگانیی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌

هاتنی بڕانده‌ ناوداره‌كانی جیهان بۆ هه‌رێمی کوردستان و پێدانی بریكارنامه‌ی فه‌رمیی كۆمپانیا‌ جیهانییه‌كان به‌ كۆمپانیا خۆماڵییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و دروستكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كارگه‌ له ‌ناوه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان، مانای بووژانه‌وه‌ی بازاڕه‌كانه‌ و به‌ واتایه‌كی دیكه ده‌ستپێكردنی وه‌رزێكی نوێی جموجۆڵی بازرگانان و پیشه‌سازیكارانه‌، ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان پێمان ده‌ڵێن ته‌نیا له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر نزیكه‌ی 36 هه‌زار كۆمپانیا تۆمار كراون.

كوردستان هه‌رێمێكه‌ و له‌ ڕووی سامانی سرووشتییه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و مێژووی شارستانیه‌ت و جیۆسیاسی و ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌یش، زیاتر وای كردووه‌ كه‌ پێگه‌ی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر بێت، به‌ تایبه‌ت له‌ دۆخێكی وه‌كوو ئێستا كه‌شێكی گونجاو بۆ بارزگانان هاتووەته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ده‌توانن زۆر ئازادانه‌ كاری بارزگانیی خۆیان بكه‌ن، ئیستا بارزگانان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن زۆر ئاسانی و به‌خێرایی ده‌ستیان بگاته‌ هه‌ر كاڵایه‌ك له‌ دوورترین شوێنی جیهان، بۆیه‌ پێویسته‌ بازرگانانی كوردستان و خاوه‌ن كاره‌كان هه‌میشه‌ سوپاسگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بن كه‌ كه‌شێكی وای هێناوه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌.

وه‌زیرانی بارزگانیی وڵاتانیش چه‌ندین جار له‌ لێدوانه‌كانیان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی بازرگانیی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌.
له‌م قۆناغ و سه‌رده‌مه‌ی‌ ئێستادا بوار و كه‌رتی‌ ئابووری و بازرگانی‌ و وه‌به‌رهێنان و هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن له‌نێوان ته‌واوی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا بووەته‌ كارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ و كاریگه‌ریی له‌ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كو‌لتوورییه‌كان هەیە.
یه‌كێكیش له‌و دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌ پێشخستنی ڕه‌وتی بارزگانی له‌ هه‌ر وڵاتێكدا هەیە، دامه‌زراوه‌ی ژووری بارزگانییه‌.

ژووری بازرگانی، دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمییه‌ و كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی سه‌ر به‌ بواری بازرگانی له‌خۆ ده‌گرێت، ژووری بازرگانی كار ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدان و باشتركردنی چالاكییه‌ بازرگانییه‌كان، ژووری بازرگانی كۆمه‌ڵێك بازرگان له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كۆ ده‌كاته‌وه‌،‌ ناوی جۆراوجۆر بۆ ژووری بازرگانی هه‌ن، له‌وانه‌ش ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی یان كۆمه‌ڵه‌ی بازرگانی، ناوه‌كه‌ جیاوازه‌، ژووری بازرگانی له‌ هه‌ر وڵاتێكدا، بێگومان له‌ ڕێكخستن و سه‌رچاوه‌ داراییه‌ جۆراوجۆره‌كانیدا رل دەگێڕێت.

له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا، ژووری بارزگانی گرنگیی تایبه‌تی خۆیه‌ هه‌یه،‌ له‌وانه‌ ژووری بازرگانیی نیشتمانیی ئه‌مریكا (له‌ ساڵی ١٩١٢ دامه‌زراوه‌) گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵه‌ی بازرگانییه‌ له‌ جیهاندا و ژووری بازرگانیی نیشتمانیی ئه‌مریكا نزیكه‌ی 1500 ژووری بازرگانی ویلایه‌تی و ناوخۆیی به‌ پسپۆڕانی سیاسه‌ت و پارێزه‌ران و په‌یامنێرانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له‌ واشنتۆن ده‌كه‌ن.

ژووری بازرگانیی ئه‌مریكی نوێنه‌رایه‌تیی ٣ ملیۆن كۆمپانیا ده‌كات

له‌ هه‌رێمی كوردستانیشدا، ژووری بارزگانی ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ بۆ ڕێكخستن و په‌ره‌پێدانی چالاكییه‌ بازرگانییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی خۆیدا و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئه‌م چالاكییه‌ له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووریدا، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ژووری بارزگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر كه‌ ئه‌زموونی هه‌شت ساڵ ئه‌ندامییه‌تیم له‌و ژووره‌ هه‌یه‌ به‌ پێویست ده‌زانم ڕای خۆم له‌م باره‌یه‌وه‌ بخه‌مه‌ ڕوو:

سه‌ره‌تا پێویسته‌ گرنگی به‌ خوێنی تازه‌ بده‌ین له‌ناو بارزگانه‌ لاوه‌كاندا، وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدان له‌ بیرۆكه‌ بازرگانیه‌كانی گه‌نجان بكه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ بچووكه‌كانیان هه‌بوو ده‌ستیان بگرین، چونكه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگاكان له‌سه‌ر بنه‌مای ئابوورییه‌كی به‌هێز سوودبه‌خش ده‌بێ و خولی پێشه‌نگ كۆرسێكی بزنسی پراكتیكی و تیۆریه‌ بارزگانیه‌كان بۆ گه‌نجان بكه‌ینه‌وه،‌ تاكوو بتوانن بیرۆكه‌كانیان له‌ بیرۆكه‌وه‌ بگۆڕن بۆ كار و بازرگانی و پراكتیزه‌ی بكه‌ن كه‌ به‌ پاڵپشتی ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌ له‌ كۆلیژه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ كار و بارزگانییه‌وه‌ هه‌یه.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ ژووری بارزگانی له‌ داهاتوودا كار بكات بۆ ئاماده‌كردنی توێژینه‌وه‌ی ئابووری و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر بازاڕ بۆ زۆر له‌ كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی دۆخی بازاڕ بۆ یارمه‌تیدان له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م كه‌رته‌ گرنگه‌ ده‌بێته‌وه‌ و‌ كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌.

هەروەها ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پێشانگا‌ و كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌لی هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردن، دۆزینه‌وه‌ی ئامرازی گونجاو بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌نێوان هه‌نارده‌كاران و هاورده‌كاران، كاركردن بۆ سنوورداركردنی ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان كه‌ له‌ناو پارێزگادا به‌رده‌سته‌، چاودێریكردنی ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ ئاسته‌نگن بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ پارێزگاكاندا و خستنه‌ڕووی پێشنیاره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، ئه‌نجامدانی ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامان به‌ دابینكردنی بیمه‌ی گرووپ و دابینكردنی چاودێریی ته‌ندروستی بۆیان.

هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك خاڵ هه‌ن كه‌ گرنگه‌ ژووری بارزگانی له‌ داهاتوودا بایه‌خیان پێ بدات بۆ پێشخستنی ڕه‌وتی بارزگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وانیش:

1- پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و ڕاوێژكاری ته‌كنیكی بۆ بازرگانان و دامه‌زراوه‌ بازرگانییه‌كان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوون و زانیاری له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ بازرگانی دەكەن.

2- ڕاهێنانی كرێكاران له‌ بواری بازرگانی و هۆشیاركردنه‌وه‌یان و ئه‌نجامدانی سیمینار.

3- به‌شداریكردن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ گشتییه‌كانی به‌رده‌م بازرگانی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ باج و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌.

4- دیراسه‌كردنی كاره‌كانی هاورده‌ و هه‌نارده‌ و دراو و په‌یوه‌ندییان به‌ كاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنانی ناوخۆیی و پێشكه‌شكردنی پێشنیاره‌كانیان بۆ لایه‌نی به‌رپرسیار.

5- پشتڕاستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان كه‌رتی بازرگانیی گشتی و تایبه‌ت و دروستكردنی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كگرتن له‌نێوانیاندا.

6- په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ژوور و ژووره‌كانی تری ناوچه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌ هه‌رێمه‌كان.

7- ده‌ركردنی بڕوانامه‌ی بازرگانی.

8- دروستكردن و به‌ڕێوه‌بردنی بازاڕ و پێشانگاكان به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

9- ده‌ركردنی فرۆشگا و بروشور و گۆڤاری وه‌رزی كه‌ توێژینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی په‌یوه‌ست به‌ چالاكی بازرگانی له‌خۆ ده‌گرێت.

10- پێكهێنانی به‌ش و لێژنه‌ی تایبه‌ت كه‌ كرێكاران له‌ چالاكی هاوشێوه‌دا كۆ بكاته‌وه‌.

11- به‌ گرنگییه‌وه‌ ئاسانكاری بكرێت بۆ داواكاریی كۆمپانیاكان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناوی بازرگانی، ژووری بارزگانی له‌ داهاتوودا پێویسته‌ كار بۆ پاراستنی مافی كۆمپانیاكان له‌ ناوه‌كانیان و دووباره‌نه‌كردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی دیكه‌ بكات.

12- یارمه‌تیی رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان بكرێت به‌تایبه‌ت له‌ كاتی ته‌نگاندا.

 

(نیاز یوسف محەمەد)
بڕوانامه‌ی به‌كالۆریوس له‌ كارگێری كار
8 ساڵ ئه‌ندام له‌ ژووری بارزگانیی و پیشه‌سازی هه‌ولێر