كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئایا هەدەپە بایكۆتی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم دەكات؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی کۆماری تورکیا، ڕێككەوتنێكی حەوت خاڵیی لەگەڵ ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، ئیمزا كرد، بۆ ئەوەی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێ بدەن. بەڵام ئەم ڕێككەوتنە لایەنگرانی هەدەپەی نیگەران كردووە و دەنگۆ هەیە، بەشێكیان نەچنە سەر سندووقی دەنگدان.

پارتی زەفەر، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایاردا، توانیی ملیۆنێك و 215 هەزار و 264 دەنگ بەدەست بهێنێت، هەروەها ئۆزداغیش سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەجداد بوو، كە سینان ئۆغانیان بەربژێر كردبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی ئۆزداغ و سینان، هاوپەیمانییەتەكە هەڵوەشاوەتەوە و سینان پاڵپشتی لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەكات، ئۆزداغیش پاڵپشتی لە كەمال كلیچدارئۆغڵو دەكات، لێرەدا هەدەپە زیانمەندە.

لە یەكێك لەو خاڵانەی كە ئۆزداغ و كلیچدارئۆغڵو ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە، ئاماژە دراوە، هەر سەرۆك شارەوانییەك كە پاڵپشتیی تیرۆری كردبێت، ئەگەر قەیوم كرا، نابێت بیگەڕێننەوە سەر كاری خۆی. ئەمە هەدەپەی نیگەران كردووە، چونكە پێشتر كلیچدارئۆغڵو بەڵێنی دابوو، ئەگەر ببێتە سەركۆمار، هەموو ئەو سەرۆك شارەوانییانەی هەدەپە كە قەیوم كرابوون دەگەڕێنێتەوە سەر كار و لە زیندان ئازادیان دەكات.

بەهۆی ئەوەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، هەدەپە هیچ بەربژێرێكی نەبوو و كوێرانە پاڵپشتی لە كلیچدارئۆغڵو كرد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە دەنگەكانی دوو ملیۆن كەم بكات و هەروەها ژمارەی كورسییەكانیشیان لەناو پەرلەمان كەمی كرد، بۆیە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، هەدەپە هیچ كارتێكی فشاری پێ نییە بەرامبەر كلیچدارئۆغڵو.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئۆزداغ بەو قورساییە كەمەی كە هەیەتی، ستراتیژیەتی لە هەدەپە باشتر بوو، چونكە لە گەڕی دووەمدا، كلیچدارئۆغڵوی ناچار كردووە لە ئەگەری بوونی بە سەركۆماری توركیا حەوت خاڵی بەسەردا بسەپێنێت.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، لایەنگرانی هەدەپە، ڕەخنەی زۆر لە پارتەكەیان دەگرن و بەشێكیان دەڵێن بایكۆتی دەنگدان دەكەین، ئاشكراشە میدیای دەسەڵات پاڵپشتی لەو دەنگدەرانە دەكات و هانیان دەدات تا نەچنە سەر سندووقی دەنگدان.

ئەو دەنگۆیەی كوردی نیگەران كردووە، پۆستێكی ئومید ئۆزداغ بوو كە چەند سەعاتێك بەر لەوەی ڕێككەوتنە حەوت خاڵییەكە لەگەڵ كلیچدارئۆغڵو ئیمزا بكات، نووسیبووی ”كاتێك بوومە وەزیری ناوخۆ، هەموو ئاوارە سوورییەكان دەگەڕێنمەوە وڵاتی خۆیان.''

دەنگۆ هەیە ڕێككەوتنی ژێربەژێر كرابێت، لە ئەگەری سەركەوتنی كلیچدارئۆغڵو، ئۆزداغ ببێتە وەزیری ناوخۆی توركیا، ئەمەش پێمان دەڵێت، كە هەدەپە حاڵی خراپ دەبێت و سەرۆكی شارەوانییەكانی دەرگای زیندانیان بۆ دەكرێتەوە، چونكە ئۆزداغ بە ئاشكرا دژایەتیی كورد دەكات و تەنانەت چەند مانگێك بەر لە ئێستا سووكایەتیی بە شێخ سەعیدی پیران كرد.

هەدەپە بەهۆی ئەو هەڵە ستراتیژییەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا كردی، ناتوانێت بە دەنگدەرەكانی بڵێت دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو نەدەن، چونكە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆرترین ڕیكلامیان بۆی كرد و ئەردۆغانیان وەكوو كەسێكی تاكڕەو و دژەكورد وەسف كرد، بۆیە ئەگەر لە كلیچدارئۆغڵو هەڵگەڕێنەوە، دەنگدەر پشتیان تێ دەكات.

هەدەپە یەك ڕێگەی لەبەردەمە تا بتوانێت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا ڕۆڵی گەورە ببینێت لە نێوان كلیچدارئۆغڵو و ئەردۆغاندا، ئەویش ڕێككەوتنێكی ژێربەژێرە لەگەڵ ئەردۆغان كە دوور بێت لە چاوی میدیا و ڕای گشتیی توركیا، بەوەی بە دەنگدەرەكانیان بڵێن نەچنە سەر سندووقی دەنگدان و بایكۆت بكەن، ئەمەش شانسی بردنەوەی ئەردۆغان دەكاتە 100%، لەوێدا هەدەپە دەتوانێت چەند مەرجێك بەسەر ئەردۆغاندا بسەپێنێت، بەڵام ئایا هەدەپە شتی وا دەكات؟ بێگومان نەخێر، بۆیە ئەگەر زۆرە، دەنگدەرێكی زۆری هەدەپە، بەهۆی نیگەرانییان لەو ستراتیژییەی هەدەپە كە لە هەڵبژاردنی گەڕی یەكەمدا كردی، بەوەی بەربژێری نەبوو، ئەوانیش نەچنە سەر سندووقی دەنگدان، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئەردۆغانە.