كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
عوسمان ڕانیه‌یی 07/10/2023

تیشكێك بۆ سەر كتێبی (یادگەیەك لە مێژووەوە)

‎مامۆستا عەبدوللەتیف گلی، لە قۆناغی هەشتا ساڵەی تەمەنیدا، چەپكەگوڵێكی دیكەی جوانی خستە سەر خەرمانەی كارە باشەكانی ڕابردووی، كە كتێبێكی قەبارە گەورەی ٧١٢ لاپەڕەیی ناوەڕۆك دەوڵەمەندی وەك بیرەوەریی و سەربردەكانی ژیانی تایبەتیی خۆی و بنەماڵەكەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا نووسی.

ئەوەی كتێبەكەی مامۆستا گلی لە هاوشێوەكانی جیا دەكاتەوە ئەوەیە، كە مامۆستا زۆر نەچووەتە وردەكاریی ژیانی خێزانی و ماڵباتییان، بەڵكوو لەپەنای گێڕانەوەی هەر ڕووداوێك، یان باسی كەسایەتییەك، بەگوێرەی پێویست ئاوڕێكی لە لایەنی كەسی و خێزانییان داوەتەوە.

‎مامۆستا گلی چیی نووسیوە؟

ئەوەی مامۆستا گلی لە دووتوێی كتێبەكەیدا نووسیویەتی، بەشێكە لە چۆنیەتیی ڕووداوەكانی لانی كەم یەك سەدەی ڕابردووی مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕووناكبیریی دەوڵەتی عێراق بەگشتی و شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بەتایبەتی، كە ئەو پتر وەك شایەتحاڵێكی بەشی هەرەزۆری ڕووداوەكان، باسەكانی خستوونەتە ڕۆژەڤ، یان لە باوك و باپیرانییەوە وەریگرتوون و گواستوونییەوە.

نووسەر لە ناساندنی ڕۆڵی كەسایەتییەكانی سیاسی و جڤاكی عێراقی و كوردستانی و پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوەیی و ئایینیی گەلانی عێراق، چەندین نموونەی بەرچاوی خستوونەتە ڕوو، كە من بەش بەحاڵی خۆم زیاتر سەرسامی ئەو لایەنەی بووم، چونكە نموونەی هەڵوێستەكانی ئەو پێكهاتە و كەسایەتییانە، ڕووداوی سیاسییان لەسەر دروست بووە و هەندێك جار ڕێڕەوی مێژوو، یان ڕۆژگاریان گۆڕیوە، لەوەشدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی ڕابردووی مێژوو دەداتەوە و تیشك دەخاتە سەر ڕاستیی ڕووداوەكان، ئەمەش بۆ مێژوونووسان و تایبەتمەندانی بوارە جیاوازەكان، خاڵێكی گرنگ و پڕ بەهایە، بەتایبەتی لە بوارەكانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە زانستی و ئەكادیمییەكان.

‎ناسینی من و گلییەكان

یەكێك لە خاڵە زۆر ئەرێنییەكانی شۆڕش و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی باشووری كوردستان، تێكەڵبوونی كۆمەڵایەتی و هەڤاڵێتی بوو لەنێوان دانیشتوانی كوردستان، لەو سۆنگەیەوە، منیش ئەو دەرفەتەم بۆ پێكهات كە لە دوو قۆناغی جیاوازدا، ئاشنای یەكێك لە كەسایەتییە هەڵكەوتووەكانی گلی ببم و ساڵانێك بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانیم، نزیكایەتی و برایەتییەكی پتەوم لەگەڵ سەركردەی نەمر كاك (نیزامەدین گلی) هەبوو لە هەولێر و كەركووك، لە سەرەتاوە هەستم بە جوامێریی ئەو كەسایەتییە بەڕێزە كرد، كە چەند لە خەمی خەڵك و گەلەكەیدایە، ئەوكات لە هەولێر چەندین پۆستی ئیداریی بەڕێوە دەبرد. دوای پرۆسەی ئازادی لە كەركووك هەر برا و هاوكار بووین، لەوێ شەهید نیزامەدین گلی ئەركی قورستر بوو، چونكە ئەو بەرپرسیاریەتییەكی گرنگی لەسەر شان بوو، ئەو لە یەك كاتدا وەك سەركردەیەكی پاك و بەهەڵوێست و ڕاستگۆ دەناسرا و گشت لایەك ڕێزی ئەو پێگەیەیان دەگرت، لەو ڕوانگەیەوە ئەویش دڵسۆزی هەموو لایەك بوو، خۆشم وەك چاودێرێك، لەنزیكەوە دەمبینی چەند لە هەوڵی ڕەخساندنی كەشی برایەتی و ئاشتەوایی و سەرخستن و بەدەستهێنانی مافی كورد و گەلانی دیكەی نیشتەجێی كەركووك بوو، ئیتر ئەو دۆستایەتییە بەردەوام بوو، تا ڕۆژی وەفاتكردنی لە ٢١ی ١٢ی ٢٠٠٣، بەم شێوەیە ئەو كاروانە تاكوو ئێستا درێژەی هەیە.

ئەمڕۆش بە دیتنی ئەو كتێبە بەنرخەی مامۆستا عەبدوللەتیف گلی، برایەتیی ئێمە پتر ڕەنگ دەگرێ و هەر بۆیە لەگەڵ دەستخستنی لە ماوەی یەك هەفتەدا خوێندمەوە و گەشتێكی نایابی فكری و ڕۆشنگەرییم بۆ دروست بوو. ئومێدی بەردەوامی و تەندروستیی باشتر بۆ مامۆستا عەبدوللەتیف گلی دەخوازم و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ئێستا و ڕابردووی دەكەم.