كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
عوسمان ڕانیه‌یی 26/09/2023

چووینە کوێ و کێمان دى!

٤

بەرنامەیەكی دیدار و بەسەركردنەوەی ناوشارمان دانا، کە بتوانین زیارەتی چەند شوێن و كەسایەتی و ماڵباتى دۆستەكانمان بكەین، سەرەتا چووینە مۆزەخانە و ماڵی شاعیری نەمر و ناوداری كورد (مامۆستا هێمن) لەوێ لەلایەن براى بەڕێزمان كاك (سەڵاح پایانیانی) نووسەر و لێکۆڵەر پێشوازییەكی گەرممان لێ كرا، وێڕاى باسكردنی بابەتە ئەدەبییەكان، چاوێكم بەناو مۆزەخانە و ماڵە جوانەكەى مام هێمندا گێڕا، دیارە ئێستا هەر ماڵی هێمن نەماوە بەتەنێ، بەڵکوو بووە بە ماڵی هاوەڵانی تەمەنی هێمن، بەهۆى ئەوەى لەو ماڵ و موزەیەدا یادگارییە جوانەکانى چەند کەسایەتیى ناودار و مامۆستایانی گەورەى گەلەکەمان (هێمن و هەژار و هێدی و ماملێ و ئەحمەد و محەمەدى قازی) دەبینرێن. وێڕاى بەرچاوکەوتنى دەیان پارچە دەستنووسى ئەو نەمرانە، وەک دەفتەر و پێنووس و چاویلکە و تەسبیح و دارجگەرە و ڕادیۆ و کامیرا و تەختە تاوڵە و جل و بەرگ و زۆر كەلوپەلى تایبەتی دیکەیان، لەپاڵ هەبوونى کتێبخانەیەکى دەوڵەمەند، کە دەیان سەرچاوەى زانستى و ئەدەبى و فەرهەنگى لەخۆی گرتووە.

بە گشتى بینینى ئەم دیمەنانە تەزوویەکى خۆش بە دڵ و دەروونى مرۆڤ دەبەخشن و ئەو هەستەت لەلا دروست دەکات، کە ئێمەى کورد چەندین زانا و بلیمەت و پیاوى گەورەمان هەبوون، کە چەند سادە و خۆش خەیاڵ و پڕ بەرهەم ژیاون، لەپاڵ ئەوانەشدا، چ شاکارێکى گەورەیان لەدواى خۆیان جێ هێشتووە (تاریک و ڕوون و چێشتى مجێور و کاروانى خەیاڵ) و چەندین بەرهەمى نووسین و وەرگێڕان و ئارشیفى بەستە و ئاوازى خۆشى گۆرانى و موزیک. وێڕای ئەوەی ئەو ماڵە هەردەم پیرۆز بووە، بەڵام لە بیری مندا پیرۆزییەکى پتری هەیە، چونکە لە ساڵانی زووتردا هەر لەو ماڵەدا من و هاوسەرم میوانی هەردوو خاوەن ماڵ ڕەوانشاد كاكە (سەڵاحی مام هێمن و ئایشێ خانمی هاوسەری بووین) ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر.

لە مەهاباد گەڕان و گەشتکردن ئاسانە

بۆ کەسانێک کە هەر بە گەشتیارى ڕوو بکەنە شارى مەهاباد و شارەزاییەکى ئەوتۆیان نەبێت، دیسان پەکیان ناکەوێت لە چێژوەرگرتن و تۆمارکردنى چەندین بیرەوەریى جوان، چونکە سابڵاخ وەک خوانێکى ئامادە و ڕەنگینە، هەمیشە پڕە لە کەرستە و شتى جوان و نزیک و بەردەست، بۆ دیدەنى و خۆشیى ناوسروشت هەر زوو دەتوانیت بە چەند هەنگاوێک بگەیت بە سەرچاوەى ئاوى فێنک، باخ و باغاتى پڕ لە میوە و سەوزەوات، پارک و باخچە و کانى و دەریاچە و ڕووبار. بۆ بازاڕکردن زۆر بەئاسانى دەگەى بە بەر و بازاڕ و خواردنگە و کافێ و شیرینیخانە و ساردەمەنیى دڵنەواز. پەرتوکخانە و ناوەندى هونەری و فەرهەنگى و مزگەوت و تەکیە و خانەقا و مەزارگە و دەیان یادەوەریی دێرین، هەموو ئەوانە بۆ گەشتیارانى ئاسایی لەبەردەستن، کە لە کورتترین ماوەدا دەستیان پێى دەگات.

بەڵام بۆ ئێمەمانانێک، گەڕان و بەسەرکردنەوە و دیدارى هەندێک شوێن و جێگە و ماڵى کەسایەتییان، پێویست و ئەرکە، بۆ ئەوەش بەندە هەر جارێک بەرنامەیەکى فراوان پەیڕەو دەکەم، ئەگەرچى زۆر جار هەموویم بۆ تەواو ناکرێ و گلەیی دۆستانم دێتەوە سەر، حەق بەوانە و بە منیش، ئەوان لەبەر میهرەبانیى خۆیان ئەو گلەییانە دەکەن و قبووڵمە، منیش لەبەر کەمیى ماوە هەموو ئەرکەکانم بۆ ئەنجام نادرێ و داواى لێبوردنیان لێ دەکەم، بۆ ئەمجاریش گلەییەکان پتر بوون، بەتایبەتى هى خوشکى گەورەم پەروانەخانم و کاک سەلیم، خۆم بە قەرزارى دیدەنییان دەزانم و تەمەن باقی بێت بە کفتە شۆرباوێک بەسەریان دەکەمەوە.

گۆڤارى مەهاباد

باس و خواسى ئێمە پتر لە بابەتى فەرهەنگ و ئەدەبیاتدا چڕ دەبێتەوە، بۆ ئەو باسانەش (گۆڤارى مەهاباد) یەکێکە لەو ناوەندە ئەدەبییانەى ئەو مەرامەى لێ پێکدێت، منیش وام کرد، دەمەوئێوارە بوو لە مەیدانى چوارچراوە بەرەو مزگەوتى سوور هاتم، ڕووبەڕووى لە باڵەخانەیەکدا لە ئاسانسۆر هاتمە دەرێ، بینیم براى ئازیزم مامۆستا (ئەحمەد بەحرى) سەرنووسەرى گۆوارى مەهاباد لە چاوەڕوانیدا بوو، دواى بەخێرهاتن و هەواڵپرسین، بەدەم چایی و قاوە و میوە خواردن، کەوتینە ناو باسوخواسێکى ڕووناکبیریی فراوان و چەند کاتێکى بەسوود و خۆشمان بەسەر برد، ئەوە جارى دووەمم بوو مامۆستا بەحرى ببینم، یەکەم جار لە هەولێر لە خزمەتیان بووین، ئەوسا وەک میوان تەشریفیان هێنابوو بۆ (دیدارى شاعیرانى نیشتمان، هەژار و هێمن و هێدى) لە نەورۆزى٢٠٢٣.

مرۆڤ لە ناسینى کەسایەتیی وەک مامۆستا بەحرى بەهرەمەند دەبێت، کاتێک ئەو گوڕوتین و هێزە لەبن نەهاتووەیان دەبینێت، کە وێڕاى هەبوونى چەندین ئاستەنگى ژیان و کارکردن، بەڵام ئەوان لە خەبات ناوەستن، بەردەوام کێوى بەهرە و بەرهەمەکانیان پتر باڵا دەکات، نموونەش ئەو گەنجینە گەورەیەى ئەرشیفى ساڵانى کارکردنیانە، کە وەک بەرزیى باڵا و بەژنى (قسقاپان) بە ئاسمانى ئەدەبیاتى کوردى باڵایان کردووە و ئەستێرەئاسا لە ئاسمانى ئەدەبیاتى کوردیدا دەدرەوشێتەوە.

جێى خۆشحاڵیم بوو کە هەر لەو دیدارەدا شاد بووم بە ئامادەبوونى (نەسرین خانمى جەعفەرى) خوشکەزاى مامۆستا هێمنى شاعیر. خانم جەعفەری وەک دەستەى نووسەرانى گۆوارى مەهاباد، خەباتى فەرهەنگیى خۆى دەست پێکردووە و ئێستاش سەرقاڵى تەواکردنى پرۆژەیەکى ئەدەبییە، کە خۆى لە کۆکردنەوە و ساخکردنەوەى سەرجەم بەرهەمەکانى مامۆستا هێمن دەبینێتەوە، بەتایبەتى ئەو شیعر و پەخشان و دەستنووسانەى مامۆستا هێمن، کە بە زیاتر لە جۆرێک بڵاو کراونەتەوە، نەسرین خانم یەکیان دەخات و ساخکردنەوەیان بۆ دەکات، گەرەکیەتى دووبارە بەشێوەیەکى باشتر لە دووتوێى کتێبێکدا بە چاپیان بگەیەنێت.

گۆڤارى بەیان

لە قۆناغى ئێستادا، بەشێک لە ئەرک و خزمەتکردنى بزاڤى ئەدەب و ڕۆشنبیرى لە مەهاباد و مەڵبەندى موکریان بەگشتى، کەوتووەتە سەرشانى دەستەیەک لە ڕووناکبیران و نووسەرانى هێژاى گۆڤارى بەیان (د.ئیسماعیل مستەفازادە) و هاوکارانى، کە بە شەونخوونى و ماندوونەبوونییەکى زۆر توانیویانە پەرە بە ڕەوتى خزمەتکردنیان بدەن و لە ماوەى شەش ساڵی کارکردنیاندا، ٣٠ ژمارەى گۆڤارەکە پێشکەشى خوێنەرانیان بکەن. ئەوەى ڕەوتى کارکردنى بەیان لە هاوشێوەکانى جیا دەکاتەوە؛ مەودا فراوانى و سنوور تێپەڕاندنیەتى بۆ لەخۆگرتنى گشت پێنووسەکان لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات، لەگەڵ دەریچەکردنەوە بە ڕووى لاوانى تازە پێگەیشتوو، بۆ ئەوەى بەهرە و تواناکانیان لە خزمەتکردن بە فەرهەنگى گشتى و ناوچەیی خۆیان پێشکەش بکەن.

شارۆخى.. ئەوسا و ئێستا

دیدارێکى هونەرمەندى ناودار مامۆستا (عەزیز شارۆخى) بەشێکى دیکەى بەسەرکردنەوەکان بوو لەم گەشتەمدا، ئەوە بۆ من بووە بە ئەرکێکى پیرۆز، هەرکات لە سابڵاغ بم، ئەبێت سەردانى مامۆستا شارۆخى بکەم، بە زۆر هۆکارى جیاواز، یەکەم ئەوەى لەمێژ ساڵە ئاشقى دەنگ و سەداى ئەو هونەرمەندە ئازیزەم، زۆر دەمێکیشە ئاشناى یەکین، کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو، لە ڕانیە ڕۆژێکیان شەهید (ڕزگار وەستا عەبدوڵا) گوتى ئەوشەو وەرە ماڵى ئێمە، مامۆستا (عەزیز شارۆخی) میوانمانە، ئەوە منى فرەفرە خۆشحاڵ کرد، چونکە دەنگیم زۆر پێ خۆش بوو، لەو شەوە دانیشتنەدا ژمارەیەک دۆست و هاوڕێ و هاوشاری ئامادە بووین، مامۆستا شارۆخى بە دەنگە زوڵاڵەکەى چەند گۆرانییەکى خۆشى خوێند و هەموومانى خۆشحاڵ کرد، یادى ئەوان ڕۆژان بەخێر و سڵاو لە گیانى بەرزەفڕى شەهید ڕزگار، کە دواتر کوڕە تاقانەکەیشى ناو نا (شارۆخ).

دیدارى کۆمەڵایەتى و خێزانی بۆ من بەشێکی دیكە لە هەگبەى سەفەرکرن پێک دەهێنێت، لەوەشیاندا کۆڕ و مەجلیس و کۆبوونەوە لە حزوورى مامۆستا (خالید خالیدى) زاناى ناودارى ئایینى و ماڵباتى بەڕێزیان، باشترین دەرفەتە بۆ گوێگرتن لە زانیاری و فەرمایشتە جوانەکانى ئەو زاتە قەدرگرانە، لەپاڵ باسوخواسى ئەدەبى و ژیانى شاعیر و ناوداران، شادومان بووم ئەمجارەشیان لە کۆبوونەوەیەکى خێزانیدا، لە ماڵە هەمیشە میواندۆستەکەى (جەمیلەخانم) ئەم دەرفەتە دروست بوو بۆ خوێندنەوەى چەند تێکستە هۆنراوەیەک، لە یەکێک لە هۆنراوەکاندا مامۆستا خالیدى فەرموویان:
من كە شەیدای ئیشقی تۆم مەستم
چ دەڵێ دوژمنم چ دەربەستم
لێوی لەعلت جنێوی دابوو بە من
رقی بنیادەمە و منیش گەستم

ئەوجار بەرەو کوێستان

بە سروشتى خۆم کەسێکم ژینگەى دەرەوەى شاران و ناو سروشتم پێ خۆشترە لە جەنجاڵیى باژێڕان، چونکە خەیاڵم تێیدا ئاسوودەتر دەبێت و دڵیش ئارام، لەبەرئەوە بەر لە چوونم بۆ ڕۆژهەڵات، لەگەڵ براى هێژام د.ئیسماعیل قسەى ئەوەمان کردبوو، وێڕاى کارە ئەدەبییەکانمان، بەشێکى سەفەرەکەمان ببەینە ناو سروشتە دڵڕفێنەکەى بەهەشتى موکریان، دیارە ئەویش بەهۆى پەیوەندیى فراوانى لەگەڵ خەڵکى ئەو ناوچانە، کارەکەى بەلاوە ئاسان بوو. دواى خۆسازکردن، ڕێى مەهاباد - سەردەشت ڕوو بە ناوچەکانى مەنگوڕایەتى و گەورکانمان گرتە بەر، ماشێنمان تاو دا، کە وەک ئەسپەشێ ڕەوتى دەکرد و تا دەڕۆیشتین گوڕوتینى خۆشتر دەبوو، ناحەقى نەبوو دۆستێکمان بەو ماشێنە بڵێ (تانک)، نزا دەکەم خۆی و خاوەنى بەدوور بن لە دەردوبەڵا.