ئەمڕۆ (١٧|١٠|٢٠٢٣)، لەلایەن دامەزراوەى کەریمى عەلەکە لە هۆڵى مۆنۆمنێتى هەڵەبجە، سێیەمین دیدارى ئەدەب و کولتوورى هەورامان بەڕێوە چوو.
شاخەوان سدیق، سەرپەرشتیارى دیدارەکە، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سێیەمین دیدارى ئەدەب، فەرهەنگ و کولتوورى هەورامان بەڕێوە چوو، دیدارەکە لەلایەن (د. تەها ڕەسووڵ) پاڵپشتیى دارایى کرا و بەرهەمى دامەزراوەى کەریمى عەلەکە بوو".
ڕوونیشى کردەوە: "ئەم دیدارە کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەیە لەناو ئەدەب و زمان و کولتوورى هەورامیدا کە بەشێکى گرنگە لە ئەدەبى کوردى، هەوڵمان داوە بە بەشدارى توێژەرانى هەرێمى کوردستان و ڕۆژهەڵاتى کوردستان پێکەوە تاوتوێى ئەم بابەتە بکەین و هەوڵ دەدەین کۆکەرەوەى سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بین لێرە".
گوتیشى: "لە دیدارەکەدا نۆ بابەت لە سێ پانێڵدا پێشکەش کرا و هەموو بابەتەکانیش تەئکیدکردنەوەیە لەسەر (گەشتیارى، جوگرافیا و سینەما، دیۆکیۆمێنتارى و ئەدەبیاتى ناوچەى هەورامان".