ئێستا وەرزی دروێنەی مەرەزەی برنجی شەش مانگەیە، جووتیارێكی دەڤەری هەریر، باس لە جیاوازییەكانی برنجی خۆماڵی و برنجی هاوردە و دەستكرد دەكات.
كارزان سەباح، لە باوانییەوە پیشەی مەرەزەیی بۆ ماوەتەوە، سەرباری كاری پێشمەرگەیاتی، لە دەڤەری هەریر و باتاس، خەریكی مەرەزەیە، ئەو بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوە كرد، كە لە دەڤەرەكەیان ئێستا وەرزی دروێنەی مەرەزەی برنجە، بە تایبەتی برنجی سەدریی شەش مانگی، ئەویش دوو جۆری هەیە، جۆرێكی خڕە و پێی دەگوترێت شەش مانگیی بێ بۆن، جۆرێكی دیكەیشی هەیە بۆندارە، بەڵام ئێستا زۆر جۆری تۆو پەیدا بوون، پێیان دەگوترێت (تەحالوف)، كە بە ناوەكەی دیارە لەلایەن هاوپەیمانانەوە هاتووە.
ئەو جووتیارە ئەوەشی روون كردەوە، كە برنجی (تەحالوف)یش چەند جۆری هەیە، وەك پێنج مانگیی میسڕی، شەش مانگی و جۆرێكی دیكەیشی هەیە درشتترە، ”بە گشتی لە كوردستان زۆر جۆری برنج دەچێندرێت، ئێستا جۆرە برنجێك هاتووە، هاوشێوەی برنجە دەنگ درێژەكانی بازاڕە، بەڵام بۆندارە.“
لە دەشتی هەریر و باتاس سەر لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ هەر دۆنمێك زەوی، نزیكەی 18 تەنەكە برنج دەچێندرێت، هەر تەنەكەیەكیش نزیكەی 70 تەنەكە برنج دەهێنێتەوە، واتا هەر دۆنمێك هەزار و 260 تەنەكە برنج بەرهەم دەدات. ئەو دەشڵێت: ”ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ گرنگیی بە مەرەزە بدات و رێڕەوی ئاو دابین بكات، كوردستان بەرهەمی برنجی خۆی هەناردەی دەرەوە دەكات، بەڵام گرفتەكە ئاوە، بۆ نموونە، زێی بادینان بەخۆڕایی دەڕوا، ئەگەر بەنداوی لەسەر دروست بكرێ و جۆگەلەی لێ دروست بكرێت و دابەش بكرێتە سەر زەوییەكان، بێ گومان برنج هەناردەش دەكرێت، ئێستا برنج بە ئاوی كانی دەكرێت.“
كارزان سەباح، باسی لەوەش كرد، كە ئەمساڵ نرخی برنج لەچاو ساڵی پار گرانترە، ساڵی پار برنجی سەدری تەنەكەی بە 45 هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام ئەمساڵ نرخی گەیشتووەتە 75 هەزار دینار، كیلۆی زیاتر لە پێنج هەزار رادەوەستێت، هۆكاری گرانبوونەكەیشی بۆ ئەوە گەڕێتەوە، كە ئەمساڵ مانگی حەوت، بەهۆی گەرماوە ئاوی بەشێك لە كانییەكان نەما، بەو هۆیەوەش لە دەڤەری باتاس زۆر لە جووتیارەكان زیانیان بەركەوت و بەشێكیشیان ئاژەڵیان بردە ناو مەرەزەكە و پێش ئەوەی بە تەواوی لەناو بچێت، كردییان بە لەوەڕگە.“
جێی باسە، یەكەی پێوانەكردنی برنج لەو ناوچەیەدا بە تەنەكەیە، كە هەر تەنەكەیەك دەوروبەری 15 كیلۆ دەردەچێت، بەمەش كیلۆی برنجی سەدری كە پێشتر سێ هەزار دینار بوو، گران بووە و گەیشتووەتە پێنج هەزار دینار.
ئەو جووتیارە ئەوەیشی نەشاردەوە، كە متمانەی بەو برنجە هاوردەكراوانە نییە، باسیشی لە جیاوازیی نێوان برنجی خۆماڵی و برنجی هاوردە و ساختە كرد، كە برنجێكی هاوردەكراو و برنجێكی سروشتی خۆماڵی بە یەك شێوە لێ بنرێت، دەبینیت برنجی خۆماڵی پووشێك، یان پارچە دارێكی هەر تێدایە، برنجی خۆماڵی ئاوەكەی كەف دەكات، لە كاتی رۆن بەسەرداكردنیشدا برنجی خۆماڵی رۆنەكە هەڵدەمژێت و لەناو خۆی هەڵی دەگرێت، بەڵام برنجی ساختە و هاوردەكراو، رۆنەكە دەچێتە بنی مەنجەڵ و كۆ دەبێتەوە، دەشڵێت: ”مانای نییە، لەو هەموو برنجەی یەك دەنكە پووشی تێدا نییە، یان لە كاتی لەئاشكردنی، ئەو خەتە سوورەی بە كووچەڵەكەی بەستراوەتەوە، نامێنێ، دەنكە كووچەڵێكی تێدا نییە، برنجی ساختە 90%ی رۆنەكەی لە بنی مەنجەڵ كۆ دەبێتەوە.“