كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
عوسمان ڕانیه‌یی 12/10/2023

لە کوێوە چووین بۆ كوێ؟

5

سەرەتا بە قەراغ بەنداوى سابڵاغدا تێپەڕ بووین، کە خۆی لە خۆیدا دیمەنێکى جوان و دڵنشینى هەیە، ئینجا کەوتینە ناو دیمەنى زنجیرە گرد و تەپۆلکە و پێچاوپێچەکانى ڕێگا. خۆشبەختانە لە هەر لایەکەوە دەتڕوانى، باخ و شینایی و زەویوزارى داچێندراو و پۆمپى ئاوپژێنى جووتیاران بوو، کە ماندوونەناسانە سەرقاڵى کارى کشتوکاڵیى خۆیان بوون، هاوکات لە زۆربەى زەوییەکان خەلە و خەرمانێکى جوان لەگۆڕێ بوو، هەندێکیان کەوتبوونە ناو وەرزى دروێنەکردن. بە بەراورد لەگەڵ بەشى باشوور، یان گەرمێنى کوردستان، لە ڕۆژهەڵات دواى نزیکەى چل شەو دەست دەکرێت بە دروێنەکردنى دەغڵ و دان، لە ڕۆژهەڵات بە ئامێرى دروێنە ئێژن (کۆمپاین) لە باشوور پێى دەڵێن (دەڕاسە).

لە نیوەى ڕێدا بووین، ئازیزێکى دیکە بووە هاوڕێی سەفەرمان، کاک سمایل، کەسێکى خۆشەویست و پڕ ئەزموونى ژیان بوو، بووینە گەشتیارى سێقۆڵى، ئەوجار گوڕاح و پشووى ڕۆیشتنمان خۆشتر بوو، بە گوێرەى هەماهەنگییەکانى کاکە دکتۆر، لە ئاوایی (سڵامەت) توونگەیەک دۆى خۆماڵى پڕ لە گوڵ و گژوگیاى کۆێستانى و قاپێگ ڕۆنى خۆماڵى و شیرێژ و ڕۆنیان بۆ ئامادە کردبووین و لێمان وەرگرتن، ماڵیان ئاوا بێت. ئینجا دواى هەڵگەڕان و داگەڕانێکى زۆر بەدەم چۆم و ڕووبار و ناودەشت و مەزراى دیهاتەکانى (خەلیفان، یاڵ تەمر، قۆیتەڵ، کانی سێو، قالوی زەندان، قالوێ شێخان وسومبە و ئیسکی بەغدا، گڵۆڵان)
لە دوورەوە سێبەرى دوو شۆڕەبیمان بەدی کرد بۆ حەسانەوە و پشوودان، ئەو جێیە دەکەوتە پاڵ چۆمە ئاوێک، بەتەنیشتمانەوە پەڵەیەک گەنم و سەوزە بێستانێک هەبوو، لاماندا و قۆناغمان دانا، کزەبایەکى دەهات دەبوایە زۆر هۆشیار بین لە ئاگرکردنەوە لەبەر ئاورکەوتنەوە! بەڵام کاک سمایل زۆر شارەزایانە ئەو کارەی دەکرد و هێندەى نەبرد کترییەڕەشمان وەگیزەگیز کەوت، ئەویش زووزوو بنى مەقاڵەکەى ئاوپڕژێن دەکرد، نەبادا پڕیشکە ئاورێک بپەڕێ و زیانێک بەو ناوە بگەیەنێت.

تاکوو ئەوان ئەو کاروبارانەیان کرد، ئەمنیش خەوەنووچکەیەکم هات و هێندەى بڵێى یەک و دوو ڕۆ چوومە خەوێکى خۆشى ناو ئامێزى سروشت. دواى کەمێک حەسانەوە، دیار بوو لە دەنگى قاڕوقێڕى بۆق وهەندێک باڵندەى دیکە بەئاگا هاتم، لەو کاتەشدا (حاجى لەگ لەگێک) هاتبووە ڕۆخ چۆمەکەى تەنیشتمان، دیار بوو لە خۆراکێک دەگەڕا بۆ نیوەڕۆخوانى بەچکەکانى، کەمێک سڵ بوو، بەڵام کارى بە کەس نەبوو، هەر خەریکى ڕاوشکاریى خۆی بوو، منیش دەرفەتم لێی هێنا و چەند وێنەیەکیم گرت، دواى ئەوە لە شەقەى باڵی دا و لە چاوان بزر بوو.

نان و چاى نیوەڕۆمان ئامادە بوو، بێ ئێوە ناخۆش گۆشتى برژاو و دۆ و پەنیر و ژاژى و ڕۆنەکەرە بوو، هاوەڵەکانم پتر گۆشتەکەیان خوارد، بەڵام ئەمن وەک کوردى دۆنەدیو، پارووى بە شیرێژ و ڕۆنەکەرەم باهەڵدەدان و خۆشخۆش چۆڕە دۆیەکیشم دەکرد بەسەردا، لەو دەمیدا کەوتبوومە یادى (ئامینەخانمى ماملێ) روحی شاد بێ، هەموو جار دەیفەرموو (کاکە بخۆ هەموو ڕۆژێ گا نامرێ کفتە بەشاییەکى بێت) ئەمنیش دەمزانى وایە و هەموو ڕۆژ ئەو شیرێژ و ڕۆنە دەست ناکەوێ، بۆیە قسووریم پێ نەکرد و بە کامى دڵ نەهارێکى خۆشم لێ خوارد.

ساز بووینەوە بۆ ڕۆیشتن

دواى حەسانەوەیەکى باش، دووبارە بارگە و بنەمان پێچایەوە و کەوتینەوە ڕێ، بە ناو دۆڵ و دەشت و مەزراکانى ناوچەدا ڕێگەمان دەچنى، لە گوندى زێڕاندۆڵ کەمێک ڕاوەستاین بۆ سەیرکردنى دیمەنى سروشت و ماڵەکانى ئەو ئاواییە، کە زۆر جوان بوون، وەک دیار بوو دیوارى خانووەکانى بە وشکەبەردى پانکەڵەى سوور و بۆر و سپى هەڵچنرابوون، هەندێکیان خانووى دوو سێ نهۆمی بوون، هەمووشیان هەر لە داروبەرد دروست کرابوون، ئاواییەکى جوانى بە درەخت و باغى میوەجات بوو.

خۆر لە ئاسمان زەرداوەر بوو، تینى گەرماییەکەى تا دەهات بەهێزتر دەبوو، بەڵام ئێمە لەناو ماشێندا بووین زۆر کارى لێ نەدەکردین، لە هەندێ شوێن دەکەوتینە بەر گڕى سوورەتاو و لە هەندێک جێگەش سێبەرمان وەسەر دەبوو، لە دوورڕا دوندى چیا و شاخەکانمان لێ بەدیار دەکەوتن، شاخى تەرەغە و شاخى حاجى کێمى و زاواکێو و دەشتى بەرفراوانى دامێن ئەو کێوانە، ئەودەم خەیاڵ ئێمەى بردەوە بۆ یادى شاعیرانى نیشتمان (هەژار و هێمن و هێدى) و شاعیرانى دیکەى گەل، ئەوان بە چەندین تێکست و شیعر و پەخشان، دەیان تابلۆى ڕەنگینیان بۆ جوانیى سروشتى ئەو شوێن و مەڵبەندانە نەخشاندووە.

وەک ئەوەى مامۆستا هەژار لە بەرەو موکریاندا دەفەرموێت:
تەرەغە
تەرغە... كێوی لەمێژینەی كورد
كۆنە هاوڕازی سەفین و هەڵگورد
ئاگری و پێرس و مازێ و ساسۆن
خزمی پیرانی، كەسوكاری تۆن
رۆژ دەبێ ناوی هەژار نامێنێ
سازی و ئازادی لە رووت نەخوێنێ
خوات لەگەڵ بێ تەرەغەی قیت و قۆز
جەژنی رزگاریی نزیكت پیرۆز


مامۆستا هێدیی شاعیریش لە (کاروانى خەیاڵ)دا بەم جۆرە باسى شاخى حاجى کێمى دەکات و دەڵێت:
شاخی حاجی کێمی
حاجی کێمی حەجی لێ قەوماوان
پێی غەریبانی دەنا سەر چاوان
سەری بەرزی هەیە داوێنی بڵاو
سەری ئی خۆی نەبوو بۆ لێ قەوماو
سەد کەلێن و کەڵەک و داوی بوو
پڕ بە دڵ ڕازی نەدرکاوی بوو
شوێنی پێی دەر نەدەخست داوێنی
سەری هەر تەم بوو لەبەر چاوێنی
پووشی زەردی وەکوو ئاوریشمی خاو
دایدەگرت شان و شەپیلک و سەروچاو
سەیرە وا هەڵ کەوێ ئەندام و لەش
فێسی وا زەرد لە سەروی چاوی ڕەش

لە (بەهارى کوردستان)یشدا؛ مامۆستا هێمن سەبارەت بە دیمەنە دڵڕفێنەکانى سروشتى کوردستان زۆر هونەرکارانە ئەو تابلۆیەى نەخشاندووە و هەست و خەیاڵى تێکەڵ بە جوانیى وڵاتى کوردەوارى کردووە:
وێستاوە زەنگۆڵ زەنگۆڵ
ئاونگ لەسەر پەلکی گوڵ
لەسەر چڵی سوورە گوڵ
بولبول دەخوێنێ بەکوڵ
دیسان لە چیا و لە ڕازان
دێ سیڕەی سەقر و بازان
پێم خۆشترن لە سازان
لە ئاهەنگ و ئاوازان

لەناو خەیاڵاتى سەیرکردنى ئەو دیمەنە جوانانەى خاکى پاکى موکریاندا بووین، کە هەر دەڕۆیشتین و دیمەنەکانى سەرسوڕهێنەرتر دەبوون، هەستمان بەوەى نەکردبوو کە زۆرمان ڕێگە بڕیوە و خەستە و ماندووین، تاکوو ئەوەى لە دوکانۆچکەیەکى یەکێک لە ئاواییەکان ماشێنمان وەستاند، دابەزین و یەکەو بەستەنىیەكی ساردمان وەرگرت، فێنکاییەک بە دەروونماندا هات و پاش حەسانەوەیەکى کورت، درێژەمان دایەوە بە گەشتەکەمان، مەبەستیشمان گوندى تورجان بوو.

کاتێک گەیشتینە ناو دێ و لە ماشێن پیادە بووین، لە بڵندگۆى مزگەوتەوە بانگى عەسرى فەرموو. پێم خۆش بوو لەو فەرزەدا بەشداریى نوێژخوێنانى ئاوایی بکەم، دەستنوێژم هەڵگرت و لە پشتى مامۆستا (مەلا ڕەسووڵ)، من و دوو کەسی دیکە (سەید ڕەحمان وخاڵ ئەبووبەکر) سێقۆڵى بە جەماعەت نوێژى عەسرمان کرد. دواى ئەوەى لە نوێژ بووینەوە چاکوچۆنییەکى دۆستانەى گەرممان لەگەڵ مەلا و پیاوانى دێ کرد، باسوخواسێکى دۆستانەى خۆشمان هێنایە گۆڕێ، لێیانم پرسی، ئایا هەرکات لێرە نوێژى جەماعەت ئاوا چۆڵە! فەرموویان نەخێر پیاوانى ئاوایی لەسەر کار و لە مەزرایەن، دەنا سەفى نوێژخوێنانى ئێمە ماشاڵاى دەوێت. ئینجا کە زانییان میوانم و لە ڕێى دوورەوە هاتووم، زۆر لوتفیان فەرموو بۆ شەوێ میوانیان بین، بەڵام نەمتوانى ئەوە بکەم، چونکە ئێمە بۆ شام میوانى دۆستانێکی دیكە بووین لە قاقڵاوە.

ئاوایی تورجان و مزگەوت و حوجرە و قەڵاکەى!

بەلاى بەشێک لە خۆێنەرانى کوردى باشوور و پارچەکانى دیکەى کوردستان، زانیارى لەبارەى ئەو ئاواییە گرنگەى ناوچەى موکریان کەمە، یان هەر نییە، بۆ خۆم یەکەم جارم بوو لەو سەفەرەمدا ناویم بیست، لە کاتێکدا ئەو گوندە خاوەنى چەندین پێگە و شوێنەوارى دێرینە (قەڵا و مزگەوت و قوتابخانەى ئایینى) هاوکات زادگەى چەندین کەسایەتیى ناودارى کوردستان بووە. هەوڵ دەدەم لەم گەشتنامەیەمدا بەکورتى بڕێک زانیارى لەبارەیانەوە بۆ خوێنەرانمان تۆمار بکەم.

هەڵکەوتەى جوگرافیی تورجان؛ دەکەوێتە ٣٠کم باکوورى ڕۆژئاواى شارى بۆکان، ٢٠کم خۆرئاواى ڕێگەى سەقز- بۆکان، لە ڕۆژهەڵاتەوە شارى سەقزە، لە خۆرئاواى شارى مەهابادە و لە باکوورییەوە شارى سەردەشت و بانەیە و لەلاى باشوورییەوە شارى بۆکانە، هەروەها دەکەوێتە نێوان کێوەکانى (ئاسمان بڵاغى، وەستا مستەفا، بەردەڕەش، بەردەزەرد، پاڵەوان). گوندى تورجان بە یەکێ لە ئاواییە پڕ دانیشتوانەکانى سەقز دادەنرێت، هەمووشیان کوردن.

وەک پیاوانى ئاوایی باسیان کرد، لە کۆندا جووى جێنشین لە تورجان هەبوون، تا ئەو ساڵانەى دواییش گۆڕستانیان مابوو، ئەوان لە کاتى خۆیدا بە پیشەى دەستی و کشتوکاڵکردنەوە خەریک بوون و تێکەڵاویەکى ئاساییان لەگەڵ دانیشتوانى گوند و خەڵکى ناوچەکە هەبووە و بەشداریى خۆشى و ناخۆشیى یەکتریان کردووە. تەنانەت یەکێک لە پیاوەکان ئەوەشى بۆ باس کردین، وەک ئەوەى خۆى بینیویەتى، یان لە بابى گوێبیستى بووە، ڕەحمەتى (مەلا عەلى قزڵجى) زۆر ڕێزى لە گەورەى جووەکانى ئاوایی گرتووە و لاى سەرووى خۆى دایناون، کاتێک لێى دەپرسن: مامۆستا بۆچى ئەو کارە دەکەى؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت (هیچ ئیرادێکى نییە، چونکە ئەو لە من بەتەمەنترە و دەرسى ئایینی و تەوراتم لاى ئەو خوێندووە و کاتێک بە مەلایی هاتمەوە ئەو گوندە، ئەو یەکەم کەس بوو پێوەم هاتووە و سەردانی کردووم.)

سەبارەت بە ناوى تورجان یان ترجان، بە گوێرەى فەرهەنگى سانسکرت تور و فەرهەنگە فارسییەکان، بە ماناى ئازا، یان پاڵەوان هاتووە. مێژووى دروستبوونى ئەو گوندە دەگەڕێتەوە بۆ دواى هێرشى مەغۆلەکان لە کۆتاییەکانى سەدەى ١٣ى زایینی، تورجان یان ترجان ناوى یەکێک لە فەرماندەکانى لەشکرى مەغۆل بووە.
مزگەوتى تورجان؛ یان (دار العلم ترجان) بەپێى ئەو نووسینەى لەبان تاشەبەردێکى سەردەرگاى چوونەژوورەکەى نووسراوە، بە فەرمانى (نورالنساء) خانم، دروستکردنى مزگەوت و قوتابخانەى ئاینیی تورجان ساڵى ١٢٥٨ی كۆچیى مانگی تەواو بووە. ئەو مێژووە دەکاتە ساڵى ١٨٧٩ی زایینی و ئێستا تەمەنى ١٤٤ساڵە.

(نورالنساء) خانم، دەکاتە کچى موئمن بەگ و هاوژینى قۆچ بەگ (مالک وقت ئابادى) وەک ئەوەى لەسەر کێلى گۆڕەکەى نووسراوە؛ قۆچ بەگ کوڕى ئەحمەد بەگ کوڕى محەمەد تاهر بەگ، کوڕى فەتح عەلى بەگ کوڕى عەبدوڵا بەگ، کوڕى بوداق سوڵتان بووە ١٢٧٢، بوداق سوڵتان یەکێک لە فەرمانڕەوایانى موکریان بووە، ئێستا گۆڕستانى گەورەى مەهاباد بەناوى ئەو کراوە. خاڵێکى دیکەى ئەو مزگەوتە جێى سەرنجى میوانانیەتى، ئەویش دیتنى ناوى نووسەر و شاعیر (سوارەى ئیلخانى زادە) لەسەر تابلۆیەکى ڕەنگ شین بە قەدى دیوارى مزگەوتەکە هەڵواسراوە و لێى نوسراوە (زانست - ئەنجوومەنى هیواى زانست سەقز- کتێبخانەى گشتیى سوارەى ئیلخانى زاد. ئاوایی تورجان. دامەزراندن ١٣٩٦).

مزگەوت و قوتابخانەى ئایینیی تورجان تاکوو ساڵى ١٣٣٢ز لە برەودان و گەشانەوەیەکى باشدا بووە، بەڵام دوابەدواى ئاڵوگۆڕەکانى بارودۆخ، هاوشێوەى گەلێک ناوەندى ئایینیی دیکە، ئەویش بەرەو کزبوون و خامۆشى ڕۆیشتووە. لە مامۆستایانى پایەبەرز، کە لە مزگەوت و قوتابخانە ئایینییەکەى خزمەتیان پێشکەش کردووە و هەریەکەیان لە دەورانى خۆیاندا پێگە و کەسایەتى و ناوبانگى خۆیان هەبووە و بەڕێزەوە ناوى هەریەک لە مامۆستایان (مەلا على قزڵجى، مەلا حەسەن قزڵجى وەجدى، مەلا محەمەد حوسێن قزڵجى، حاجى باباشێخ سیادەت، مەلا عەبدولحەمید عەبقەرى، مەلا عەبدوڵا وەڵزى، مەلا حەسەن ئەدیب، مەلا عەبدوڵا محەمەدى) دەبینرێ.

مزگەوتى کۆنى تورجان، لە دار و قوڕ و بەرد دروست کراوە، تا هەنووکەش نماى دەر و ژوورەوەى وەک خۆى ماوە، لە حەوشەکەیدا حەوزێکى گەورە دەبینرێت، چەند دارى (بووز) و چنار سێبەریان بەسەردا كردووە، لە شانى چەپیدا مزگەوتێکى تازە هەر بە ناوى تورجان دروست کراوە بۆ عیبادەت و نوێژ و کاروبارى ئایینى خزمەت دەکات، مزگەوتە کۆنەکەش ڕۆژانى هەینى ژنان نوێژى تێدا دەکەن، گردۆکە قەڵایەکى دێرین کەوتووەتە شانى ڕاستى مزگەوتەکان، کاتى خۆى بۆ کاروبارى ئیدارى و سەربازى بەکار هاتووە، هونەرمەندى گۆرانبێژى ناودار(ئیبراهیم فەتاحى) گۆرانییەکى بەناوبانگى بەسەردا گوتووە: (بەرقەڵا مەڕۆ پشت قەڵا ڕێتە.. خۆزگە ئەمزانی تۆ حەولی کێتە.)

لە ئێوارەدا بوو ئێمە گەیشتینە ئەو دێیە و دەرفەتى ئەوە نەبوو هەموو شوێنەکانى ببینین، بەڵام سپێدەى ڕۆژى دوایی دووبارە گەڕاینەوە، بڕێکی دی بە ناو کووچە و کۆڵانەکانى ئاواییدا گەڕاین، بۆ پەڕینەوەى ئەوبەری ئاوایی، لە جێگەیەک چۆمێکمان هاتە پێش، کەمێک هەڵوێستەمان کرد، دوو کەس لەوبەرى چۆمى سوارى تراکتۆرێک بوون، هەڵڵامان لێ کردن کوێندەر بەراوە بۆ پەڕینەوە، دیار بوو کەمێک ئێمەیان پێ غەشیم بوو، سێ کەسی چاویلکە لە چاو بە ماشێنێکى قەمەرە، چۆن خۆ لە ئاوى چۆمى دەدەن و دەیانەوێت بپەڕنەوە؟ ڕۆیشتن و گوێیان بە ئێمە نەدا، یان گوێیان لێمان نەبوو، خوا بۆخۆى دەزانێت!

دکتۆرى ئێمەش زۆر گوێى بە مەسەلەکە نەدا، دەراوێکى تەنکترى بەدی کرد و پێى لە ماشێنى توند کرد و بە سڵامەتى پەڕینەوە، کەوتینە سەر ڕێگەیەکى خاکى و ڕوومان کردە گۆڕستانى تورجان، من و هەردوو کاک سمایل، لێبڕاوانە بەناو پووشوپەڵاشێکى زۆر و لەژێر تیشکى گەرمى خۆرى تازە هەڵاتوو، خۆمان گەیاندە سەر گۆڕى زانا و تێکۆشەر (حاجى باباشێخ سیادەت، سەرۆک وەزیرانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد)، هەروەها گۆڕى (حەمیرا قازى، هاوسەرى باباشێخ) کە بەتەنیشتییەوە نێژراوە و گۆڕى هەریەک لە (نورنساء و قۆچ بەگ) و ئەندامانى دیکەى بنەماڵەکەیان، خوا لێیان خۆش بێت.(لە وەرگرتنى هەندێک زانیاریی سەبارەت بە تورجان، سوودم لە نووسینێکى (مەنسوور مەحموود نەژاد بۆکانى) وەرگرتووە، ژمارە٢ى گۆڤارى بەیان، ساڵى یەکەم ١٣٧٩).