كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
عوسمان ڕانیه‌یی 02/09/2023

گەشتى ئەمساڵم بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان

1


گەشتى ئەمجارەم بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە گەلاوێژى٢٠٢٣ سوودبەخش و پڕخۆشی بوو، لە هەولێرەوە بۆ تاران بە فڕۆكە، ماوەی ٥٥ خولەك فڕین بەسەلامەتی، لە فڕۆكەخانەی تاران دابەزین، ئەمەش ڕێگەیەكی ئاسانە، بە كەمتر لە سەعاتێك گەشتی نێوان دوو پایتەخت بكەیت.

ئەوەی جێی تێڕامان بوو، ژمارەیەكی زۆر سەرنشینانی هاوسەفەرمان لە ڕەگەزی مێ بوون، سەركۆت و پۆشاك مۆدێرن، بە هاوڕێكەمم گوت، سەرنج بدە و ببینە هەر كە گەیشتینە جێ چۆن خۆیان دەگۆڕن ودەبن بە كەسێكی دیكە، بەپێى ئەو وتەیەى (کە چوویە شارى کوێران، دەبێ دەست بە چاوتەوە بگرى)، بەڵام وا نەبوو، ئەوان زۆر بە سادەیی سەرپۆشێکیان کرد و دابەزین، ئاسایی بەناو خاڵەکانى پشکنینى فڕۆكەخانەدا ڕەت بوون.

هەرچەندە دەچووشم بۆ وڵاتی كتێب و فەرهەنگ و هونەر، بەڵام وەک نەریتی بەردەوامم، كە پەرتووک هاوڕێی سەفەرمە، ئەمجارەش دوو کتێبم بۆ خوێندنەوە لەگەڵ خۆم بردن. هەر تایبەت بەو باسە و لە گیرفانی دواوەى كورسیی سەرنشینى بەردەمم، گۆڤارێك بە زمانی فارسی داندرابوو، لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانیدا چاوم كەوتە سەر بابەتێكی سەرنجڕاكێش؛ دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیارى و زانستیى (مانگی سەرزەوی لە دوبەی).

بە گوێرەی لێدوانی میدیا كەنەدییەكان، كۆمپانیای (مون وولد ریزورتس)ى كەنەدایی نەخشەی دروستكردنی ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسەر شێوەی مانگ، لە دوبەی داڕشتووە، بە تێچوونی پێنج ملیار دۆلار لەسەر ڕووبەری ١٠هێكتار زەوی، بە بەرزیی ٢٢٤مەتر و لە ماوەی ٤٨ مانگ تەواو دەكرێت و ٣٠٠ یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، وێڕای هەبوونی جێگای حەوانەوەی زیاتر و كاتبەسەربردنی خێزانی و پشوودان و شوێنی پیاوانی كار، بە جۆرێک، ساڵانە بتوانێت (دوو ملیۆن و نیو) گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە رابكێشێ، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی دەخوازن گەشتی بۆشایی ئاسمان بكەن، پێویست ناکات خۆیان ماندوو بكەن، هەر لەوشوێنەوە دەتوانن گەشتەخەیاڵیی خۆیان بكەن.

بەدەست خۆم نەبوو لەو كاتەدا ئاهێكی ساردم هەڵكێشا و خەیاڵ بردمیەوە بۆ وەبیرهێنانەوەى بابەتێک، کە نزیكەی نیوسەدە لەمەوبەر لە باشوورى کوردستان ڕووی داوە، لە ١٩ی٦ی١٩٧١، سەردەمێك لە وڵاتى ئێمە باسكردنی ئەوشتانە بە تاوان و كوفر دادەنرا، ئەوكات بوو کە شاعیر و ڕووناكبیر و نیشتمانپەروەر (میرزا محمد ئەمین مەنگوڕی ١٩١٠ - ١٩٨٨) لەمیانى قەسیدەیەکى خەیاڵئامێزدا ( گەشتى ئەستێرەى مەریخ)ى بڵاو کردەوە، بەهۆیەوە کەوتە بەر فەتواى تاریکپەرستان و بە ڕۆژى ڕووناک ویستیان بەردبارانى بکەن و بەزەحمەت لەبن دەستیان ڕزگاری بوو، بەڵام لە کۆتاییدا پەیامى مەنگوڕى سەر کەوت و نییەتى ئەوانى دژایەتییان دەکرد پووچەڵ بووەوە. خۆشبەختانە تاکوو ئێستا چوار جار کتێبەکەى ئەو زاتە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕۆحی شاد بێ و گۆڕی پیرۆزی لە (گۆڕمریەم) لەسەر شاخی كێوەڕەشی ڕانیە پڕ گوڵ و نوور بێت.

نموونەیەک لە (گەشتی ئەستێرەی مەریخ ١٩٥٢)
هیوام هەیە بە گەنجی كورد
لە قسەم دەرنەچن گەورە و ورد
بۆ بەرزی و ئازادیی زەمین
تێبكۆشین بێ بوغز و كین
بژین دایم بە بێ كینە
لەگەڵ خەڵكی ئەم زەمینە
مەنگوڕ بە یادی سەربەستی
ئەڵێ بمرێ غەم و پەستی
بژی كچ و كوڕی ئازاد
بڕمێ قەڵای هۆزی فەساد
بە یادی سەربەستی مەریخ
بژی لاوی خاوەن تەئریخ


وێستگەی یەكەمینم لەم گەشتە هاوینییەدا، شاری جوانی تاران بوو، شارێك، كە دانیشتوانەكەی لە ڕۆژدا هێندەونیوی شەوانییەتی، لە شەویشدا هەر جێیەك دەچی دڵباز و دڵنشین خۆی دەردەخات. ئەو شتانەی بەردەوام لە بیری هەر كەسێكی ئەو شارەدان، قورسیى بارى ژیان و ترافیكی جادە و شەقامەكان و جەنجاڵیی شوێن و ڕێوبانەكانە، ئەگینا مرۆڤ چی ئارەزوو بكات لە خواردن و حەوانەوە لەو شارە دیرۆكی و مۆدێرنەدا دەستی دەكەوێت.

خانەخوێی ئەزیزم لەم وێستگە گەشتەمدا ماڵباتی كاكە (ڕەزا) بوو، كە زۆر كوردەوارییانە میواندۆستیی خۆیان جێبەجێ كرد، بەزم و شۆخی و وردە ترسیشم لە (پێندۆ) سەگە تووك سپییەكەیان خاڵێكی دیكە بوو لە پێڕستی ئەو دیدارەم. دوو سێ ڕۆژێکیش هاوڕێیەتیم لەپاڵ كتێبخانەكەی كاكە سرووشی كوڕیان، چێژێكی دیكەی پێ دام لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی چەندین كتێبى نایاب و بەنرخ، لەوانە دیوانەكانی حافزى شیرازى و مەحموود دەوڵەت ئابادی و ئەحمەدی شاملۆ، بەتایبەت كتێبەكەی شاملۆ (مثل خون در رگ های من - نامەهای احمد شاملو بە آيدا) بە فارسی بینیم، من پێشتر بە كوردی ئەو کتێبەم خوێندبووەوە.

لە یەكێك لە نامەكانیدا شاملۆی ئازیز، ئاوای بۆ ئایدا نووسیوە و دەڵێ: “تو طلوع كردى و عشق باز آمد، شعر شكوفه كرد و كبوتر شادى بال زنان بازگشت، تنهایی و خستگی بر خاك ريخت. من با توام، آينەهای خالى از تصويرهای مهر و اميد سرشار می شوند.” دیدارێكی كورت لەگەڵ هاوڕێی دەستڕەنگینم مامۆستا (كەسای) كۆی كردینەوە، سەبارەت بە كاروباری بەچاپگەیاندنی كتێبەكانی داهاتووم.