كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

جیهان ماڵئاوایی لە شاژنی بەریتانیا دەكات

شاژنی كۆچكردوو لە تەمەنی 14 ساڵیدا یەكەم وتاری پێشكەشی گەلی بەریتانیا كرد

ئەمشەوی پێنجشەممە، كۆچی دوایی شاژن ئەلیزابێسی دووەم شاژنی بەریتانیا لە تەمەنی 96 ساڵی راگەیەندرا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 70 ساڵ و 214 رۆژ وەك درێژترین ماوەی پادشایەتی، وەك شاژنی بەریتانیا لەسەر تەخت بوو.

شاژنی كۆچكردوو، بەر لەوەی لە شەشی شوباتی 1952دا بە فەرمی تاجی شاژنایەتی بكاتە سەر، بەوە ناسرابوو كە هەر زوو تێكەڵی ژیانی سیاسی بوو، لە تەمەنی 14 ساڵیدا لە ڕێگەی ئێزگەی BBCییەوە یەكەم وتاری خۆی خوێندەوە، كە تیایدا باسی هەڵوێستی دەوڵەتی بەریتانیای كرد لەبارەی شەڕی جیهانی دووەم.

شاژنی بەریتانیا لە تەمەنی خۆیدا، 15 سەرۆك وەزیرانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی بەریتانیا راسپارد، یەكەم و ناودارترینیان وینستن چەرچڵ بوو لە ساڵی 1951، دواهەمینیشیان لیز ترەس بوو، كە بەر لە هەفتەیەك متمانەی پێبەخشی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی بەریتانیا.

شاژنی كۆچكردوو یەكێك لە سەركردە هەرە ناسراو و دەوڵەمەندەكانی جیهانە، بەپێی ماڵپەڕی celebrity net worth، قەبارەی سەروەتی شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا 600 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە، سەرباری سەروەت و سامانی ئەندامانی تری خانەوادەی پادشایەتی بەریتانیا.

شاژن ئەلیزابێس ناوی تەواوی ئەلیزابێس ئەلیکساندەر ماری بوو، لە ساڵی 1926 لە شاری لەندەن و لە خێزانی شاهانەی ئەو سەردەمەی بەڕیتانیا لەدایک بووە. ساڵی 1934 لەگەڵ شازادەی جێنشینی یۆنان فیلیپ ماونت بەیتن هاوسەرگیری کرد، خاوەنی چوار منداڵە بە ناوەکانی (چارڵز، ئانی، ئەندریو و ئێدوارد).

لە ساڵی 1952 دوای کۆچی دوایی باوکی، پادشا جۆرجی شەشەم پادشای بەڕیتانیا، بووەتە شاژنی بەڕیتانیا، تا ئێستا سێ جار هەوڵی تیرۆکردنی دراوە، کە دیارترینیان لە ساڵی 1981دا بووە، کە گەنجێک شەش گوللـەی پێوەنا، لە ماوەی 70 ساڵی حوکمڕانیدا، هەموو خەڵاتەکانی (جوبڵی) پێبەخشراوە، کە خەڵاتێکە لە دوای 25 ساڵی حکومڕانییەوە دەدرێتە پاشاکانی جیهان و تاکو 70 ساڵی بەردەوام دەبێت.

شاژنی كۆچكردوو، شوێنکەوتەی ئاینی مەسیح بووە و لە زۆربەی بۆنە ئاینییەکاندا بەشداری کردووە، کاتێکی زۆری تەرخان کردووە بۆ گفتوگۆکردنی ئاینی مەسیح لەگەڵ قەشە بەناوبانگەکان، کە دیارترینیان قەشە فرانسیس پاپای ڤاتیکانە.

بڕیارە سبەی هەینی میر چارڵسی كوڕی شاژنی كۆچكردوو، بكرێت بە پادشای وڵات و له‌سەر تەختی بەته‌مه‌نترین شاژنی به‌ریتانیا دابنیشێت، لە هەمان كاتدا له‌ به‌ریتانیا ماته‌می گشتی بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ راده‌گه‌یه‌ندرێت، بەر لەوەی هەفتەی داهاتوو تەرمی شاژنی كۆچكردوو لە ڕێورەسمێكی شكۆداردا به‌خاك بسپێردرێت.

هەر ئەمشەو زۆرێك لە سەركردە و سەرۆكەكانی جیهان پرسەنامەیان ئاراستەی بنەماڵەی پادشایەتی و گەلی بەریتانیا كرد، سەرۆك مەسعود بارزانی رای گەیاند زۆر خەمبارە بۆ كۆچی دوایی خاوەنشكۆ شاژن ئەلیزابێسی دووەم، هەروەها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان دڵته‌نگی بۆ كۆچی شاژن ئه‌لیزابێسی دووه‌م دەربڕی.

هەروەها كۆشكی سپیی ئه‌مریكا ئاڵای وڵاته‌كه‌ی داگرت و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا گوتی شاژن خانمێكی ده‌وڵه‌تمه‌داری خۆڕاگر و بێوێنه ‌بوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش بە خولەکێک بێدەنگی، پرسەی خۆیان بۆ کۆچی دوایی شاژن ئەلیزابێس دەربڕی، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كانیش رای گەیاند سەرکردایەتییەکەی شاژن ئەلیزابێسی دووەم سەرنجی جیهانی راکێشابوو، ئەو هاوڕێیەکی باشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لای خۆیەوە پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكانیش گوتی زۆر خه‌مبارە بۆ كۆچی دوایی شاژن ئەلیزابێسی دووەم، نزا بۆ شاژنی كۆچكردوو و پادشای نوێ ده‌كات.