كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
عوسمان ڕانیه‌یی 29/10/2023

یا پیرى زەنبیلى، مەدەد

٧


لەسەر سفرەى نانی بەیانی بووین، کاتێک دکتۆر سمایلى سەرکاروانمان ڕووگەى چوونى داهاتوومانى بۆ درکاندین، دیار بوو کە مەزارگەى ساداتى زەنبیلى لەبەرچاو گرتبوو، ئێمەش زۆر کەیفمان بەو پێشنیارەى هات، دواى ماڵئاوایی لە دۆستانى خانەخوێى شەومان، کەوتینە ڕێ و بەدەم ڕێگاوە لەسەر زارى هونەرمەندى نەمر مامۆستا (حەسەن زیرەک) لەبەرخۆمانەوە کەوتینە گوتنەوەى گۆرانییە خۆشەکەى (لەو دەمەى ڕۆژ دەگاتە ئێوارە.. بڕوانه‌ باغی زه‌نبیل جوان دیاره‌)... و هتد...

ئێمە لەو هەوا و کەیفسازییەدا بووین، کاتێک لە دووڕیانێک ماشێنمان بەرەو بەرزایی و دۆڵێک پێچی کردەوە و کەمێک بەرەو ژوور سەرکەوتین و لە گۆڕەپانێک وەستاین، لە سەروومانەوە حەوش و حەسارێکى سەر سەوزمان لێ بەدیار کەوت، ئەوە تەکییە و مەزارگەى سەیدانى زەنبیل بوو.

سێ کەس بەدواى یەکتردا، بە چەند پلیکاندا سەرکەوتین، لە دەرگایەکى دوودەرى، کە لقى دار گوێزێکى پیرەساڵ سێبەرى خستبووە سەرى، وەژوورێ کەوتین، یەکڕاست لەبەردەم پیاوێکى بەساڵاچووى شەدە بەسەرى پۆشاک کوردیى وەستاین، ئەو لەسەر کورسییەک لەبن سێبەرى ئەو دارگوێزە دانیشتبوو، وەک خۆى فەرمووى، پێشى نیو سەدە بە دەستى خۆى لە حەوشەى مزگەوت و خانەقاى زەنبیل، لە سەردەمى (نوورانی)دا چاندوویەتى.

ئەو پیاوە گفت و زمان شیرینە خەلیفە (عەزیز پەنجەیی) مەهابادى بوو، تاوێک لە خزمەتى دانیشتین و گفتوگۆیەکى خۆشمان لەمەڕ ڕۆژگارى نوورانى و تەریقەت و میواندارى و بارودۆخى ئەوساى بڕوادارى هێنایە گۆڕێ.
ئینجا بانگى یەک دوانێک لە خزمەتکارەکانى کرد دەرگاى مەزارگەمان بۆ بکەنەوە، فەرمووى لە ئێمەش کرد بچین فاتیحایەک لەسەر گۆڕى خوالێخۆشبوان بخوێنین.

مرۆڤ بە بینینى وەها شوێنێک، دووچارى دۆخێکى هەستیارى و ڕۆحیى تایبەت دەبێت، کاتێک دەبینى چەندین کەسایەتیى ناودار و پیاوانى ڕۆژگارى خۆیان، چۆن خامۆش و بێدەنگ لەژێر خاکدا نێژراون و لەودیو دەرگا داخراوەکان بێدەنگ ماون، لە کاتێکدا ئەوان تەنیا بە جووڵەکردنێکیان، دار و بەرد و سەدان کەسیان دەهێنایە جۆش، ئیتر ئەوەیە سووڕى ژیان، یەکێک دەڕوا و یەکێک دێت.
وەک ئەوەى حاجى قادرى شاعیر دەفەرمووێ: (مردن و ژین میسلى سێبەر و تاوە - ئەوى باقى بمێنێت هەر ناوە). نزیک بە کاتژمێرێک لەو جێگە دڵنشینە ماینەوە و چەند وێنەیەکى یادگاریمان چرکاند، پاشان خاترخواستنمان لە ئامادەبوان کرد.

ئەودەمەى کەوتینەوە ڕێ، ڕۆژ لە نیوەیدا بوو، هاتینەوە سەر ڕێگەى سەرەکى و بە ئاراستەى گوندەکانى (خوڵاماڵێ و دەوڵەتئاوا و لاسە گوڵان و قزڵ گونبەد و دەروێشان و قەرەداغ و هەمزاوا و گڵێنان و گراوێ و شارەزوور و یاڵتەمر و کانى سێو) بەڕێ کەوتین، لە یاڵتەمر ماڵى کاک سمایلى هاوسەفەرمان شووشەیەک (ئاوى جاترە)ى کوێستانیان بەدیارى پێ دام، سوپاسیان دەکەم.

دواجار هاتینەوە بەرەو شارى مەهابادى ئازیز، بۆ نێوەڕۆ دەعوەتى کاک سەید مستەفا بووین، لە خواردنگەى (حاتەم) چڵاوکەبابێکى حاتەمییانەمان خوارد. ماوەى ئەو گەشتە کوێستانییەمان شەو و ڕۆژێکى خایاند. جێى خۆیەتى زۆر سوپاسى هەموو ئەو کەس و خوشک و برا ئازیزانە بکەم، کە بە هەر شێوەیەک هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون.

شنۆ

دەڵێن برادەرى باش برادەرى باش دێنێ، ئەمە بۆ منیش وابوو، لەم سەفەرمدا بەهۆى برادەرى ئازیزم دکتۆر مستەفازادە، کۆمەڵێک کەسى باش و بەڕێزم ناسین. ئەو ڕۆژى بڕیار بوو بگەڕێمەوە بۆ باشوور، دکتۆر فەرموویان مەڕۆ، چونکە ئەوڕۆ لە شنۆیەڕا برادەرێکى بەڕێزم دێتە مەهاباد و کتێب دەگەڵ خۆى دێنێت، داواکەیم قبووڵ کرد، هەو بوو میوانى ئازیزمان کاک (شەفیع) بە خۆی و کتێبە بەنرخە تازە چاپکراوەکەى (خاتراتى وەفایی) تەشریفیان هات، دواى گەیشتن و بەخێرهێنان، پێکەوە بووینە ئاشنا، کە دەتگوت ١٠ ساڵە یەکتر دەناسین، کورد گۆتەنى (بەدەردى یەکترمان دەخوارد.)

کاروبارەکانى مەهابادمان تەواو کرد، هەوا گەرمی کردبوو، بڕیارمان دا بۆ حەسانەوە بچینە جێیەکى فێنک، بۆ ئەوەش قەراخ چۆمى سابڵاخ و باغى میکایل باشترین شوێنە، ڕۆیشتین و لەبن سێبەرى شۆڕەبییان کورسیمان دانان، ئەوسا بووینە چوارقۆڵی، دوو مەهابادى و هەولێرییەك و شنۆییەک، تاوێکى باش دانیشتین و چەندین سەربوردەى ژیانمان لەگەڵ باس و خواسى ڕۆژگار گێڕانەوە.

لەو نێوەدا بیرۆکەیەک دروست بوو، کە بۆچى من لەگەڵ کاک شەفیع نەچمە شنۆیە و ئەو شەوە میوانى ئەو نەبم، جا دوایە بگەڕێمەوە باشوور، هەموومان پێمان باش بوو ئەو کارە بکرێت، هەر واشمان کرد. دواى خاترخواستن لە دۆستانى ئازیزم لە سابڵاغ وەڕێ کەوتین، بەدرێژایی ڕێگە بەناو دیمەنى جوانى سەوزایی مەزرا و کێڵگە و ڕەز و باغەکان گوزەرمان کرد، دەمەوعەسرانێک گەیشتینە شارى ئازیزى شنۆ.

ئەوە دووەم جارم بوو ئەو شارە ببینم، سەفەرێکیان بە ڕاگوزارى و ئەمجارەشیان بە میوانى، لە سەفەرى یەکەمدا تەنیا ئەوەم لەبیر ماوە، لە دەروازەى شار لەسەر تابلۆیەک نووسرابوو (بەخێربێن بۆ شارى گێلاس)، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆى خانەخوێى بەڕێزم، گەلێک جێگەى ناوشار و دەرەوەى چووین، خۆشترین جێگەش کە دیتم، ناوچە کوێستانییەکانى سەرووى شار بوون، لەگەڵ هەندێک شوێن و دێهاتى سەر ڕێگە؛ (کۆل بێرى مەلای، گەڵاز، بەردەمێش، هەوارى جەمیل بەگ، کانی ماسى، چل ئاشان) و ڕەزوباخەکانى ئەو گوندە جوانەى كوردستان.

ئەو کاتەى ئێمە گەیشتینێ، کوڕوکاڵ و ماڵباتى کاک فاخیر خەریکى دروێنەى گیاوگۆڵى قەدپاڵى چیا و ناو ڕەز و باغەکانیان بوون، ئەوە بۆ من دیمەنێکى یەکجار جوان بوو، چونکێ کەمجارى وا هەبووە بگەمە ئەو شوێنانە، گیا تاوەکوو ناوقەدى پیاوى بێت، لەو چلەى تەمووزەدا پلەى گەرما نەگاتە ٢٠ پلە، هەروەها بە دەستى خۆت دەسکەنەى گوڵى ڕەنگاوڕەنگى کێوى بکەی و لەناو مەزرایە بە کەیفى خۆت تووى فەرەنگیى سوور و بەتام بچنی و بخۆى، مام هێمن گوتەنى (لەوە زیاتر جەنابى شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر؟)

ئیتر لەنێو ئەو کەیف و سەفا و خۆشییەدا، پڕ بە سییەکانم هەناسەى پاک و بێگەردم هەڵمژى و بە ئامێزێک گوڵى ڕەنگاوڕەنگ و بە دڵخۆشییەوە گەڕاینەوە بەرەو ماڵ، لە ڕێگە لە قاوەخانەیەکى هەوارگەى (قەڵاتۆک) لاماندا و چایەکى ئێوارانیمان نۆش کرد، پیرۆزباییشمان لەو تازە بووک و زاوایانە دەکرد، بۆ وێنەگرتنى هاوسەرییان هاتبوونە ئەو شوێنە دڵگیرە.

دواى ئەوە هاتینەوە ناوشار، هەندێک جێگە چووین و بڕێک دیارى و کەلوپەلمان کڕى و بەرەو ماڵ بووینەوە، لە حەوش و بانێکى فێنک نانى ئێوارەمان خوارد و بەدەم گێڕانەوەى چەندین قسەوباس، کاتێکى خۆشمان بەسەر برد، ئینجا لە ئامێزى شەوێکى فێنکدا، بە هیواى ڕۆژێکى تازە ڕۆ چووینە خەوێکى ئارام.

وەک هەر جارێک بەخت یاوەرم بوو، ئەوکایە زیاتریش لە جاران، چونکە لە دیوێک نووستبووم کتێبخانەیەکى ناوازەى تێدابوو، یان ڕاستتر بڵێم لەناو گوڵزارى کتێبان بووم، بەڵام چ کتێبگەلێك، هەموویان چەشنى گەنجینەى گەوهەر و مەرجان بوون، چەندین کتێب و دەستنووسى خوالێخۆشبوو جەنابى (قازى محەمەد خزرى شنۆیی) و دەیان پەرتووک و دیوانى شاعیران و گۆوار و سەرچاوەى جیاواز، توانیم لەو دەرفەتە کورتەدا، بەخێرایی چاوێک بەناو هەندێکیاندا بگێڕم.

لە ناویاندا پەرتووکى ڕۆژگارى ژیانی مەرحووم (مەلا کەریمى مودەریس- نامی) چەند لاپەڕەیەکم لێی خوێندەوە، کتێبێکى پڕبەها و بەنرخ بوو، بیرەوەرییەکانى ئەو زاتە پڕن لە پەند و ئامۆژگارى و بەسەرهاتى ڕاستەقینەى ژیان، کە بۆ مرۆڤ دەبن بە سەرمەشق و ڕێگا نیشاندەر. لەدوایین دوو دێڕى هۆنراوەیەکى مامۆستا مودەریسى مونەوەردا، لە پێشەکیى ئەو کتێبەیدا فەرموویانە:
پێویستی مەردە لە ڕووی جیهانا
بێدار بێ لە گشت ماوەی ژیانا
مەبەستی (نامی) لەو توول و عەرزە ئەوەیە، بۆ مەرد كەرامەت فەرزە.

تاکوو من خۆم ئامادە کرد و کەلوپەلم پێچایەوە، ماڵى خانەخوێى ئازیز سفرەیەکى ڕەنگینیان ڕاخست و نانێکى بەیانیى بەتام و خۆشمان خوارد. ئینجا کاکى شۆفێر هات و ساک و چەمەدانمان (جانتا) لە ماشێن بار کرد، مەرزى تەمەرچین خۆت بگرە هاتین. لە ڕێگە بەناو شارى پیرانشاردا گوزەرمان کرد، لەتەک ئەو شارە و خەڵکە ڕەسەنەکەیدا، چەندین بیرەوەریى خۆش و ناخۆش لە هزر و بیرمدا تۆمار کراون، یادى ئەوان ڕۆژانیش بەخێر.

دواى چەند کاتژمێرێک لە ڕۆیشتن و کاروبارى سنوور، هاتمەوە دیوى باشوور، دەمەوعەسر گەیشتمەوە ماڵێ لە هەولێر. بەم جۆرە کۆتاییم بە گەشتێکى نزیک بە دوو هەفتەیی هێنا، کە هەمووى بیرەوەریى خۆش و جوان بوون لەگەڵ خزم و دۆست و هاوڕێیانى زێدە ئازیزم، سوپاسى خۆشەویستى و میهرەبانیى هەموویان دەکەم. داواى لێبوردنیان لێ دەکەم لە هەر کەموکوڕییەک، یان ئەگەر بووبین بە ئەرک بەسەریانەوە، ماڵیان ئاوا و نیشتمانمان هەر ئاوەدان بێت.