كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حكوومەتی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەكی بۆ پەلەكردن لە ناردنەوەی پەنابەران پەسەند كرد

ئەمڕۆ چوارشەممە حكوومەتی ئەڵمانیا پرۆژەیاسایەكی پەسەند كرد بۆ پەلەكردن لە ناردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەكانیان.

بەپێی ماڵپەڕی تۆڕی (DW)ی ئەڵمانی، حکوومەتی ئەڵمانیا لەژێر فشارێكی توندی ئۆپۆزسیۆندایە سەبارەت بە پرسی کۆچبەری و پەنابەران، بەم هۆیەوە ئۆلاف شۆڵز راوێژكاری ئەڵمانیا داوایەكی بۆ پەلەكردن لە ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەریەتییەكانیان ڕەت کراوەتەوە، پێشكەشی حكوومەتەكەی كردبوو، ئەمڕۆ چوارشەممەش حکوومەتەکەی پڕۆژەیاسایەکی لەسەر ئەم بابەتە پەسەند کرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا، لە دانیشتنی هەفتانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی وایزەرەوە پێشکەش کرابوو بۆ خێراکردنی پرۆسەی ناردنەوەی پەنابەرە ڕەتکراوەکان بۆ وڵاتەكانیان.

پرۆژەیاساکە بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت بۆ درێژكردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی پەناخوازە ڕەتکراوەکان پێش دیپۆرتکردنەوەیان لە 10 ڕۆژەوە بۆ 28 ڕۆژ. هەروەها ئەوە لەخۆ دەگرێت كە پرۆسەی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران خێراتر و فرەوانتر بكرێت.

پرۆژەیاساکە ئەو دەسەڵاتە فراوانتر دەکات کە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دراوە و ڕێوشوێنی توندتر لە بەرامبەر قاچاخچییەكان دەگیرێتەبەر، هێشتا پڕۆژە یاساکە پێویستی بە پەسەندکردنە لە لایەن پەرلەمانەوە.

جێی باسە ناردنەوەی پەنابەران لە ئەڵمانیا، لەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٧% زیادی کردووە.