كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تیمێکی ئیتالی کنە و پشکنین بۆ شوێنەوارەکانی قەزای بەردەڕەش دەکەن

تیمێکی شوێنەواری ئیتالی بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کنە و پشکنین بۆ شوێنەوارەکانی سنووری قەزای بەردەڕەش دەکەن و چەندین پارچەی شوێنەواریان لەو سنوورە دۆزیوەتەوە.

عومەر حسێن شەریف، شوێنەوارناس لە بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ماوەیەکە تیمێکی شوێنەواری ئیتالی بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ کنە و پشکنین و هەڵکۆڵین بۆ شوێنەوارەکانی سنووری قەزای بەردەڕەش دەکەن کە ئێستا کار لەسەر شوێنەواری گردی ئاسنگەران لە گوندی جوجەری گەورە لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەکەن.

گوتیشی: توانیویانە چەندین پارچەی شوێنەواری کۆن لەو شوێنە بدۆزنەوە کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی بڕۆنزی بە ماوەیەک یەکێکە لە قۆناغەکانی پێش مێژوو، کە دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی 4000 ساڵ لەمەوبەر.

باسی لەوەش کرد: جگە لەو مێژووەی باسمان کرد چەندین پارچەی شوێنەواری نەتەوەکانی دیکە و سەردەمە جیا جیاکانی مێژوو لەو گردە دۆزراونەتەوە وەکوو ئاشووری نوێ و ساسانی و ئیسلام و عوسمانی کە ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێیت لەو قۆناغە جیاجیایانە لەو ناوچەیەدا ژیان هەبووە .

شوێنەوارناس، عومەر حسێن شەریف ڕایشیگەیاند: ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە جۆراوجۆرن، بەشێکیان تایبەتە بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و ڕستنوچنین و چەندین گۆزە دۆزراونەتەوە کە لەو سەردەمانە بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە بەکاریان هێناوە و چەندین گۆڕی کۆنیش لەوێ دۆزراونەتەوە کە لەناو شوێنەواری خانووەکاندا نێژراون، ئەمەش نیشانی دەدات کە لەم ناوچەیە ژیان بەردەوام هەبووە و خەڵکی تێدا ژیاوە.