كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 25/09/2022

ئەوەی دژی ڕیفراندۆمە لەگەڵ ھاوسەرگیریی بەزۆرە!

كە باسی یاسا دەكرێت، لانی كەم بۆ یاساناسان جورئەتێكی دەوێت كە بڵێیت: ”شتێك ھەیە لەسەروو یاساوە بێت“ چونكە بە گوێرەی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، نابێ ھیچ كەس و لایەك، ھیچ داوودەزگایەك لەسەروو یاساوە بن، بەڵام ڕیفراندۆم ئەو جورئەتەی ھەیە كە بڵێت راوەستن! ھیچ كەس و لایەك، ھیچ داوودەزگایەك لەسەروو یاساوە نیە بێجگە لە من! چۆن؟ بۆچی ڕیفراندۆم ئەم جورئەتەی ھەیە كە بڵێت: من لەسەروو یاساوەم؟

1 - ئەسڵی مێژوویی چەمكی ڕیفراندۆم، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەریتە كۆنەی كە یەكێتییە كۆنفیدراڵییەكانی ئەڵمانیا و سویسرا پیادەیان دەكرد، ئەو یەكێتییانەی كە لە چەند ھەرێمێك پێكھاتبوون و بە ھەموویان ھاوپەیمانییەكیان پێكھێنابوو، لەناو ئەم ھاوپەیمانییەشدا ھەر ھەرێمێك نوێنەری خۆی ھەبوو، بەڵام نوێنەری ئەم ھەرێمانە دەبوایە بەتەواوی پابەند بوونایە بەو ڕێنماییانەی كە لە ھەرێمەكانی خۆیانەوە بۆیان دیاری دەكرا، ئیتر نوێنەری ھەریەك لەو ھەرێمانە كە یەكێتییە كۆنفیدراڵییەكەیان پێكھێنابوو، بە ھیچ شێوەیەك مافی ئەوەیان نەبوو لەناو ئەنجوومەنە كۆنفیدراڵییەكەدا، ھیچ بڕیارێكی نوێ بدەن، بەڵكوو دەبوایە بگەڕێنەوە بۆ خەڵكی ھەرێمەكەی خۆیان و ئەو بابەتە نوێیە لەناو خەڵكی ھەرێمەكەدا بخرایەتە ڕاپرسییەوە بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ھەرێمە بڕیار بدات كە ئایا ڕازییە لەسەر ئەو بابەتە نوێیە، یان ڕەتی دەكاتەوە؟

كەواتە لێرەدا خەڵك خۆی ڕاستەوخۆ بە (بەڵێ) یان (نەخێر) بڕیار لە ھەر بابەتێكی تایبەت بە ژیانی گشتیی خۆی دەدات، نەك تەنانەت نوێنەری ھەرێمەكانی خۆیشیان كە ھەر خۆیشیان ھەڵیانبژاردوون و بە یاساش نوێنەری خۆیانن! ئەی باشە كە ڕاپرسیی ڕاستەخۆ لەناو خەڵكەوە، واتە ڕیفراندۆم ئەو ھێزەی ھەبێت كە ئەسڵەن نەھێڵێت تەنانەت لە لایەن نوێنەرە ھەڵبژێردراوەكانی خەڵك خۆیشیانەوە كە بە یاساش نوێنەریانن! بڕیار یان یاسای بەسەردا بسەپێنرێت، ئەی ئیتر چۆن ڕیفراندۆم لەسەروو یاساوە نیە؟ كەواتە ھەر كەس و لایەك بڵێت ڕیفراندۆم بەھای یاسایی نیە، یان موفلیسێكی سیاسییە، یان ھیچ لە فەلسەفەی یاسا و ڕاپرسییش تێنەگەییشتووە.

2 - ڕاپرسی بە مانا گشتییەكەی، شێوازێكە لە شێوازەكانی بەشداریی سیاسی و ھەر بابەتێك كە پەیوەندیی بە كاروباری گشتیی دەوڵەتەوە ھەبێت، دەتوانرێت بخرێتە ڕاپرسییەوە و خەڵك بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە بدەن، بە بڕیاردان لە مافی چارەنووسی گەلانیشەوە، واتە ھەر گەلێك مافی ئەوەی ھەیە كە بڕيار بدات ئیتر نایەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا بژی و دەیەوێت دەوڵەتی تایبەت بە خۆی ھەبێت، كەواتە لێرەدا گەلان دەتوانن دەوڵەت دروست بكەن كە دەوڵەت خۆی یاسا دروست دەكات. جا كە دەوڵەت یاسا دروست بكات بەڵام گەلان بتوانن ئەو دەوڵەتەش دروست بكەن كە یاسا دروست بكات، واتە گەلان بتوانن دروستكەری یاساش دروست بكەن، ئەی ئیتر چۆن ڕیفراندۆم لە یاسا گەورەتر نیە؟

ھەر بۆ بیرخستنەوەی ماركسییە كۆنەكانیش كە ئێستاش ھەندێكیان پلار و توانج دەگرنە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، گوتەیەكی بلیخانۆفی گەورە بیرمەندی ماركسیی ڕووسیایان بیر دەھێنمەوە كە سەبارەت بە مافی بڕیاردانی گەلان لە چارەنووسی خۆیاندا و لە ساڵی 1908 و ئەو كاتەی بەشێك لە گەلی پۆڵەندا سەر بە ڕووسیا بوو، گوتی: ”ئەگەر پۆڵەندا نایەوێت ھاوسەرگیرییەكی شەرعی لەگەڵ ڕووسیادا بكات، مافی جیابوونەوەی ھەیە و دەتوانێت لە ڕووسیا جیا ببێتەوە.“

جا ئایا چ بەشێكی كوردستان ھەیە نەك ھەر ھاوسەرگیریی شەرعی، بەڵكوو بە ھاوسەرگیریی ناشەرعییش نەلكێنرابێت بەو دەوڵەتەی كە پێوەی لێكێنراوە؟ بۆچی لە یاسای باری كەسییدا ھاوسەرگیریی بەزۆر دەبێتە ھاوسەرگیریی ناشەرعی و دەبێ ھەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەزۆر ھاوسەرگیری بە گەلێكی وەك گەلی كوردستان كرابێت، ئەم گەلە مافی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ھاوسەرگیرییە بەزۆرە ناشەرعییەی نەبێت؟ ئیستا دەپرسم: ئەوەی دژی ڕیفراندۆم دەدوێت، ئایا لە ژیانی شەخسیی خۆیدا قبووڵی دەكات كە بەزۆر ھاوسەرگیریی پێ بكرێت؟