لە دیمانەیەکی باسنیوز دا (سەعید جردۆ)، سەرۆکی نوێی دەستەیی باڵای بنکەی لالشی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی گوتی:'' لەسەر هەمان خەبات و دروشمە بەناوبانگەکەی کە (لالش کە کانیاوێکی زوڵاڵە و دەچێتە نێو رووباری ڕۆشنبیری کوردی)یهوه و بە خوێنێکی تازە و یەکگرتوو و یەک تیم کاردەکەین، لە پێناو ناساندن و پاراستنی کولتووری ئێزدییان بە جیهان و دەست بە دروستکردنی کەناڵە ڕۆشنبیرییەکان دەکەین.
(باسنیوز) کۆنگرەی 14ی بنکەی لالش چۆن بەڕێوەچوو؟
سەعید جردۆ: کۆنگرەی بنکەی لالش لە سەرەتای مانگی ئاب بەڕیوەچوو و زیاتر لە 400 کەس بەشدارییان تێیدا کرد و لە هەموو ناوچە ئێزدی نشینەکان بەشدارییان هەبوو، هەموو ئەندامەکانی لالش بە ئازادانە و دیموکراسیانە بهشداریی ههڵبژاردنیان كرد، 15 کەس بۆ دەستەی باڵای بنکەکە هەلبژێردران، دوای چەند رۆژ سەرۆک و جێگر و سەرۆک لیژنەکان دانران.
(باسنیوز) کارنامەی دەستەی نوێی بنکەی لالش چییە؟
سەعید جردۆ: ئەمجارە دەستەی باڵا بە یەک تیم لە هەموو ناوچە ئێزدینشینەکان کار بۆ ناساندنی چاند و کولتووری ڕەسەنی ئێزدییان بە دونیا دەدەین و هەوڵ دەدەین، و ئەو شتە ناڕاستانهی لە سەر ئێزدییان نووسراوە ڕاست بکەینەوە، هەروەها هەوڵ دەدەین، بە یەکگرتوویی خزمەت بە ئێزدیاتی و کوردایەتی بکەین لە بوارەکان ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی.
(باسنیوز) بۆ ناساندنی کەیسی ئێزدییان چی دەکەن؟
سەعید جردۆ: یەکێک لە کارە له پێشینەکانمان به جینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزدیهكانه بە جیهان، لە ڕیگای هەموو لق و نووسینگەکانمان کار بۆ هاوکاری ئێزدییان و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانمان بەهێزتر دەکەین، چونکە ئێزدیهكان ڕووبەڕووی کۆمەڵکووژیەکی گەورەبوون، دەبێت سهرجهمی ئەم تاوانانە دۆکیومێنت بکرێن.
(باسنیوز) بۆ کردنەوەی لق و نووسینگەکانتان چ بەڕنامە و پلانێکتان هەیە؟
سەعید جردۆ: ئامانجی بنکەی لالش کردنەوەی کەناڵە ڕۆشنبیرییەکانە لە هەموو شوێنەکانی دونیا و یەکێک لە ئامانجهكانمان کردنەوەی نووسینگەکانە لە هەموو شوێنەکانی ئێزدیی نشینەکان.