گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا رای گەیاند كە ئەوەی بۆ پارتی گرنگە، ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنە و داوای لە هەموو لایەنەكان كرد پابەند بن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جدی لێ کردن بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو.
گوتیشی ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبوونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتییانی کوردستانیش دەکەین هەریەک بە ئەندازەی بەرپرسیارییەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەر بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
هەروەها داوای لە حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان كرد هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، دووپاتیشی كردەوە كە ئەوەی بۆ پارتی گرنگە، ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.