كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
فرسەت سەید شکور 25/09/2022

بۆچی شانازی بە ڕیفراندۆمەوە دەکەین؟

لە مێژوو و کولتوور و فەرھەنگی گەلاندا، یەکێک لەو دەستکەوتانەی شانازییان پێوە دەکرێ، خۆی دەبینێتەوە لە (ڕۆژی سەربەخۆیی، ڕۆژی ئاڵا، ڕۆژە نەتەوەییەکان) بەگشتی و لە ھەموو ئەو سمبولە نیشتمانییانەی کە ھەن.
لە فەرھەنگی گەلانی خاوەن (خاک، ئاڵا، فەرھەنگ، کولتوور، سمبول، خەباتی درێژخایەن)دا، ئەوەی شانازیی پێوە دەکەن، چۆنیەتیی خەبات و قوربانیدان بووە لەپێناو گەیشتن بە (ئازادی) و تێکۆشان بۆ (سەربەخۆیی).

كورد، گەورەترین نەتەوەی ئەم سەر زەمینەیە کە دەوڵەتی نییە و تا ئێستا تامی سەربەخۆیی نەکردووە. ھەر لەدوای دابەشکردنی (کوردستان) لە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی (لۆزان، سایکس بیکۆ،.. ھتد)، کورد لە ھەوڵی سەربەخۆییدایە، لەدوای ئەو قۆناغەوە چەندین ھەوڵی مێژوویی شۆڕشی ھەبوون، لە شۆڕشی (شێخ مەحموود حەفید) و (شێخ سەعیدی پیران) و (پێشەوا قازی محەمەد) و (مستەفا بارزانی).. ھتد.

کۆماری مھابادی تەمەن 11 مانگ، تا شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و شۆڕشی کوردانی ڕۆژھەڵات و شۆڕشی کورد بە گشتی لە چوار پارچەکە، تا دەگاتەوە بەدەستھێنانی ئۆتۆنۆمی لە ڕێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970 لەوێشەوە بۆ ڕاپەڕینی کوردانی باشوور لە ئازاری 1991، ئەمانە ھەموو قۆناغگەلێکی سەختی شۆڕش بوون کە ھێزی پێشمەرگە و بەشێکی زۆری خەڵکی ئازای ئەم نیشتمانە بزوێنەر و ھەڵسوڕێنەری بوون.

لەدوای ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن، لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانان و پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003 و بەشداریی کارای کورد لە نووسینەوەی دەستووری عێراق، قۆناغێکی نوێی سیاسەت و پەیوەندییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھاتە کایەوە.

ھەرێمی کوردستان ئەگەرچی لە ڕووی ئیدارەی سەربەخۆییدا بێ کەموکوڕی نەبوو، بەڵام توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش، لەپێش دەوڵەتی عێراقەوە بێ و چەندین گۆڕانکاری لە ئاوەدانی و بووژانەوە و بابەتی ئاسایشی نیشتمانی و ئارامی بۆ خەڵک دابین بکات، ئەم جیاوازییە لە ناوچەکە و جیھانیش ڕوون و ئاشکرا بوو، بەتایبەتیش پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە، ھەنگاوی گەورەی نابوو، ئەمریکا و دەوڵەتانی زلھێزیش ھەرێمی كوردستان و پایتەختی ھەرێمی کوردستانیان بە ناوچەی ئارام دەناساند، بەو پێیەی لەژێر ھەژموونی ھیچ دەوڵەتێکی ناوچەییدا نەبوو.

لە سەرەتاکانی ھێرشی تیرۆریستانی (داعش) بۆ ناوچەکانی کوردستان و زوو چۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی حکوومەتی عێراق و یەکە سەربازییەکانی، بەرگریی ئازایانەی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانیدا و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، لەبری دەستخۆشی لەلایەن سەرانی ئەوکاتی حکوومەتی عێراق، بێ ھۆکار مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، سەڕەرای گەمارۆی ئابووری و شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر، ھەرێمی کوردستان بە دروستکردنی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ ھاوپەیمانان، لەو قۆناغە سەختەدا بە ڕادەیەکی باش سەرکەوتنی بەدەست ھێنا، سەڕەرای ستەمی ناڕەوا و ئاشکرای حکوومەتی عێراق.

لەدوای تێکشکانی تیرۆریستانی داعش لەلایەن پێشمەرگە و ھاوپەیمانان، پێشمەرگە ڕێگەی مووسڵی بۆ سوپای عێراق و ھێزەکانی عێراق پاک کردەوە، تا بتوانن بچنە مووسڵەوە، ئەمە بووە وەچەرخانی ئازادکردنی (شاری مووسڵ). لەپاش ئەوە و لەبڕری سوپاس و دەستخۆشی لە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە زوڵم و ستەم، تا گەیشتە ئاستی و زوڵم و زۆری كردنی ئاشکرا لە ھەرێمی کوردستان.

بۆیە، لە بەرامبەر بەم دۆخە دژوارە، بە سەرپەرشتیی و سەركردایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی، بە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا، کە ئەمە دروستترین و ڕێکترین بڕیاری مێژوویی گەلی کوردستان بوو.

ڕیفراندۆم بە ئامانجی وەرگرتنی بۆچوونی كوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

دوای ئەوەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی وەك کەرکووک سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد و بە ڕێژەی 93% دەرکەوت خەڵکی ھەرێمی کوردستان دژی ئەو ناهەقییە ئاشکرایەن، کە لێیان دەکرێت.
سەرۆک بارزانی، سوارچاکی ڕێگای سەربەخۆیی، بوێرانە و دڵسۆزانە و پێشمەرگانە پێشەوایەتیی ڕیفراندۆمی کرد، ڕیفراندۆم ڕۆحی شەھیدانیشی ئاسوودە کردووە، ئەو شەھیدانەی لەپێناو ھەنگاونان بۆ سەربەخۆیی قوربانییان بە ژیانی خۆیان داوە.

دوای ئەوە، کورد بێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێکی بنێت، دەوڵەتانی ناوچەیی نابەرپرسانە کەوتنە پیلان و پیلانگێڕی، بە ئامانجی سڕینەوەی یەکجارەکیی قەوارەی (ھەرێمی کوردستان)، سەرەڕای بێبەڵێنیی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ھاوپەیمانان و بێدەنگی لە لەشکرکێشی و جەور و ستەمی حکوومەتی عێراق و بوونی چەندان دەستکێش و نامەردی زەمانە، گەلی کوردستان لە ھێشتنەوەی قەوارەی (ھەرێمی کوردستان) و بە تاپۆکردنی ڕیفراندۆمدا خۆڕاگر بوون.
ئەگەر بیرمان تیژ بێت، حکوومەتی عێراق ھەموو ھەوڵێکی دەدا تا ڕیفراندۆم ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لەو ھەوڵەی ئەوان شکستی ھێنا و ڕیفراندۆم شکستی نەھێنا.

لە پەرێز و خەمی ژیانی خەڵکی کوردستان و نەبوونی ڕێگەچارەی دیکە و شکستھێنانی حکوومەتی عێراق لە سڕینەوەی قەوارەی ھەرێم لەدوای داستانی (پردێ و سحێلا)، خاڵی ناچاری، گفتوگۆ بوو بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ماون.

سەرەڕای گەمارۆی ئابووری، سیاسی، سەربازی و لەشکرکێشی، لە زاری یەک سەربەخۆییخواز نەھاتە دەر کە لە (بەڵێ)یەکەی پەشیمان بێت، ئەگەرچی خەڵکانێک لەپێناو دەستکەوتی کەسی بوونە دەستکێشی نەیاران و حاشایان لە کوردبوونی خۆیان و خاک و ئاڵای خۆیان كرد، بەڵام ئەمانە ھەمووی نەبوونە ھۆکاری ساردکردنەوەی ئەو دەنگە زوڵاڵەی کە داوای (سەربەخۆیی) دەکرد.

دەستدانە ھەر خەبات و جووڵەیەکی سیاسی و چەکداری، پێویستی بە چەند شتێک ھەیە، لەوانە بوێری، گرنگتر لە ھەمووی یەکگرتوویی، ئەوەی کە کورد جیا دەکاتەوە لە گەلە ئازاکانی دیکەی دونیا، بەداخەوە بەدرێژایی مێژوو، ناسیۆنالیستی کوردی بابەتی یەکڕیزی كە نەك بە بۆچوونی ئێمە، بە بۆچوونی زۆربەی توێژەران و تێگەیشتووانی دونیا کێشەیەکی گەورە بووە، ئەوەی کە دێتە دی و دەبێتە لۆژیک، ھاوئاھەنگییە، جا ئەوە بە ھەر جۆرێک بێت ئاساییە، بەڵام ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا بینرا، ئاواتی ئاواتخوازانی دژایەتیکردنی سەربەخۆیی، دروستکردنی لۆژیک بوو بە ئاراستەی خزمەتی بێگانە و نەیاراندا!

ئەوەی لە دونیادا ئێستا باوە، گۆڕینی ئاراستەی چاوتێکردنی خەڵکە، بە نموونە، دەشێ دزێک ببێتە دەستپاک! خاکفرۆشێک خۆی بکاتە پاڵەوانی مەیدان! ترسنۆکێک خۆی بکاتە قارەمان! گوزەری ئێستا وەھاییە، ھەتا ئەو خەسڵەتانەت تێدا بوو، دەتوانی پێچەوانەکەی لە خەڵک بگەیەنێت و زۆر ئاسان بووە، تاکە ھۆکار بۆ ئەوە، نەبوونی ھۆشیاریی بەشێک لە کوردەکان، یاخود خۆشباوەڕی و ھەڵخەتاندیان بە ماددە و ئیمتیازات بووە، كە دەتوانرێ باوەڕیان پێ بھێنرێ، دەی لە ھەر شوێنیکیش باوەڕ و لۆژیکانە بیرکردنەوە نەبوو، خاک وێران دەبێت.

بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستییەکانی ڕووداوێک، ھەرگیز گوێ لە خاوەن کردار ناگیرێت، گوێ لە بەرامبەرەکەشی ناگیرێت، هەڵسەنگاندنی هەقیقەت لەسەر قسەی نەیار بکرێت گرنگییە، زۆر لە نەیارانی کورد، کە دژی خاک و ئاڵا و نەتەوەی کورد بوون، لەپاڵ دژایەتیکردن، ڕاستیشیان گوتووە، ھەمیشە ناو و پێگەی ئەو کەسانەیان ئاشکرا کردووە کە دەستکێش و ھەڵسوڕێنەڕیان بوون، ھەڵسوڕێنراوان گەلێ جار شانازیی بە لادان و کارە قێزەونەکانیان دەکەن، ئەمە نامۆ نییە و لە زۆر شوێنی دیکەدا ھەبووە.

ڕیفراندۆم.. مێژووی پڕ سەروەری

ڕیفراندۆم وەک شۆڕشە گەورەکانی دیكەی مێژووی کورد، دەچێتە نێو لاپەڕە پڕ شانازییەکانی گەلی کوردستان و وەک ئاواتی بەدیھاتووی سەکردە شۆڕشگێڕەکانی کورد و شەھیدان و سەرجەم سەربەخۆیخوازان دێتە ھەژمار، ئەوانەیشی دوای ئەم قۆناغە بوونە نۆکەر و دەستێکشی نەیاران، بۆ ھەمیشە ناویان بە قێزەونی دەمێنێتەوە و چ بیانوو و قسەیان بۆ تاوانەکانیان ناھێڵدرێتەوە، دەشێ زۆر بڵێن و شانازیی بکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە لای خەڵکی ھۆشیار و تێگەیشتوو ھەر ئەو دەستێکشانەن، کە بۆ پارە و ئیمتیازات، خاکیان لە خاک دابڕاند.

ئەوانەیشی کە نەبوونە دەستێکشی بێگانە و سەربەرزییان ھەڵبژارد، لە ھەر بیر و ڕا جیاوازێکدا بن، لای خەڵک جێگەی ڕێزن و ناویان گەورە دەمێنێتەوە، ئەوانەی سڵیان نەکردەوە و دژی دژە وڵاتان بوون.