كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ھۆگر نێروەیی 28/05/2023

یەكێتی هیچ دەرفەتێك بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان لەدەست نادا

دیكتاتۆرەكەی ئەڵمانیا كە لە حەنگی جیهانیی دووەمدا رووخا، دەیگوت: ”ماف و ڕاستی ئەو شتەیە، کە بۆ گەلی ئەڵمانیا باشە، ھیچ شتێک ڕاست نییە، کە بۆ گەلی ئەڵمانیا باش نەبێت.“ یەکێتیش ھەمان قسەی ھیتلەر پراکتیزە دەکات، بە شێوەیەک، کە لای یەکێتی ئەو شتە ڕاستە، کە بۆ پێگەی کورد خراپە و بۆ نەیارانی كورد باشە.

سروشتی سیاسەتی یەکێتی وایە، ھیچ دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی ھەرێمی كوردستان لەدەست نادات، هەر دەڵێی لە بنەڕەتدا یەکێتی بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد دروست بووە! ئەوجا ھەر نووسراوێک بێتە پێش، کە باسی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستان بکات و لە زیانی خەڵكی كوردستاندا بێت، یەکێتی بەبێ ھیچ دوودڵی ئیمزای لەسەر دەکات ئەوە ئەگەر هەر خۆی داوكارییەكەی نەنووسیبێت، چونکە هەمیشە لاوازکردنی ھەرێمی كوردستان لەسەر خەتی ستراتیژییەتی خۆیانە و بە (دەستکەوت!) بۆ خۆیانی دەزانن، نەک بەھێزکردنی.

یەکێتی کێشەی لەگەڵ ھیچ حزبێکی کوردی نیە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ كێشەی کورددا ھەیە، جا کێ و کام حزب ئەو كێشەیە لەئەستۆ بگرێت، یەکێتی دژی ئەو دەبێت، کێشەی یەکێتی لەگەڵ پارتی کێشە و ململانێی حزبی نییە، بەڵکوو کێشەی کوردبوونە، چونكە پارتی ھەرچەند ھەڵە و کەموکورتیی ھەبێت، بەڵام ھەرگیز سازش لەسەر مافەکانی کورد ناکات، ئەمەش کێشەی بۆ یەکێتی دروست کردووە، کە خەڵکی دیكە فشار بکات، ھەر جارە و بەشێوەیەک پیلان دژی کورد دابڕێژێت و ھەمیشەش بە ئامرازی یەکێتی پراکتیزە دەکات.

‏‎ئیمزای یەکێتی بۆ گۆڕانکاری لەو ماددانەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق کە لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کران و پەیوەست بوون بە مافەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان، ھەر وەکوو ئەو ئیمزایە بوو کە لە ڕێککەوتنی لۆزان کرا و کورد لە ھەموو مافێک بێبەش کرا، ھەموو نەیارانی کورد ساڵەهایە چاوەڕێی ئەو ئیمزایەن بە دەستی خودی کورد، کە کورد لە ھەموو مافێک بێبەش بکرێ و بێدەسەڵات بکرێن! کە ئیمزای یەکێتی بۆ ئەوەیە، ھەرێمی کوردستان تەنیا بە ڕواڵەت بمێنێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ھیچ دەسەڵاتێکی ھەرێم نامێنێت، بەڵکوو ھەموو دەسەڵاتێکی یاسایی ھەرێم بە دەستی عێراق دەبێت کە دەسەڵاتی ھەرێم کەمتر دەبێت لە ئۆتۆنۆمی کە پێش زیاتر لە نیوسەدە بە کورد درابوو.

‏‎ھەروەک چۆن لە 16ی ئۆکتۆبەر یەکێتی بە 38 ئیمزا کەرکووکی کوردستانی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد، دواتر بە (دەستکەوت!) بە خەڵک فرۆشرا، گوایە کەرکووکیان پاراست، لە ئەنجامدا کوردی زۆرینەی کەرکووک بوون بە ژێردەستەی خەڵكی کەمینە.

‏‎بە ھەمان شێوە، یەکێتی دەیەوێت بە ئیمزایەک دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی عێراق بکات، بە ھەموو شێوەیەک ھەرێم بەبارمتە بکات و ئنجاش بە (دەستکەوتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە!) بە خەڵکی بفرۆشن، لە كاتێكدا پاشەکەوتی مووچە تەنیا بە نووسین ئاماژەی پێ دراوە، و ھیچ دینارێک بۆی تەرخان نەکراوە، بەم قسەیە دەیانەوێت خەڵکی کوردستان فریو بدەن، بۆ ئەوەی ڕای گشتیی کوردستان لە مەترسیی ئەو پیلانەی یەکێتی دەستی بۆ بردووە ئاگادار نەبێت و بە بابەتی دیكەوە سەرقاڵی بكەن! یەکێتی چووەوە ناو یارییەک كە ئەگەر خوانەكردە ئەگەر سەر بگرێت ھەرێمی کوردستان ئەوەندە بچووک دەبێتەوە کە وەك قەوارەی سیاسی ھەبوون و نەبوونی وەکوو یەک دەبێت، مەترسییەکان جدیین، ئەگەر ڕێگا لە یەکێتی نەگیرێت، ئەوا یەکێتی ھەموو کوردستان بە دەردی کەرکووک دەبات.