كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دۆلارێکی زۆر خرایە بازاڕ و بەهاکەی دابەزی

 

ئەمڕۆ چوار شەممە 17/8/2022، بانکی ناوەندی عێراق بەرزترین فرۆشی لە دروای دۆلاری ئەمریکی لە مەزادی فرۆشی دراوی ئەمساڵ تۆمارکرد و بەهای دۆلاریش دابەزی.

بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردەوە، لە رێگەی مەزادی کڕین و فرۆشتنی دراوەوە، بانکی ناوەندی، ئەمڕۆ 17ی ئاب، بڕی 292 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، ئەمەش لە کاتێکدا نرخی یەک دۆلار 1460 دینارە، ئەمەش بە بەرزترین ئاستی فرۆشتنی ڕۆژانەی دۆلار دادەنرێت، کە بانکی ناوەندی فرۆشتبێتی لە ماوەی ئەمساڵدا.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 148 هەزار دینارە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوودا نرخەکەی 148هەزار دینار و 850 دینار بوو.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بانکی ناواندی، سبەی پێنجشەممە18/8/2022، تەنیا 240 ملیۆن دۆلاری لەرێگەی مەزادی ئاشکرا فرۆشتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە لە مانگی پێشوودا زۆرترین خستنە روو و فرۆشتنی دۆلار لە یەک رۆژدا 275 ملیۆن دۆلار بوو.

لای خۆیەوە، شێروان ئەنوەر مستەفا، ڕاوێژکاری هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو دۆلارەی ئێستا بانكی ناوەندی رۆژانە دەیفرۆشێت، ژمارەی پێوانەییە، بۆ نموونە، گەیشتووەتە 292 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، لەوە زیاتر زەحمەتە، لەكاتێكدا کەمتری فرۆشتووە".

پێشتر عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق بڵاوی كردەوە: "100 واژۆی پەرلەمانتارانمان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كۆ كردووەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە، كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە و تیایدا هاتووە: "بەپێی ماددەی 61ی دەستووری عێراقی و ماددەی 56ی سیستەمی ناوخۆی پەرلەمان، داواكارین بابەتی دابەزاندنی نرخی دۆلار، لەنزیكرین دانیشتنی پەرلەماندا بخرێتە ڕوو".

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەرزیی نرخی دۆلار و خراپیی دۆخی ئابووری، كاریگەریی خراپی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە و دەبێت نرخی دۆلار كەم بكرێتەوە.