بانکی ناوەندیی عێراق ڕێككەوتنی لەگەڵ بانكەكانی توركیا بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ بانكە عێراقییەكان ڕاگەیاند، کە ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكات و نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دادەبەزێنێ.
سەرچاوەیەك لە بانكی ناوەندیی عێراق بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕاگەیاند: "بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بانکەکانی تورکیا ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی هەژمار بۆ بانکەکانی عێراق کراوە."
ئاماژە بەوەش کراوە ڕێککەوتنەکە بە مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی و بەرزکردنەوەی باڵانسەکانە بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی..
سەرچاوەکە ئاشكراشی كردووە، بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی گرتووەتەبەر، كە بەهۆیەوە كاریگەری لەسەر بەهای دۆلار دەبێت و نرخەكەی دادەبەزێنێت.
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، ڕێککەوتنەکەی بانكی ناوەندیی عێراق و بانكەكانی توركیا ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا دەکات و بازرگانانی کوردستان و عێراق کێشەی زۆریان لە کۆڵ دەبێتەوە.
تورکیا هاوبەشی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئەم بڕیار کاریگەری دەبێت لە دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، بانكی ناوەندیی عێراق ئەنجامی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕاگەیاند و 10 بانكی عێراقیش زیاد كراون بۆ پێدانی دۆلار و ڕێژەی حەواڵەی دۆلار زیاد دەكرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو ڕێككەوتن و ڕێكارانە نرخی دۆلار بەرزە و بەردەوامە لە هەڵبەز و دابەز.
بەگشتی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە و بەهاكەی لە بازاڕ ناجێگیرە، ئەمڕۆش بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 160 هەزار دینار.