ئەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی یەكێتی لەناو لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی ھەرێمی كوردستان و ئەو ڕێككەوتنە پێشوەختانەی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كردییان، لە دوو حاڵەت بەدەر نییە، كە بریتین لە:
1 - یان ئەو دوو پەرلەمانتارە فڕیان بەسەر دەستووری عێراقەوە نییە و ھیچی لێ نازانن، ئەگەر ئەمەیان بێت، واتە ئەگەر نەزانی و كۆڵەوارییان بێت لە دەستووری عێراق و شیكردنەوەی ئەو دەستوورە و پێگە و مافەكانی ھەرێمی كوردستان لەناو ئەو دەستوورەدا، ئەوە هەق وایە یەكێتی خۆی بەپەلە ئیشێكی دیكە بۆ ئەو دوو پەرلەمانتارەی خۆی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە، بیانكات بە ڕاوێژكاری یەكێتی بۆ كاروباری تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان! یان ڕاوێژكاری یەكێتی بۆ كوێركردنەوەی بیرە نەوتەكانی كوردستان، یان ڕاوێژكاری یەكێتی بۆ كەمكردنەوەی ھەرچیی زیاتری دەنگەكانی یەكێتییە لە ھەڵبژاردنەكانی ئاییندەی كوردستان!
ئاخر زۆر سەیرە تۆ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بیت، بەڵام داوای لێكترازانی ھەرێمی كوردستان و لەوەش زیاتر داوای ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری ھەرێمی كوردستان بكەیت. كوڕە بابە قەیناكا ئاگاداری ورد و درشتی گشت مادەكانی دەستووری عێراق نییت، بەڵام تۆ وەك ئەندام پەرلەمانی كورد لە پەرلەمانی عێراق، ھیچ نەبێت ئاگاداری ئەو مادە دەستوورییانە بە كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، بۆ ئەوەی ھەندێك لە كادری ناو میلیشیاكانی عێراق و ھەندێك لە شۆڤێنیستە دژەكوردەكان پێت ڕانەبوێرن و پاشقولت لێ نەگرن و ئنجا لەسەر سەر بتدەن بە عەرزا!
ئاخر ئایا ماقووڵە ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی ئاگاداری تەنیا یەك مادەی دەستووری عێراقیش نەبن كە ئەویش مادەی 117 یە؟
جا لەبەر ئەوەی ئەوان لە عێراق ئەندامی پەرلەمانن و سەرەدەریی بەردەوامیان لەگەڵ برا عەرەبەكانیان ھەیە، من دەقی بڕگەی 1ی مادەی 117ی دەستووری عێراق بە عەرەبی وەك خۆی دادەنێمەوە، بەڵكوو ئەمە خوایە ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی، لەناو لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەم مادەیەیان بیر بكەوێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر لەوەی ئێستا سەرسم نەدەن.
بڕگەی 1ی مادەی 117ی دەستووری عێراق دەڵێت: (يقر هذا الدستور، عند نفاذه، اقليم كردستان وسلطاته القائمة، اقليما اتحاديا)، كەواتە ھەر ھەوڵێك لە لایەن ھەر كەس و لایەنێكەوە و بە ھەر بیانوویەكی وەك بیانووی دارایی و بودجە، یان ھەر بیانوویەكی دیكە بۆ ئەوە بدرێت كە لە یەكێتیی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و یەكێتیی خاكی ھەرێمی كوردستان بدات، بۆ نموونە ھەوڵی جیاكردنەوەی سلێمانی، یان مامەڵەی ڕاستەوخۆی عێراق لەگەڵ سلێمانی، یان ھەر پارێزگایەكی دیكەی ھەرێمی كوردستان بدات، سەری ئەو ھەوڵە دەدات لە تاشەبەردی بڕگەی 1ی مادەی 117ی دەستوور.
كەواتە ھەر لەسەر ئەم بنەمایە، سەری ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی بەر تاشەبەردی برگەی 1ی مادەی 117ی دەستووری عێراق كەوتووە، ئەوە با تاشەبەردەكانی چیاكانی كوردستانیش لەولاوە بوەستن! جگە لەمەش، با ئەو دوو پەرلەمانتارەی یەكێتی ھەندێك زیاتر لە بڕگەی 1ی مادەی 117ی دەستوور ورد ببنەوە كە لە كاتی ناوھێنانی ھەرێمی كوردستان، ھەر دەڵێت ھەرێمی كوردستان و تەنانەت ناڵێت ھەرێمی كوردستانی عێراق، واتە ھەرێمی كوردستان، عێراقی پێوە نییە! ئەوە جگە لەوەی ھەموو ھەرێمی كوردستان یەك ھەرێمی فیدراڵییە، واتە ئەم ھەرێمی كوردستانە نە ھەرێمی سلێمانییە و نە دھۆك، نە ھەرێمی كەمال ئاغایە و نە ھەرێمی نەرمین مەعرووف!
2 - خۆ ئەگەر ئەو ھەڵوێستەی ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی یەكێتی لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، تەنیا لە ڕقی سیاسی و حزبییەوە سەرچاوەی گرتبێت، كەواتە ڕق، عەقڵی ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی كوێرەوە كردووە و ئیتر لێرەشەوە هەق وایە، ھەر یەكێتی خۆی یەكێتییەكی جیا بۆ ئەو دوو ئەندام پەرلەمانە و ئەوانەی وەك ئەوان بیر دەكەنەوە دروست بكات، بە ناوی یەكێتیی داخلەدڵانی كوردستان، یان یەكێتیی ڕقپەرستانی كوردستان!