دوو پەناخواز، لە دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە سنووری بێلاڕووس و لەبەر سەرمابردوویی، گیانیان لەدەست دا.
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ئیسماعیل دارابی و هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی ئەهواز، بەهۆی سەرمابردوویی و شەختەلێدانەوە، لە سنوورەکانی بێلاڕووس گیانیان لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئیسماعیل دارابی، پەنابەری تەمەن 32 ساڵ و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان، هەروەها پەنابەرێکی دیکەی عەرەبی خەڵکی ئەهواز، لە سنوورەکانی بیلاڕووس، بەهۆی سەرمابردوویی و شەختەلێدانەوە گیانیان لەدەست داوە.
تەرمی ئەو دوو پەنابەرە لە کاتێکدا دۆزراونەتەوە، کە بەهۆی بەفربارینێکی زۆر لەسەر سنووری بێلاڕووس گیریان خواردبوو و بەهۆی سەرما و کڕێوەی زۆرەوە توانای جووڵەیان نەمابووە و گیانیان لەدەست داوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە پەناخوازانی گیرخواردوو لە سنووری بیلاڕووس بڵاویان کردووەتەوە، لە خەڵک دەپاڕێنەوە، کە بە مەبەستی گەیشتن بۆ ئەورووپا، خۆیان لەو ڕێگایە نەدەن.