كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

٦

هێشتا لەنێو سەفا و خۆشیى بینینى دیمەنە جوانەکانى سروشتى دڵڕفێن و دەنگ و ئاوازى مەل و باڵندە و بۆن و بەرامى گژوگیا و تەڕوتۆڵی ڕەز و مەزراکاندا بووین، بەرنامەى چوونمان بۆ ئاوایی قاقڵاوە لەئارادا بوو. ئەوەى باش بوو بەر لە چوون و گەیشتنمان بۆ هەر ئاواییەک، هاوسەفەرکانم زانیارییەکى باشیان لەمەڕ ئەو شوێنانە پێ دەدام، چ لەبارەى دانیشتوانەکەى، یان پێکهاتەى کۆمەڵایەتی و پێگەى لە دیرۆک و مێژوودا.

بۆ گوندى قاقڵاواش هەمان باس بوو، کە زادگەى چەندین تێکۆشەر و هەڵکەوتووى گەلەکەمان بووە، لەلایەکی دیكەش، ناوى ئەو گوندە لە ئەدەبیات و فۆلکلۆرى میللى بە چەندین شێوە هاتووە، بە جۆرێک، هەر کە باسى قاقڵاوە بێتە گۆڕێ یەکڕاست هزرت دەڕوات بۆ لاى ڕۆحى بەرزەفڕى شاعیر و زانا و کەسایەتیى ناودار (سەید کامیلى ئیمامى ١٩٠٣ – ١٩٨٩) و هۆنراوە بەرزەکەى (شارى دڵ)، کە داستانێکە لە ڕاز و نیازى شاعیر و ڕشتەیەکە لە چنینى خەیاڵاتى ناسک و جوان، ئەوەى کە هێندەى دیکە هۆنراوەکەى شیرینتر کردووە ئەو ئاواز و دەنگە خۆشەیە، کە هونەرمەندى نەمر مامۆستا (محەمەدى ماملێ) کردوویەتى بەبەر باڵاى ناسکى ئەو هۆنراوەیەدا.

شاری دڵ – قاقڵاوە ١٩٦٨
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، کەچی
عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ئیمانە، دەچم
ئەو دەڵێ نا، ڕەشە جێڕاوگەیی شەیتانە، نەچی
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێک چووە، وێرانە، نەچی
من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە، دەچم
ئەو دەڵێ نا، زەدەیی پەنجەیی پەرییانە، نەچی
من دەڵێم مەرکەزی ئەسراری حەریفانە، دەچم
ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە، نەچی
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە، دەچم
ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرەپەیکانە، نەچی
لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕما «کامیل»
من دەڵێم جوانە بچم، ئەو دەڵێ وا جوانە، نەچی.

ئێوارە بوو گەیشتینە جێ، کەمێک هیلاکی ڕێگەش بووین، بەڵام کوا جەستە ماندووییەتى لە خۆیدا دەگرێ، هەرئەوەندى دەستت بگات بە ئاوێکى سارد و بن سێبەرێکى فێنک، ئیتر خەیاڵ و دەروون ئاسوودە دەبن، بۆ ئێمەش ئەو دیمەنە لە گۆڕێدا بوو، کاتێک ڕێگەیەکى پێچاوپێچمان بڕى و بە قەراغە پەرێزێکدا ماشێنەکەمان لەبن سێبەرى کەپرێک ڕاگرت، گەیشتین بە مەنزڵ، یەکڕاست خۆمان لە پێشوازیى گەرمى خانەخوێى ئازیزمان دکتۆر (ئیبراهیم)دا بینییەوە، قۆناغ و کەپر و ساباتى ماڵباتى بەڕێزیان لە بەرزاییەکى دڵنشینە، دەڕوانێت بەسەر چۆم و جادەى سەرەکى و بەرامبەرى گوندى قاقڵاوە، بەر لە گەیشتنمان کاکى دکتۆر تەندوورى نێڵ دابوو، دوو دانە کتریى ڕەشی وەسەر نابوون بۆ چایی، شیلانگە ئاوێکى سارد لە پەنا سێبەرى دارسێوێک بوو، بەفراوى بەناودا دەهات نەک ئاو! لەخۆشییان چەند جارێک دەموچاو و سەروپەتۆڵکم پێى شوشت، کە فێنکایی و سەبوورییەکى خۆشى پێ دام.

وردەوردە خۆرى زێڕین دوایین تیشکەکانى ئەو ڕۆژەى لە بەرزاییەکانى پشتى ئاوایی پەخش دەکرد، چایی و بەرچایی ئێمەش ئامادە بوو، هێندێک قسە و باسى خۆش و بیرەوەریى جوانى تایبەت بە گوندى قاقڵاوەم لە دکتۆر شەماڵ بیست، ئەو دەیگوت چەندین جار مەڕحوومى (سەید کامیل)م بینیوە، هەموو رۆژێک بەیانییان پێش ڕۆژهەڵات بە پێیان لە ئاوایی دەردەچوو، لەگەڵ گزنگى خۆر دەهاتەوە نێو دێ، ئەمەى وەک نەریت و وەرزش و هەواگۆڕینى ڕۆژانەى پەیڕەو دەکرد.

سەبارەت بە هونەرمەندى میللى خوالێخۆشبوو (ڕەسوڵ نادرى) کە چۆن ناوى قاقڵاوەى لە بەستە و بەندەکان بەکار هێناوە (ئۆخەى ئۆخەى قاقڵاوە، لەو خۆشییەى بە منت داوە) فەرموویان لە مەجلیسێکدا هەندێک لە کەسانى ئاوایی گللەییان لە کاک ڕەسووڵ کردبوو، بۆچى ئەو گۆرانییەت بەو شێوەیە گوتووە، ئەویش لە وەڵامدا گوتبووى (جا کاکە ئەمن ئەوەم بە پێنج هەزار تمەنى گوتووە، ئەنگۆ دە هەزارم بدەنێ بە دڵى ئێوەى لێ دەکەم) ئەوەش قسەى خۆش با ون نەبێت.

هەر بۆ ئەو شەوە دانیشتن و دیدەنییەمان لە قاقڵاوە، دەستەیەک لە هونەرمەندانى ئازیز لە شارى سەقزەوە تەشریفیان هێنا و خۆشحاڵیان کردین، شەویش دەستەیەکی دیكە لە هاوڕێیانى تورجان هاتن، کاکە (موبین) و هاوڕێکانى، کاک موبین هەر ئەو ڕۆژە ماشێنەکەى لە جادە چەپی کردبوو، شوکر کە خۆى سڵامەت بوو، هەرچەندە شوێنەوارى ئەو ڕووداوەى پێوە دیار بوو، بەڵام ئەو ئازایانە خۆى بێبەش نەکرد لەو دیدار و خۆشییەدا. بەزم و بیساتێکى جوان و ڕازاوەى دۆستانە لەسەر خوان و سفرە دڵنەوازەکەى خانەخوێمان رێک خرابوو، بەدەم گێڕانەوەى چەندین نوکتەى خۆش و گوێگرتن لە گۆرانى و مۆسیقاى ڕەسەنى کوردى، شەوێکى دۆستانەى خۆشمان بەسەر برد، سوپاسى دکتۆر شەماڵ و برایانى ئازیزى کاکە هادى و عەتا گیان دەکەین، بۆ گشت زەحمەتەکانیان.

شەو بۆ نووستن و حەوانەوە، هەندێکمان هەر لەو هەوارە دڵنشینە ماینەوە، کەشێکى سارد و فێنک و خامۆش بوو، گرشە و بریشەى مانگ و ئەستێران لە سنگى ئاسمانێکى ڕەنگیندا، جوانترین تابلۆیان نەخشاندبوو، بۆ بابایەکى وەک منى گەرمێنى، کە مخابن زۆربەى تەمەنمان لەنێو دیوارى چیمەنتۆ و تەلار و باڵەخانەى ئاسنین بەڕێ کردووە، دیتنى ئەو دیمەنانە شتێکى زۆر جیاواز بوو، لەبەرئەوە سپێدەى زوو هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو، چوومە سەربانى ماڵ و تێر بە چاوانم لە دیمەنى جوانى باخ و باغات و ڕەز و مەزرایەکانى دەوروبەرم دەڕوانى، ئیتر هێدى هێدى مەل و باڵندەکانیش لە هێلانەیان دەهاتنە دەرێ و لە شەقەى باڵیان دەدا، هەرچەندە چۆمى گەورەى قاقڵاوە لە ئێستا وشکی کردووە، بەڵام هێشتاش هەر ڕووگەى چەندین باڵندەى کێوییە، کە بۆ چنینەوەى خواردن و خۆراک ڕووى تێ دەکەن. بە گرتنى چەند وێنەیەک لە دیمەنە جوانەکانى سوبح دەمى ئەو ناوە، بڕێکی دی یادگارى و بیرەوەرییم خستنە نێو دەفتەر و هەگبەى ئەم سەفەرەم.