كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کفری.. چوارەمین دیداری هونەر و ئاشتی بەڕێوە دەچێت

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی 11ی 2023، ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی، چوارەمین دیداری هونەر و ئاشتیی کفری، بە ئامادەبوونی خەڵكی ئاسایی، ڕۆشنبیران، شانۆکاران، هونەرمەندان، گرووپی هەڵپەڕکێ لە هەرێمی كوردستان کوردستان و عێراق، لە شاری کفری رێك بخات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.

لەبارەی ئەو دیدارەدا (باسنیوز) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ زیاد فائق رۆستەم، بەڕێوەبەری دیدارەکە و ڕێکخەری پرۆژەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی لە گەرمیاندا كردووە و رایدەگەیەنێ، کۆمەڵێک چالاکیی جیاواز و شانۆ و فیلمی بەڵگەنامەیی بۆ نمایش دەستنیشان كراون.

(باسنیوز): بڕیارە (چوارەمین دیداری هونەر و ئاشتیی کفری) لە شاری کفری رێك بخرێت، ئامادەکارییەكان چۆنن؟

زیاد فائق: ماوەی سێ ساڵە، لە مانگی 2ی هەموو ساڵێکدا، ڕێکخراوی هاوکاریس ئەڵمانی ئەم دیدارە،، کە تایبەتە بە کفری لە شاری کفری رێك دەخات، بەڵام ئەمساڵ کە چوارەمین ساڵە، بەهۆی هەندێک کاری تەکنیکییەوە، بڕیارمان دا دیدارەکە لە مانگی 11دا ساز بکەین، بۆ ئامادەکردنیشی، هەموو ساڵێ شێوازی کارەکەمان لە رووی پانێڵ و بڕگەكانی دیكەوە جیاواز دەبێت، بەڵام هەڵگری هەمان پەیامن، هەموو ساڵێ بەمەبەستی سەرخستنی کارەکەمان کۆمەڵێک لە گەنجانی شارەکە و چالاکوانان و هونەرمەندان، خۆبەخشانە پشتیوانییمان دەکەن، بۆ دیداری ئەمساڵیش، ماوەی یەک مانگە دەستمان بە ئامادەکردنی ئەو شوێنانە كردووە، کە دیدارەکەی تیادا دەكرێت، هەروەها ئامادەکارییمان بۆ پێشوازیکردن لە میوانەکان و بەشداربووان و دابینكردنی هەموو شتێک كردووە، وەك ژەمەکانی خواردن، شوێنی مانەوە و ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوە، هەموو تێچووەكەیشی لەسەر ڕێکخراوی هاوکارسی ئەڵمانییە و نزیکەی 35- 40 ملیۆن دینار بۆ خەرجییەكان تەرخان کراوە، هەموو ئامادەکارییەک بۆ دەسپێکردنی دیداری ئەمساڵ کراوە.

(باسنیوز): میوانان و ئامادەبوان و بەشداربووانی دیدارەکە لە كوێوە دێن؟

زیاد فائق: میوانان و بەشداربووانی بڕگە هونەری و چالاکییەکان، جگە لە دەڤەری گەرمیان، تێکەڵەن لە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی، کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵاتەوە بۆ دیدارەکە دێن بۆ شاری کفری.

(باسنیوز): دیدارەکە چەند ڕۆژ بەردەوام دەبێ و چالاكییەكان چین؟

زیاد فائق: دیدارەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێ و لە دوا نیوەڕۆی سبەینێ سێشەممە 21ی 11ی 2023 دەست پێدەکات و تا ڕۆژانی 22 و 23 ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کار و چالاکییەکان بەسەر ڕۆژەکاندا دابەش کراون، کە هەر ڕۆژێک و لە شوێنێک، یان چەند شوێنێک لە کاتە جیاوازەکاندا بەڕێوە دەچن، وەک (هۆڵی شەهید دکتۆر ئاتیلا- پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری، هۆڵی ڕۆشنبیریی کفری، هۆڵی کۆلێژی تەکنیکیی کفری، گۆڕەپانی سەرای کفری )،تیایاندا مەقام و بەستە پێشکەش دەکرێن، فیلمی بەڵگەنامەیی (شاری بەرەبەیانی مێژوو) نمایش دەكرێ، بەهۆی هەبوونی هەر سێ نەتەوە لە کفری، هەڵپەڕکێی کوردی و عەرەبی و تورکمانی پێشكەش دەكرێ، پانێڵی مەقاماتی ڕەسەن، نمایشی شانۆی هۆڵ، پانێڵی ژینگەپارێزی، پێشانگای شێوەکاری، پێشاندانی دیمەنی چەند شوێنەوارێکی مێژوویی شاری کفری بە ئامادەبووان، شەوێک بۆ عیرفان، نمایشی شانۆی شەقام، نمایشی بەرهەمی گرووپی میوزیک، نمایشی خواردنە کوردەوارییەکان بەدەستی خانمانی شاری کفری، هەموو ئەم چالاكییانە پێشكەش دەكرێن.

(باسنیوز): مەبەستتان لە سازکردنی ئەم دیدارە چییە و خەڵک چۆن پێشوازیی لێ دەکات؟

زیاد فائق: مەبەستمان لە ڕێکخستنی ئەم دیدارە ئەوەیە، پەیامی ئاشتی بگەیەنینە سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق، هەروەها ئامادەبووان و بەشداربووانی عەرەب و تورکمان و مەسیحی بە کولتوور و هونەری کوردی ئاشنا بکەینەوە، خۆشبەختانە ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵێک، ئامادەبووان و بەشداربووان بە گەرمی پێشوازیی لە دیدارەکە دەکەن و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئێوارەی ئەمڕۆ دەكەن و ئامادەی دەستپێکردنی دیدارەکە دەبن، بەدڵنیاییەوە بۆ ساڵی داهاتووش پلانی جیاوازتر و جوانترمان دەبێت.

 

No description available.

No description available.