٣
بۆ من شارى خۆشەویستى سەقز و دانیشتوانەکەى، سروشت و ژینگەکەى، ڕێزدار و لە دڵدا شیرینن، ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، کاتى کۆڕەو و ئاوارەییمان لە بەهارى١٩٩١، ئەوسا من وەک کوڕە لاوێک بۆ یەکەمین جارهەگبەى غەریبیم لە ئامێزى ئەو شارە ئازیزەدا کردەوە، لەو کاتەوە سەقز بۆ من بوو بە زێدى لەدایکبوونى دووەمینم و لە هەر دەرفەتێکدا بە ئیشقەوە سەردانى دەکەم و تێکەڵ بە کەشوهەواکەى دەبم، جار لەدوای جاریش خۆشتر چێژى شیرینى ئەو شارە ئازیزەى کوردان دەچێت دڵمەوە.
لە سەردانى ئەمجارەشمدا، وێڕاى بەسەرکردنەوە و دیدارى خزم و دۆستان، شەوێکى خێزانیى خۆشمان لە دەشتى ساحێب و لە باخەکەى کاکە فەرید بەسەر برد. بۆ ناخواردنێکى ژەمى بەیانی، من و ئەشکان دەعوەتى کاک فاروق بووین، بە کەلانە خواردنێکى ناسک و گەرم لاى (وەستا محەمەد)، هەروەها دانیشتن و پیاسەکردنێکى خۆش لەژێر سێبەرى دار و درەختەکانى پارکى کەوسەر، بەدەم گێڕانەوەى چەندین بیرەوەری لەگەڵ دەستەیەک لە هاوڕێیانى هونەرمەند، دواى ئەوەى لە کانیاوە فێنکەکەى ناو پارکدا یەکەو دوو چنگ ئاوى ساردمان خواردەوە، ماڵئاواییمان لەیەکتر کرد.
هونەر کۆمان دەکاتەوە
لە هەر گەشت و سەردانێکمدا، وێڕاى گرنگیدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕایەڵى پەیوەندییە فەرهەنگییەکان لەگەڵ توێژی ڕووناکبیران، ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیران درێژە پێدەدەین، لەو بوارەشدا توانیومانە خزمەتێکى دوولایەنى پێشکەش بکەین، بەتایبەتى لە وارى هونەریدا ئەو کارانە پتر بەرجەستە بوون، هونەرمەندانى گرووپ و ئاموزشگاى لاوژە، لەناویاندا کاک بەهرۆزى ڕەزایی و بهنامى تاهیرى و هاوکارانی دیكە، نەخشى بەرچاویان لە پەرەپێدانى ئەو پەیوەندییانەدا هەبووە.
ئەمساڵیش دووبارە ئەو باس و خواسانەمان لەگەڵ کاکە بەهرۆز هێنایە گۆڕێ، ئەو هەواڵە خۆشەشم زانى کە ئەوان لە ماوەى ساڵانى ٢٠٠٣ - ٢٠٠٧ بە کۆشش و سەلیقەیەکى گەورە و زۆرەوە لەگەڵ ئەنیستیتۆى کوردى لە ئیستانبوڵ، پڕۆژەیەکى هونەرى ناوازەیان دەست پێکردبوو، دواتر لە چوارچێوەى کێبێکدا بە ناونیشانى (مۆسیقاى کوردى سەراکان) کارەکەیان بەئەنجام گەیاندبوو، بەشداریى کاک بەهرۆز لەو پرۆژە نەتەوەییەدا دروستکردنى ١١ تراکى مۆسیقا بووە بە شێوەى ئاهەنگى ئۆرکیسترا، بۆ ئەو مەقامانەى لە داستانى (مەم و زین)ى زانا و فەیلەسووفى کورد (ئەحمەدى خانی)دا هاتووە، کە هەر کامیان بۆ مەبەست و بۆنەیەک گوتراون.
بەرەو مەهاباد
بانگی شێوانی دابوو، كاتێك بە سوپاسەوە كاكە ڕەزا بە ماشێنەكەی منی گەیاندە مەهاباد و لە سێڕای میاندواو ڕادەستی خانەخوێی تازەم دكتۆر ئیسماعیل مستەفا زادەی كردم. دوابەدواى ماڵئاوایی و سوپاسگوزاریمان لە بەڕێزیان، ئەو گەڕایەوە بۆ سەقز، ئێمەش دووبەدوو بە سەر و دڵخۆشییەوە، بەدەم گێلاس خواردن بەرەو ماڵ بووینەوە، لە ڕێگا بەتەنیشت زەوییە باخەکانى (دەریاز)دا ڕەت بووین، لەبارەی دەریازەوە دكتۆر مستەفازادە زانیاریی باشی پێ دام، كە چۆن لەكاتی خۆیدا ئەو شوێنە وەك مەڵبەندێكی دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەو نەخشی بەرچاوى لە ڕووداوەکانى ناوچەدا هەبووە. (زیرەك) گوتەنی (چاوت ئەستێرەی دەریازی - هەڵیان دێنی چەند بەنازی).
دوای ماوەیەك گەیشتینەوە ماڵێ، بەپێى نەریتی کوردەواری و هەمیشەییانەی مەهابادی بۆ میوانداری، لەناو پێشوازیكردنێکى جواندا، هەگبەى سەفەرم دا نا، بەهۆی هیلاكیی ڕێگە و گەرمازەدە بوونم، تەندروستیم كەمێك باش نەبوو، سوپاسی خانمی خانەخوێ دەکەم، وەک چارەسەریی گەدە ئێشان كەمێك (ئاوی جاترە)ی پێ دام، دواى ئەوە چووم لە دیوەكەی سەرێ تاوێکى چاک نووستم، ئارەقەیەكی باشم كردبوو، ئەوسا لە خەو ڕابووم و بینیم ڕەوشەكە باشە و ماندوویی ڕێگەم داناوە.
ئەمەگدارییەک بۆ سابڵاغەکەمان
مەهاباد؛ كانی هەردەم گەشاوەی بیری نەتەوەیی و زادگە و لانەی كەسانی زانا وهەڵكەوتووی نیشتمان، مەڵبەندی ئاوەدانی و ڕەسەنایەتیى كولتوور و فەرهەنگ و هونەر، جێی مەیل و مەبەستی هەر گەشتیار و میوان و هاونیشتمانییەكى کوردە، ئەگەر ڕێى بکەوێتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و شارى مەهاباد نەبینێ و چاوى بە جوانییەکانى ڕۆشن نەکاتەوە، ئەوا بێ گومان گەشتەکەى كامڵ نابێ. بەش بەحاڵى خۆم، لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا لە هەردەرفەتێكدا بۆم هەڵكەوتبێ، گەشت و سەفەری خۆرهەڵاتی كوردستانم کردووە، لەكۆتاییشدا ڕێگاكانمان چوونەتەوە سابڵاغ.