كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نەخۆشخانەی شیفای كەرتی غەززە بە نەخۆش و كارمەندەكانی چۆڵ دەكرێت

هێزە ئیسرائیلییەكان دەیانەوێ بچنە ناو تونێلەكانی حەماسەوە

بە فەرمانی سوپای ئیسرائیل، سەدان نەخۆش و كارمەند لە نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە براونەتە دەرەوە و نەخۆشخانەكە بە نەخۆش و كارمەندەكانی چۆڵ دەكرێت. ئەوەش بە ئامانجی چوونە ناو تونێلی چەكدارانی حەماس، كە بە گوتەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە ژێرەوەی نەخۆشخانەكەدایە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دووپاتی کردووەتەوە، کە سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بنکە تەندروستییەکەی داوە و چەند ڕۆژێکیشە بە تانکەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەكە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە.

بەپێی زانیارییەكانی كەرتی تەندروستیی غەززەش، “هێشتا 120 بریندار لە نەخۆشخانەكەدا ماون، كە لەنێویاندا کۆرپەلەش هەیە.“

بەڵام، نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی، کە هێشتا لە نەخۆشخانەكەدا ماون، بە نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس خەمڵاندووە.
لەمبارەوە، ڕۆژنامەنووسێک، کە هاوکاریی ئاژانسی (فرانس پرێس) دەکات، ئاماژەی بەوە داوە، كە منداڵ و ژن و پیاوی بینیوە، کە هەندێکیان بریندار بوون، یان ئەندامەکانیان بڕاوە، بەرەو باشوور و شەقامی سەڵاحەدین لە كەرتی غەززە هەڵهاتوون، رۆژنامەنووسەكە ئاماژەی بەوەش داوە، تاوەكوو ئێستا هیچ ئامبوڵانسێک بەشداریی لە پرۆسەی چۆڵکردنەکەدا نەکردووە.

نەخۆشخانەی شیفا، کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە کەرتی غەززە، بووەتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەكان، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە سوپای ئیسرائیل حەماس بەوە تۆمەتبار دەكات، كە ئەو نەخۆشخانەیەی وەکوو ناوەندێکی سەرکردایەتی بەکار هێناوە و لەژێر زەمینەكانیدا تونێل هەیە و چەكدارانی حەماس لەو تونێلانەوە ئامادەكارییان بۆ هێرشەكەی سەر ئیسرائیل كردووە.

جێی باسە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا و لە کاتی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە، سەربازانی ئیسرائیل چەند بەشێکی نەخۆشخانەكەیان تەقاندەوە، لەنێویاندا نهۆمی خوارەوەی بەشی نەشتەرگەرییەکان بەتەواوی وێران بووە.نەخۆشخانەی شیفای كەرتی غەززە بە نەخۆش و كارمەندەكانی چۆڵ دەكرێت.