بەربژێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ڕایدەگەیەنێت، زۆر گەشبینە كە پارتی لەم هەڵبژاردنە نەك هەر سەردەكەوێ، پۆستی پارێزگاریش دەباتەوە. دەشڵێت: ”بە هیچ شێوەیەك پرۆسەی تەعریب و هاوردەکردن ناتوانێ دەنگی کورد بشارێتەوە، چونكە ئەو شارەی هی كوردستانە و كورد لەو شارە زۆرینەی رەهای پێكهێناوە و وا بەئاسانی ناتوانرێ كەم بكرێتەوە.“
هاشم ئەمین رۆژبەیانی، بەربژێری ژمارە (٢٣)ی لیستی ١٩٧ی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لەم گفتوگۆ تایبەتەی (باسنیوز)دا، سەبارەت بە هۆكاری خۆبەربژێركردنی لەسەر لیستی پارتی ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان لەو خۆبەربژێركردنە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی شاری کەرکووک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە، کە لە دام و دەزگا ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزاییەکان لە هەموو شارۆچکە و گەڕەکە کوردییەكاندا هەیە.
رۆژبەیانی گوتیشی: ”خۆ بەربژێركردنیشم لەسەر ئەو لیستە، پەیوەندیی بە رابردوو، مێژوو و خەبات و قوربانیدانی پارتییەوە هەیە، كە هیچ درێغیی نەكردووە بۆ كورد و كوردستان و بەتایبەتی بۆ شاری كەركووك، تەنانەت قوربانیی گەورەی بە خۆی داوە، تاوەكوو كورد و كوردستان لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بێت، هەر بۆیەش لە هەر شوێنێك پارتی دەسەڵاتدار بێت، ئەو شوێنە ئاوەدان و پارێزراوە.“
هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە
ئەو بەربژێرەی پارتی، كە كوڕی شەهید (ئەمین شاوێس)ە، پێی وایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد و كەركووكییەكان پڕ لە ئومێدی گەورەیە، چونكە لە ئێستاوە دیارە كە حزبی پارێزەر و شەهیدان، ئەو حزبەی كردەوەكانی ئەو پرەنسیپەی سەلماندووە، كە كەركووك دڵی كوردستانە، سەردەكەوێ، گوتی: ”بۆ ئێمەی بەربژێران، بە دڵنیاییەوە ئەوەی لە تواناماندا هەبێت درێغی ناكەین و هەر ئەوەش وای كردووە جێگای متمانە و هاوبەشی هەموو ناخۆشی و خۆشییەكانی خەڵکی شاری خۆمان بین، بێگومان بە سەركەوتمان هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ راگرتنی تەعریب و ئەو دۆخەی لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ كەركووك دروست بووە، هەر ئەوەش وای كردووە وەک هەر یەک لە بەربژێرەکانی دیكە، هەوڵی شێواندن و تێکدانی پۆستەرەکانی منیش بدرێ، رابردووی پارتیمان تا ئێستا شاهێدیی بۆ ئەوە دەدات، هەمیشە هەوڵی بەرهەڵستکردن و دانانی ئاستەنگ لەسەر رێمان دراوە، بەڵام ئەمە ئیرادەی ئێمەیە و حزبی خۆڕاگر لاواز ناکات.“
”سەر بكەوم زۆر پڕۆژەی گەورەم هەیە“
هاشم ئەمین رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دەڵێت: ”ئەگەر لەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەر بكەوم، زۆر پڕۆژەی گەورە هەیە.“
دەشڵێت: ”یەكەم پرۆژەی سەرەکیی من بریتییە لە خزمەتکردنی خانەوادەی شەهیدان، وەک کوڕەشەهیدێک ئەمە لە پێشینەی پرۆژەکانمە، دواتریش دامەزراندنی گەنجان و یارمەتیدانی خەڵکی کەرکووک، لە رابردووی منەوە تا ئێستا خەڵكێكی زۆر شاهێدن کە پرۆژەی داهاتووم جێبەجێ دەكەم، چونكە كاری من خزمەتکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییە، بەتایبەتی بۆ گوند و ناوچە دوورەدەستەکان و دەستگرتنی جووتیارەکانی کەرکووک و زۆر پرۆژەی دیكە، کە هەمیشە کارمان لەسەر کردووە و بەردەوام دەبین.“
”زۆر گەشبینم بە داهاتووی كەركووك“
ئەو بەربژێرەی پارتی، بە ئومێدی زۆرەوە ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان زۆر گەشبینن بە داهاتووی كەركووك، چونكە رۆژ بە رۆژ پارتی بەهێزتر دەبێت، بەهێزبوونی پارتییش واتا بەهێزبوونی كورد و كوردستان و پارێزگاریكردن لە مافی هەموو پێكهاتەكانی دیكە، هەر لەبەرئەوەشە كە پارتی ئەمجارەیان لە كەركووك دەنگێكی یەگجار زۆر دەهێنێت و ”لەو بڕوایەدام بتوانین پۆستی پارێزگاری شارەكە وەربگرین.“
دەشڵێت: ”بەدەستهینانی دەنگێکی زۆری پارتی و کورد لە کەرکووک، بەڵگەن لەسەر ئەوەی پرۆسەی تەعریبکردن و هاوردەکردن ناتوانێ دەنگی کورد بشارێتەوە، لەبەرئەوە دەنگدان بە پارتی كاریگەریی گەورەی هەیە و دەتوانرێ پڕۆسەی تەعریب رابگرێت و شوێنەوارەكانی ئەو پڕۆسەیە نەهێڵێت، چونكە سەرکەوتنی پارتی واتا هێز، دەسەڵات، خزمەتگوزاری، گۆڕانکاری، ئاوەدانی، بەرپابوونی ئاشتەوایی و هاوبەشی، چەندەها نموونەی سەرکەوتنی پارتی ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە هەر شوێنێک پارتی بەڕێوەی بەرێت، واتا خۆشگوزەرانی، واتا بنیاتنانی پەیوەندیی برایانە لەنێوان هەموو چین و توێژە جیاوازەکان كە ئەوەش هۆکارێکی کاریگەرە بۆ وەستانی پرۆسەی بەعەرەبکرنی شارەکە و تێکدانی ناسنامەی کورد لە شارەکە و ئەو تەعریبە زۆرەی لەدوای ١٦ ئۆكتۆبەر دەستی پێكردووە.“