كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
هێمن هەورامی 29/05/2023

خستنە ڕووی ڕاستییەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن

خستنە ڕووی ڕاستییەكان و ڕوونتركردنەوەی حەقیقەتەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن

پاشخانی بابەتەكە

پرسی کاراکردنەوەی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، یەک لە بابەتە ھەرە گرنگ و لەپێشینەکانی بەردەم کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەموو لایەکیشمان بۆ ئەوە بوو بە پشوویەکی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراکسێۆنەکان بدۆزینەوە و بنەمای سفر یان ١٠٠ لە بیرکردنەوە و جووڵەی فراکسێۆنەکان زاڵ نەبێت بە سەر لۆجیکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتندا.

لەو پێناوەشدا و لەپێناوی ئەوەی كە ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە كە ئەم پرسە نیشتمانیانە بەپێی ڕێككەوتن و گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتە بەر، لە ڕێكەوتی ٣ی ١١ی ٢٠٢١ـەوە، واتە ساڵێک بەر لە کۆتاییھاتنی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، کۆبوونەوە و دیداری فراکسێۆنەکان لەسەر ئەو پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن دەستیان پێ کرد. پێش ئەم ڕێكەوتەش، خودی کۆمسیۆن بە سێ نووسراوی جودا به نووسراوەكانیان (ژ. 76 له 5ی 8ی 2019) و (ژ. 62 له 4ی 8ی 2021) و (ژ.13 لە 3ی 3ی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو کە چارەنووسی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی کۆمسیۆن یەکلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩ ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران کۆتایی ھاتبوو، سەرباری ئەوەش شوێنی دوو کۆمسیار بە بەتاڵی مابوویەوە.

دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن بە داخەوە فراکسێۆنەکان نەگەیشتنە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆری خایاند، بە جۆرێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو ڕێگرییكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بە ناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا ٣١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچوواندنی ئەم یاسایە گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەڕوونی لە ھۆیەکانی دەرچوانی یاساكەدا، جێگیر كراوە.

لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بوون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بوون.

كاتێكیش كە گرتنەبەری ڕێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە ڕێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و ڕێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنەكە كارا كرایەوە. بەدوای ئەوەشدا ڕێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە ڕێكەوتی 28ـی 5ـی 2023ـدا، دەستبەكار بوون. كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە.

لەپێناو ڕوونتركردنەوەی ڕاستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست ئەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە،  بەپێویستی دەزانم بەشێك لە ڕاستیی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕای گشتی كوردستان ڕوون بكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاریی و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی.

هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا

لە پێناو ڕەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ ـدا ئامادەیی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەکانیەوە و داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بکرێنە بنەما. بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازی بۆچوونەکان لە سەر ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بە ڕێژەی ٩٥٪‏ کەمکرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەلوێستی فەرمیی پارتی ئەوە بوو کە پێکھاتەکان خۆیان لەگەل "یۆنامی" لەسەر ھەر فۆرمولەیەک ڕێکبکەون، پارتی پێشوازی لێ دەکات.

دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاکیە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسێۆنەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەممان کرد. لە ١٩ ـی ٢ ـی ٢٠٢٣ لە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو کۆبوونەوەیە بەرێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، داوام کرد کە ئێمە پێش ١ ـی ٣،کە ڕۆژی کردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ دوو بابەت:

1- خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کە پێشتر پێشکەشکراون، واتە پرۆژەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری.

2- کۆمسێۆن کارا بکەینەوە و بۆ ئەوەش بە پێی یاسای کۆمسێۆن لێژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەکان لەو کۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بکەین.

داواشمان کرد کە لەم کۆبوونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەکەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەکان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و  لە دانیشتنی ١ ـی ٣ ـدا، دانیشتنی کردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەمواری یاساکە بدەین ھەم دەنگیش بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و هەڵبژاردنی دوو کۆمسیاری نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان، بە ئەنجام بگەیەنین.

بۆ مێژوو، سەرۆکی پەرلەمان لەگەل ئەوە بوو کە ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازە پەسەند نەكرد و داوای كرد كە مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان ڕاگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دوو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن.

پاش چەند ڕۆژێک، سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی و جێگرەکەی ھاتنەوە لای من و لە نوسینگەی خۆم داوایان کرد کە بۆ دانیشنتی ١ ـی ٣ ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی خێرا بكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنووس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من ئیتر لەوەوە تێگەیشتم كە سەرۆکی پەرلەمان "ئۆکەی" حیزبەکەیی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دوو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لە پێناوی پێدانی دەرفەتێكی دیكە و هەماهەنگی هاوبەش، ڕەزامەند بووین كە ئەو دوو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1-ـی 3 ـوە.

بۆچی تەنانەت لێژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟

لەگەل دەستپێکی وەرزی بەھارەدا، فراکسێۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای ھەلبژاردنی پێشکەش کرد. هاوكات لێژنەی یاساییش، ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 3 ـی 2023 ڕایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبوونەوەی لێژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەل و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوری، پێشکەشکراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی بکەن تا لە نزیکترین دانیشتندا (بڕیار درا بوو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت.

ھەڤالانی یەکێتی، ھەم لە فراکسێۆن ھەم لە لێژنەی یاساییش ڕازی نەبوون نەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبوونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆکی فراکسێۆنی یەکێتی بە سەرۆکی فراکسێۆنی پارتی وتبوو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، کاریگەری لەسەر کۆبوونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لە پێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ ڕێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبوونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا.

گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

پەرلەمانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (2)ـی ئاسایی خۆی له‌ڕێكه‌وتی 15ـی3ـی2023ـدا به‌ بڕیاری ژماره ‌(8)، لیژنه‌یەكی په‌رله‌مانیی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبه‌ت بوو بە وه‌رگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دوو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران.  بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا به‌  فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد. دوابەدوای ئەوەش جەنابی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم (كاك مەسروور بارزانی)ـیش به‌فه‌رمانی ژماره‌ (1472) له‌ 16ـی4ـی2023 ـدا ئاماده‌یی حكوومه‌تی بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداوویستیه‌كانی كۆمسیۆن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ربڕی.

هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان درابوون، بەڕێوە دەچوون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژوویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە ڕێگریی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا.

چەندین جاری دیکە داوامان کردەوە کە دانیشتنی پەرلەمان بکرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بکەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەم بکەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەمواری یاسا، دەنگ بە کاراکردنەوەی کۆمسێۆن بدەین، بەلام بەداخەوە نە سەرۆکی پەرلەمان و نە فراکسێۆنی یەکێتی دوا بریار و ئۆکەی حیزبەکەیان لا نەبوو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە کاتی چوونمان بۆ سلێمانی لە ٢٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ و کۆبوونەوەمان لەگەل شاندی یەکێتی، لە ناو کۆبوونەوە چەندین جار تکا و ڕجام لە برایانی یەکێتی کرد ڕێگە بە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ھەموارەکان کە پرۆژەی خۆتانە و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن وەک خۆی کە ڕێککەوتنی ھەموو فراکسێۆنەکانە جێبەجێ بکرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێکمان لێ نەبیبینین.

دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ ٣ ـی ٥ ـی 2023 دوا خست، چەند جارێکی دیکە داوامان کرد کە سود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەکەم بکرێ و کۆمسێۆن کارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵێش بسەلمێنین کە بەردەوامی خولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێکی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەکێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت.

سوودوەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان

لەم سەرووبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوون و لەسەر زۆر خاڵ ڕێککەوتبوون. داوامان کرد ئەو خاڵانەی ڕێککەونتیان لەسەر کراوە بکرێنە بنەما بۆ ھەموارەکان و با لە پەرلەمان کاریان لە سەر بکرێ، بەڵام دیسان ڕێگە بە تیمی یەکێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن.

دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆک بارزانی) کە لە مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتیمانی بارزانی"ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەکو شاندی مەکتەب سیاسی پارتی ڕۆژی چوارشەمە ١٧ ـی ٥ چووینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (كاك بافڵ تاڵەبانی)، لوتفی كرد و پاش بەخێرهاتن، ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبوو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو کۆبوونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردوو شاند سێ جار تکا و ڕەجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە ڕێگە بە(د. ڕێواز) و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن کە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت.

سەرەنجام لەسەر ئەوە ڕێککەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراکسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی من و (د. ڕێواز) کۆببنەوەو ھەوڵی نزیک بوونەوە بدەین و ڕا ھاوبەشەکان بۆ کۆبوونەوەی دواتری مەکتەب سیاسی ھەردوولا بھێنینەوە.

ھەمان ڕۆژی کۆبوونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە کاک (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی شاندی یەکێتی کرد لەگەل (کاک بافڵ) قسە بکات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازیی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بووە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبوو. منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان ڕوونتر كردەوە و داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوە و سوود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی ٥، لە پەرلەمان کۆ دەبینەوە ئەگەر ڕێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ ڕێك بكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی "ئێمەش هاوكار دەبین"!

بەڵام لە کۆبوونەوەكەی ڕۆژی هەیینیدا لە پەرلەمان هیچ شتیکی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەکێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نووسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواز) و داوام لێکرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەکانیش ئەمانە بوون:

- ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێکەوە دەبین یان نا؟

- ڕێگە دەدەن کۆمسیۆن کارا بکەینەوە ؟

- چ زەمانەتیکی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟

رۆژی شەممە 20 ـی ٥ ـی 2023، برایانی یەکێتی چەند کۆبوونەوەیەکی کارگێڕییان هەبوو. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا بەڕێز (د. ڕێواز)ـیش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدار بوو بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش.

رۆژی یەکشەمە۲۱ ـی ٥ ـی 2023، شاندی مەکتەب سیاسی یەکێتی هاتنە پیرمام و لەگەل شاندی پارتیدا كۆبوونەوە. بە شاهێدی هەردوو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكا و ڕجام لێكردنەوە كە ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت کاک (مەحمود محەممەد) سەرۆکی شاندی پارتی، پێی وتن فەرموون با سبەی بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دانانی هەردوو وەزیرەکەتان و گۆڕانکاریەکانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین!

تەنانەت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پێمان وتن لە پێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ "یۆنامی" بەبێ پارتی كۆ ببنەوە و بگەنە ڕێگەچارەیەك. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر ڕێككەوتنێك بكرێ لەو بارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا بوو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا ڕاگەیەندرا بوو.

ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟

كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبوو. تكاوڕجاكانی ئێمەش سوودێكیان نەبوو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەممەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی "سی ڤی" بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دوو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابوو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبوو، یادداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبووەوە.

بۆیە فراكسیۆنی پارتی به‌ پشتبه‌ستن بە دەقی ڕوون و زەلالی برگه‌ی چواره‌می مادده‌ی (48)ـی په‌یره‌وی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبوو، به‌مه‌به‌ستی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی دوو كۆمسیاره‌كه‌ی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ش‌ مافێكی یاسایی و په‌یره‌ویی بێچەندوچوونی هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر  به‌پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی (16) و بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی (47) په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تا هه‌مواری به‌رنامه‌ی كاری ڕاگه‌یه‌ندراو بكه‌ن و ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ داواكراوه‌ بۆی زیاد بكه‌ن.

هەمان ڕۆژ من و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان چووینە لای بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و داوامان کرد کە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی کار زیاد بکەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبوو كە بەرنامەی كاری هەمواركراو ئیمزا بكات و وتیشی "لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دووەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەوێ نابم." !

پێمان وت کە هیچ کات بە دەستەوە نەماوە و ڕێککەوتنی هەموو لا هەیە كە کۆمسیۆن وەک خۆی کارا بكرێتەوە و لێژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندووە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و ڕۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بوو هیچی لە حزبەكەیەوە پێ نەوترابوو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا.

ئیوارەی ڕۆژی یەکشەمە ۲۱ ـی ٥، بەریز کاک (عیماد ئەحمەد) سەرۆکی شاندی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم داوای کرد کە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت: " ئێمە ڕازین و فەرموو بە بەریز د.ڕێواز بڵێن با ئیعلانی دانیشتن بۆ سێشەمە یان چوارشەمە بکات و بەرنامەی کاریش کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەکانی یەکێتی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێمەش بێت لە ناو پەرلەماندا."

رۆژی دووشەمە ۲۲ ـی ٥ كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان نارد و داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوا بخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە ڕابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5) وە بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبوو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناردو هەمان داوای لێكردبوو. بەڵام بە داخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنیان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە.

کە چووینە دانیشتنەکەش، پێش دەستپێک، دیسان پرسیارم لە بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کرد كە ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، وتیان: "نەخێر"!

بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستی پێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ڕاگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی ڕاگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لە كاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەرێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون.

بۆیە ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوە برد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ ڕاوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام  بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبوو (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسەند كرا و بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دوو كۆمسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا.

پاش ئەوەش لەبەر ئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سرووشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.

سەرەنجامیش بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردوو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون.

دەرەنجام

ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجام دراوە كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی.

كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبووە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمسیار، سێكۆمسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دوو هەڵبژاردنە كۆمسیارەكانی دەبوون بە چوار. بەڵام لە پێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ڕەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە ڕێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بوو.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبووبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمسیۆنی تێدا كارا كرایەوە ؟

ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاووڵاتیانیەتی. مافێكی حزبی و تایبەت نییە تا بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و ڕێگرییلێكردن. بۆیە داوا دەكەین كە پێكەوە پەلە بكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لە پێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا.

كەواتە، لە ئێستادا كە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، بەگرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر ڕێگریی و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان ڕاگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

2