كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەردۆغان، ئەو سەرۆكەی درێژترین ماوەی حوکمڕانیی توركیای لە دەستدا بووە

ئەمڕۆ كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی دێت، یان گەل بەردەوامیی پێ دەدات؟

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، ماوەی 20 ساڵ دەبێت پیاوی یەكەمی توركیایە و خۆی و پارتەكەی توركیا بەڕێوە دەبەن. ئەو لە ئەندامیەتی پارتێكی سیاسییەوە دەستی پێ كرد تا گەیشتە ترۆپكی دەسەڵات، ئێستاش دەیەوێت تا پێنج ساڵی تر سەرۆكی توركیا بێت.

ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵ بەئاسانی نەهاتووەتە سەر كورسیی دەسەڵات، ئەو دووچاری ئەستەمییەكی زۆر هات تا گەیشت بەم ڕۆژە، هەر لە زیندانیكرن و قەدەغەی سیاسەت لێی، تا هەوڵی كودەتای 15ی تەمووز، كە ئەردۆغان سەرانی فەتحوڵڵا گولەنی پێ تۆمەتبار دەكات.

ئەردۆغان لە 1994 وەكوو سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا، ئیدی لەوێوە خۆری سیاسەتی گەشایەوە و چاوی لەوە بوو، گەیشتە ئەو بڕوایەی كاتی هاتووە توركیا بەڕێوە ببات، چونكە ئەو خزمەت و كارە گەورانەی لەو ماوەیەدا كرد، توانیی گەلی توركیا بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، بۆیە لە 2001 پارتی داد و گەشەپێدانی دامەزراند.

بەڵام بەر لەوەی پارت دابمەزرێنێت، ئەردۆغان لە 1999 بۆ ماوەی چوار مانگ و 10 ڕۆژ زیندانی كرا، هۆكارەكەشی ئەوە بوو، لە 1998 لە سیرت شیعرێكی خوێندەوە و شیعرەكە زیاتر ئایینی بوو، بۆیە داواكاری گشتی خوێندنەوەی ئەو شیعرەی بە تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی و دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتەكان لە قەڵەم دا و داوای كرد زیندانی بكرێت.

هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵكوو كاتێك پارتی دامەزراند و لە هەڵبژاردنی 2002، توانییان ببنە زۆرینەی پەرلەمان، ڕێگە لە ئەردۆغان گیرا وەكوو سەرۆك وەزیران دەستبەكار بێت، چونكە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ كرد.

بەڵام ئەردۆغان كۆڵی نەدا و لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار كرد، كە توركیا ئەندامە تێیدا و دەبێت ملكەچی بڕیارەكانی بێت. دادگا لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان بڕیاری دا، بۆیە كاتێك قەدەغەی سیاسەتی لەسەر هەڵگیرا، ئیدی لە شوێنی عەبدوڵڵا گویل بووە سەرۆك وەزیرانی توركیا و ماوەی 20 ساڵە حوكمی توركیا دەكات.

ئەردۆغان كاتێك خولی سەرۆك وەزیرانی بەكۆتا هات و ئیدی بۆی نەبوو وەكوو سەرۆك وەزیران بەردەوام بێت، بیری لەوە كردەوە، دەستووری وڵات هەموار بكاتەوە و سیستەمی سیاسی بكاتە سەرۆكایەتی، تا وەكوو سەركۆمار هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتیش لای خۆی بێت، بەڵام بۆ ئەو هەنگاوە دەبوایە لەناو پەرلەمان پارتێكی سیاسی پشتگیری بكات، بۆیە كاتێك زانی هیچی لە هەدەپە دەست ناكەوێت، ڕووی لە مەهەپە كرد و بە پاڵپشتیی مەهەپە توانیی دەستوور بخاتە ڕیفڕاندۆم و دەنگی بەڵێی هێنا تا سیستەم ببێتە سەرۆكایەتی و لە 2017، توركیا كۆتایی بە سیستەمی پەرلەمانی هێنا و ئەردۆغان لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی دانیشت.

ئەردۆغان دەیەوێت دووبارە خولێكی تر سەرۆكایەتیی توركیا بكات، بەڵام ڕكابەرەكەی كە كەمال كلیچدارئۆغڵووە و شەش پارتی تری ئۆپۆزسیۆن پشتگیری دەكەن، ڕكابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغانە، لە گەڕی یەكەمدا سەركەوتوو بووە لەوەی نەیەڵێت ئەردۆغان، 50+1 بەدەست بهێنێت، لە گەڕی دووەمیشدا دەیەوێت ئەو كورسییە لە ئەردۆغان وەربگرێتەوە، بەگوێرەی شرۆڤەی سیاسییەكانی توركیاش بێت، شانسی بردنەوەی ئەردۆغان زیاترە.