2
دوای سێ ڕۆژ مانەوەم لە تاران، دووقۆڵی، من و كاك رەزا بەسواریی ماشێنە پژۆكەی، ڕێگای (ساوە - هەمەدان - سنە)مان گرتە بەر، ڕێگەیەكی دوورودرێژ و دەشتێكی كاكی بەكاكی، ڕوو بەخۆر بەناو قووڵایی سروشتدا دەڕۆیشتین، لە هەندێ شوێن زەویى تەڕ و پاراومان دەبینى و لە زۆر جێگە خاکێکى هیشك و برینگ، لە هەندێک شوێن ئاوەدانی و گەلێك جێگەی چۆڵەوانیشمان بڕی، تاکوو ئەوەی گەیشتینە شاری دێرینى (هەمەدان).
لە ڕێگە كێشەیەك بۆ بەشى ساردیی ماشێنەكەمان دروست بوو، بەڵام نەیوەستاندین، گەیشتینە هەمەدان، یەكەم کارى كردمان لە دوكانێكی خۆراكفرۆشی لاماندا و یەكی بابۆڵەیەكی هێلكە و پەتاتەی كوڵاومان بە ڕۆنی خۆماڵی و سەوزە و تورشیات بە دۆی ساردەوە خوارد، گشت پێكهاتەكانی ئەم جۆرە خواردنە ناوچەییە تام و بۆنخۆشە بەرهەمی خۆماڵین و لە زۆر شوێنی ئەو شارەدا بەرچاو دەكەون.
ئیتر كەوتینە بیری سازكردنی ئۆتۆمبیلەكە، كە هەندێ گرفتی تەكنیكیی بۆ دروست بووبوو، تاكوو ئەوانەمان خاسەوە كرد، كات درەنگی كرد، ئەوجار لە ئامێزى تاریكەشەودا ڕێگەی سەفەرمان بەرەو شاری سەربەرزی سنە درێژە پێ دا. كاتژمێر ١٠:٣٠ شەو گەیشتینە دەروازەی شار.
بەر لە هاتنمان، برای هەمیشە ڕێزدار و خانە ئاوەدان کاک (هێرش) لە چاوەڕوانیماندا بوو، هەرئەوەندەش نا، بەڵكوو بەخۆشیى هاتنى ئێمە چەند دۆستێكی دیكەیشی بانگهێشتی سەر خوانە هەمیشە سوڵتانییەكەی كردبوو، لەناویاندا كاكە وریای هونەرمەندی پەنجە زێڕین و دەنگ زوڵاڵ، كە خۆی وعوودەكەی دانیشتنی شەوەكەمانی ڕازاوەتر كرد.
لەو كەشە جوانەدا و لەژێر ئاسمانێكی ساف و پڕ لە ئەستێرەی بەجریوەجریو، بە گێڕانەوەی چەندین باس و خواسی جیاواز، شەومان درێژ كرد، میوانەکانى دیکە تەشریفیان برد، من و خاوەن ماڵ هەر لەو شوێنە و لە کەشێکى فێنکدا ڕۆ چووینە خەوێكی ئارام. بەیانیشمان لەگەڵ گزنگی خۆری زێڕین و دەنگ و ئاوازی مەل و باڵندەكانی ئەو ناوەدا كردەوە.
نانخواردنی بەیانیمان بردە یەكێك لە كۆنترین قاوەخانەکانى شار(دیزی سەرای سەبرى) لەنزیك مەیدانی فەیزاوای شاری سنە، وەک لە تابلۆى سەر دوکانەکەى نووسرابوو، تەمەنی ئەم قاوەخانە سوننەتییە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە نیو سەدە، واتە پەنجا ساڵ پێشتر، لێرە خواردنێكی تەواو كوردەوارییانەت پێشكەش دەكرێت، لەسەر دابونەریتی خۆماڵییانە (دیزی گەرم، ئۆملێت، كفتە، دۆی سارد و نان و چای تازە دێمكراو) ئێمە دیزیمان خوارد، کە تامێكی زۆر خۆش و تایبەتی هەبوو، بەر لە ڕۆیشتنمان سوپاسی خاوەن قاوەخانەكەم كرد و وێنەیەكی یادگارییشم لەتەكیدا چركاند.
دوابەدواى ئەوە، لەتەك هاوڕێى ئازیز كاكە عەتا، بە ماشێنەكەی ئابرا، هەر لە شارى سنەى جوان و لە کەشێکى کەمێک گەرمى هاوینیدا، گەشت و گەڕیانێكی ناوشار و دەور ئاویەر و چەند پارک و جێى دیدەنیمان بەسەر کردەوە، دواتر بۆ پشوودانێکى کورت ڕوومان کردە سێبەر و حەوزە ئاوى كۆشكی دێرین و بەپێوە وەستاوی دەیان ساڵەی (خەسرەوئاوا)، ئەم باڵەخانەیە وهاوشێوەکانى لەو شارەدا وەک (مزگەوتى جامیعە و ماڵى کورد - ماڵى ئاسف) و تەکیە و خانەقاکانى دیکە، شاهێدى مێژووى دێرین و تواناسازى و سەلیقەى بەرز و جوانى کوردەوارین لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بە شێوەیەک، دواى تێپەڕبوونى ئەو هەموو ساڵە بەسەر دروستکردنیان، هێشتا ئاوەدانى و ژیان تێیاندا بەردەوامە.
لێرە بوو دیمەنى ژووانى کیژ و کوڕە لاوێکى ئاشق و مەعشووقمان بینى، کە لەژێر سێبەرى فێنکى ئەو دارانە وەک جووتە کۆترێکى پەڕوباڵ سپى، گەمەى خۆشی و دەستبازیى دڵدارییان لەگەڵ یەکتردا دەکرد، هەو بوو کەنیشکە جوانکیلەکە پتر بەدەم کوڕە لاوەکەوە دەچوو، پتر سەرى دەخستە سەرشان و ملى و نیگابارانى ئەوینانەى دەکرد، دیار بوو کە دڵگەرمتر بوو لە دڵدارەکەى. لە دڵەوە هیواى خۆشبەختییان بۆ دەخوازم.
باس و خواسی شاری سنە و خەڵكە میوانپەروەرەكەی زۆر دوور و قووڵە و هی ئەوە نییە لە كورتەباسێكی وادا جێی بكرێتەوە، ئەوە نەبێت دووبارە بە هەمان ساز و ئاوازی هونەرمەندانى دەنگ زوڵاڵى ئەم شارە، پڕ بەدڵ بەستە و مەقامى ئەو زاتانە بچڕى و بە کامى دڵ بێژی ( قیبلهکهم شاری سنهی سهربهرزم، خاوهنی شۆڕه جهوانی سهرتهرزم ....هتد.)
بەم دەروون و هەستە پاک و شیرینە، لە ئێوارەیەكی زەردەپەڕدا ماڵئاواییمان لەو شارە ئازیزەی كوردستان كرد و بە نیازی دیدار قۆناغێکى دیکەى سەفەرمان بەرەو شاری خۆشەویستی سەقز دەست پێكرد. ڕێگەی پتر لە دوو سەعاتمان بەدەم قسە و باس و گوێگرتن لە گۆرانی و مۆزیك و تێپەڕبوون بەناو چەندین ئاوایی و ناوچەكانی سەر ڕێگە دەبڕی، گەیشتین بە شارەدێی دیواندەرە.
لێرە ژمارەی زۆری ماشێن و بارهەڵگرەكان ترافیكێكی قورسییان لەناو شاردا دروست كردبوو، بەمەش نوكتەی شۆفێرێكی كرمانشایی كەوتەوە بیری كاكە ڕەزا و بۆی گێڕامەوە، گوایە گوتوویانە (دیواندەرە كەمەربەندی هەیە) بەڵام كابرا بە پلارەوە گوتبووی (ئەوە كەمەربەندییە یان كووچەبەندی) خاڵۆى کرمانشایی ڕاستیشی گوتبوو، ئەمنیش هەر وامزانی كۆڵانە و كۆڵان دەڕۆین تا لە جادە ڕۆیشتن! بانگی شێوانی دا، گەیشتینە ناو شارى سەقز و بووینە میوانی ماڵە گەورەی ئاغای نوقرەیی باوك، لەنێو پێشوازی و میواندارییەكی شایستەدا حەساینەوە و دواتر بۆ شامێكی جوان و سەر سفرەیەكی ڕەنگین بە دەستى دایەخانم، فەرمووی نانخواردنی ئێوارە كراین.
ئەم گەشتەم بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان هێشتا ماویەتی...