لە ناوچەی هوانەی شاری سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان چەند کەسێکدا دروست بووە، پێنج کەس بەھۆی شەڕەکەوە بریندار بوون لەنێو بریندارەکاندا منداڵێک بە سەختی بریندار بووە، ھێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، کاتژمێر 2 و 50 خولەكی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 21/11/2023، لە نزیک بازاڕێکی ناوچەی هوانەی سلێمانی، لەنێوان چەند گەنجێکدا بە دەمانچە و کڵاشینکۆف شەڕ دروست بوو، بەهۆی شەڕەكەوە پێنج کەس بە سەختی بریندار بوون و یەکێک لە بریندارەکان منداڵێکە، ئێستاش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی.
ئێستا ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گەیشتووەنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی دروستبوونی شەڕەکە و خاوەن چەکەکان دەکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا تەقەکەرەکان دەستگیر نەکراون.