پێشەکى
لەناو دیرۆک و کولتوورى هەر گەل و نەتەوەیەکدا، لە کۆى بەشە جیاوازەکانى هونەر، بەشێکیان زیاتر بەرجەستە دەبێت و گەشە و نەشونما دەکات، بۆ نموونە لە كولتوور و شارستانیەتى وڵاتێکى وەک ئیتالیا نیگارکێشان و پەیکەرتاشى و تەلارسازى لەچاو هونەرەکانی تر زیاتر خۆى دەنوێنێت. لەناو گریک و یۆنانیەکان ئەندێشە و فەلسەفە، لە نەتەوەى هیندەکان ئایین و ئایینزاکان. لەناو كولتوورى نەتەوەى کورد مۆسیقا یەكێكە لە هەر دەوڵەمەندترین بەشەکانى هونەر. هەر ئەم هۆکارەش بووە وای کردووە کورد خاوەن مۆسیقایەکى فرەچەشن و ڕەنگاوڕەنگ بێت، لەبەرئەوە دەتوانین بەڕاشکاوى پەنجە بۆ ئەو ڕاستییە ڕابکێشین کە مۆسیقاى کوردى یەکێکە لە زەنگینترین و پڕبەرهەمترین و لە هەمان کاتیشدا جوانترین مۆسیقاکانى جیهان.
هونەر کۆمان دەکاتەوە
لە هەر گەشت و سەردانێکماندا بۆ خۆرهەڵاتى کوردستان، ڕایەڵى پەیوەندییە فەرهەنگیەکان لەگەڵ توێژی ڕووناکبیران، ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیران درێژە پێدەدەین، لەو بوارەشدا توانیومانە خزمەتێکى دوولایەنى پێشکەش بکەین، بەتایبەتى لە بوارى هونەرییدا ئەو کارانە پتر بەرجەستە بوون، لە سەردانى ئەمجارەشمدا بۆ شارە جوانەکەى سەقزى بووکى کوردستان، دەرفەتێکى ناوازە هاتە ئاراوە کە توانیمان پەردە لەسەر شاکار و پڕۆژەیەکى هونەرى گرنگ لابدەین کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا بە هاوبەشى لەنێوان هونەرمەندان و ڕووناکبیرانى دووبەشى ڕۆژهەڵات و باکوورى کوردستان ئەنجام دراوە، بۆ زیاتر بەدیارخستنى لایەنەکانى ئەو پڕۆژە نەتەوەییە و ئامانجەکانى، لە شوێنى کارکردنیان گفتوگۆیەکى بەپێزمان لەگەڵ مۆزسیۆنى بەتواناى کورد مامۆستا (بەهرۆز ڕەزایی) ساز دا، بە سوپاسەوە وەڵامى پرسیارەکانى داینەوە:
+ بیرۆکەى ئەم پڕۆژەیە چۆن بوو، لەکوێوە دەست پێ کرا؟
بەهرۆز ڕەزایی: ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئینستیتۆى کوردى لە ئیستانبوڵ، پەیوەندییەکى تەلەفونیم پێوە کرا بۆ ئەوەى کارێکی موسیقایان بۆ ئەنجام بدەم، گوتم بەم شێوەیە نابێت، بەڵکوو ئەبێت له نزیکه وه قسه بکەین بزانم چیتان بۆ بکەم، ئەوە بوو منیان بانگهێشت کرد، جارێک بۆ بایەزید و جارێکیش بۆ ئیستانبوڵ.
+ کە چوویت و یەکترتان بینى باسى چیتان کرد؟
بەهرۆز ڕەزایی: ئەوە تێگەیشتم کە ئەوان دەخوازن لایەنى هونەریى ژیانی فه یلەسووفی گەورەى کورد (ئه حمەدی خانی) بخەنه بەرچاو کە موسیقا بەشێک بووە له خولیا و تواناکانی ئەو زاتە مەزنە.
+ ئاخۆ ئەوکات ئێوە لەبارەى (خانی)یەوە شارەزاییەکى ئەوتۆتان هەبوو؟
بەهرۆز ڕەزایی: پێویستە ئەوە بڵێم، تا ئەودەم من وەکوو کوردێک نەمدەزانى حەزرەتى خانى له بواری موسیقا دا شارەزایی هەبووە، یان ڕاستتر بڵێم هەر خودى (خانی)مان باش نەدەناسى، بەڵام ئەو کارەمان بووە هۆى شۆڕبوونەوەمان بۆ نێو جیهانى فرەڕەنگى ئەو زاتە مەزنە، کە گوایە خانى لە دەربارى (ئیسحاق پادشا) مەقاماتى خوێندووه و لەناو (مەم و زین)دا ناوى ئەو مەقامانەى هێناوە.
+ چەند جۆر مەقام لەناو مەم و زیندا ئاماژەیان بۆ کراوە؟
بەهرۆز ڕەزایی: لە ( مەم و زین) خانىیدا ناوى یازدە جۆر مەقامى هێناوە، دیارە کە هەر مەقامێکیش بۆ مەبەست و بۆنەیەکى دیاریکراو گوتراوە وەک (١- ڕاست ٢- عێڕاق ٣- زەنگۆڵە ٤- شاناز ٥- حیجازکار ٦- ڕەهاوى ٧- حوسەینى ٨- ئەوج (عوشاق) ٩- گەوشت ١٠- نەوا ١١ - سەبا).
+ بەچ شێوازێک دەستت کرد بە سازکردنى ئاوازەکان؟
بەهرۆز ڕەزایی: لەسەر شێوەى مۆسیقاى ئۆرکێسترا یازدە تراکى ئاوازى سەربەخۆمان دروست کرد و بەرگێکى کوردیى ڕەسەنمان کرد بەبەر باڵاى هەر یازدە جۆر لە مەقامەکان، ئەم کارەش وەک ئالبووم و سیدییەک تۆمار کرا و نۆتەکانیشى لەگەڵ نووسراوەتەوە. دواتر کۆى گشتیى پڕۆژەکە لە کتێبێکى جوان و نایابدا بە ناوى (مۆسیقاى سەراکان) چاپ و بڵاو کرایەوە.
+ ماوەى چەند خەریک بوون بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکەتان و لە کوێ ئەنجامتان دەدا؟
بەهرۆز ڕەزایی: لە ماوەى ساڵانى ٢٠٠٣ - ٢٠٠٧ بە کۆشش و مەهارەتێکى گەورە و زۆرەوە لەگەڵ ئەنیستیتۆى کوردى لە ئیستانبوڵ ئەم پڕۆژە هونەرییە ناوازەیەمان دەست پێکرد، ئەوە بوو له ئیستانبوڵ کرا بە کتێب و چاپ کرا، منیش کارى تۆمارکردنى مۆسیقاکەیم لە تاران ئەنجام دا.

+ بە ڕاى ئێوە ناوهێنانى ئەو مەقامانە ماناى چى دەگەیەنێت؟
بەهرۆز ڕەزایی: ناوهێنانى ئەو مەقامانە ئەوە پێشان دەدات کە حەزرەتى خانى هەر بەتەنیا لە پانتایی جیهانى شیعر و زماندا باڵا دەست نەبووە، بەڵکوو زانا وعەللامەیەکى شارەزا بووە لە زۆرێک لە بوارە زانستى و هونەرییەکانى سەردەمى خۆیدا.
+ هەستت چی بوو کە ئەو شاکارەت تەواو كرد؟
بەهرۆز ڕەزایی: هەستێک کە وەسف ناکرێت لە خۆشەویستیم بۆ گەورەیی هونەر لە لاى حەزرەتى خانى. لەبەر ئەوە من ئەم بەرهەمەم پێشکەش کردووە بە ڕۆحى بەرز و پیرۆزییان، لەگەڵ دانانى چەپکێ گوڵ و ئامێزێک ڕێز و خۆشەویستیم لەسەر مەزارە پیرۆزەکەى.
* جێى باسە، هونەرمەندى مۆزسیۆنى کورد مامۆستا بەهرۆز ڕەزایی، لەدایکبووى شارى سەقزە لە خۆرهەڵاتى کوردستان، ساڵانێکى زۆرە لە بوارى هونەرى مۆسیقا کار دەکات، دەستەى دامەزرێنەرى گرووپى مۆسیقای (لاوژە) بووە، ساڵانێکیشە لە چوارچێوەى ئاموزشگاى لاوژە سەرپەرشتیى پێگەیاندنى لاوان دەکات لەسەر هونەرەکانى مۆزیک.