كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەنوەر مەسیفی: لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، هەوڵی یەكخستنی رەوەندی كوردستانی دەدەین

“لەپاش 16ی ئۆكتۆبەر رەوەندی كوردستانی تووشی دڵشكان بوون”

لەم چاوپێكەوتنەی (باسنیوز)دا، ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە بارودۆخی كوردانی تاراوگە و رۆحی كوردایەتی و دابەشبوونی ڕەوەندی كوردستان بەسەر لایەنە كوردستانییەكاندا دەكات.

(باسنیوز): دۆخی ڕێکخستنی سیاسی لە ئەورووپا چۆنە ؟ ئایا کوردانی ئەورووپا لە پەیوەندییان بە پارتە سیاسییەکان، هەمان گەڕموگوڕیی جارانیان هەیە؟
ئەنوەر مەسیفی: بمبەخشە، پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، دەمەوێت لە دیدی خۆمەوە پێناسەیەکی کورتی ڕەوەندی کوردستانی و پێکهاتەکانی و بیرکردنەوەیان بکەم، کە پەیوەستە بە وەڵامی پرسیارەکەت، بەشێکی گەورەی ڕەوەندی کوردستانی لە خەڵکی ناو شۆڕش پێکهاتوون لە پێشمەرگە و کادیری سیاسی و ڕۆشنبیران، کە هەریەکەیان قاڵبووی تێکۆشانن و نیشتمانپەروەری لە ناخ و ویژدانیان گوزەر دەکات و هەریەکەیان بە هۆکارێکی سیاسی و لە پارچەیەکی بندەستی کوردستانەوە، وەک مەلێکی تەریوەی باڵشکاو ئاوارەی هەندەران بوون، لەسەر سووربوونیان لە ماف و ئازادییەکانی کوردستان و دژ بە داگیرکاران جەنگاون، بە بیروباوەڕی جیاواز و ئایدییا دابەش بوون بەسەر حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کە لەڕاستیدا هەموومان لە یەک خاڵدا یەکدەگرینەوە، کە کوردین و کوردستانین، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، لە ئەزموونی چەندین ساڵەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لە قۆناغە جیاجیاکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییمان فێر نەبووین، کە چۆن بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و داگیرکارییەی دەرهەق بە گەل و خاکەکەمان بتوانین یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین، ئەمەش بەهۆی هەڵە و بیرکردنەوەی هەندێ کەسی ناو حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بووە بە ناوخۆیان و ناو کوردستانی، بێ گومان ڕەنگدانەوەی لەناو ڕەوەندی کوردستانییشدا دەبێت، بۆ لەیەکترازان و دوورکەوتنەوە لەیەکتر، کە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە پاشەکشەدا دەبێت و ئەمەش هەموومانی تیا زەرەرمەند بووین و هەریەکە بەو سیاسەتەی دەیکات بەجیا دەیەوێت ڕێڕەوی بیری خۆی لە ناخی کۆمەڵگەکاندا بچەسپێنێ، کە ئایا ڕاستە یان هەڵە ئەوە مێژوو ڕاستی دەکاتەوە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە کوردستانیبوونمان بۆ یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لەبەرچاو گرتووە، و وەک بنەماکانی ڕێبازەکەمان بە بەردەوامی کاری لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی دەكەین، کە ڕەوەندی کوردستانی هێزێکی گەورە و پشتیوانی دۆزی ڕەوای نەتەوەییمان بێت، بۆ وەڵامی بەشەکەی دیكەی پرسیارەکەت، بێ گومان بەشێکی ڕەوەندی کوردستانی هەمیشە پابەندن بە حزب و پارتە سیاسییەکانیان، کە هەریەکەیان بە فەرمی لە وڵاتانی جیاوازی ئەورووپا بارەگا و ڕێکخستنیان هەیە و بەردەوام چالاکیی دەکەن و بەشداریی کۆبوونەوەکانی نێودەوڵەتی و کۆنفرانسە جیهانییەکان دەکەن، لە بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵی چالاکییەکانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بۆ کوردستان، ڕەوەندی کوردستانی بە هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکانەوە ڕژانە نێو شەقام و بە هەموو دنیایان ڕاگەیاند، کورد دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا خاوەنی ماف و ئازادییەکانی خۆی بێت و پێکەوە شەڕی تیرۆریستانیان کرد و پێشمەرگەیان کردە ناسنامەی ئاشتی و ئازادی بۆ جیهان، جاریکی دیكە دەڵێم، بەداخەوە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر، دڵشکانێک بە ڕەوەندی کوردستانییەوە دیارە و ئەو بارودۆخەی کە ئێستاش لە باشووری کوردستان و پارچەکانی دیكەی کوردستان دەگوزەرێت، بێ گومان رەنگدانەوەی هەیە، بۆ ئەوەی ئەو گەرموگوڕییەی جاران نەبینیت، بەڵام ڕەشبین نیم، بەم وێنەی دەیبینم لە ناکۆکی و دوورەپەرێزی لەیەکتر، بەڵکوو گەلی کورد ئەوەش تێدەپەڕینێت، بە لەیەکنزیکبوونەوەی سەرکردەکانی کورد لە کوردستان، کە هەوڵەکان بەردەوامن و دەبێت لە ئاستی گۆڕانکارییەکاندا بن و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، ئەمەش بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی نێوماڵی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەبێ، بۆ کوردستانێکی بەهێز.

(باسنیوز): بە ڕای تۆ تا چەند گرنگە ڕای کوردانی تاراوگە یەک بخرێت و بتوانن لە پرسە چارەنووسازەکاندا بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر، فشار بخەنە سەر وڵاتان، بۆ پشتیوانیکردنی کوردستان؟
ئەنوەر مەسیفی: هەروەک ئاماژەم پێ دا، بەداخەوە ناکۆکییەکانی حزب و پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە پرسەکانی کوردستان و ڕێكنەکەوتنیان، بەدڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەی لەناو ڕەوەندی کوردستانیدا هەیە، کە دابەش بوون بەسەر پارت و حزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەو ئامانجە پیرۆزەی پەک خستووە، کە پەیامێکی یەکگرتووی کوردستانیی هەبێت، بەدڵنیاییەوە، ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە بەیەکگرتوویی، دەتوانن کاریگەریی باشیان لەسەر گوشارخستنە سەر وڵاتان هەبێت، بۆ بەرژەوەندیی پرسەکانی کورد. لەڕابردوودا یەکگرتوویی ڕەوەندی کوردستانی لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان توانییان زۆر دەسکەوتی گەورە بۆ کوردستان مسۆگەر بکەن، بەهیوام بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزانە. ئێمەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە بۆ یەکبوونی ڕەوەندی کوردستانی و هەنگاوی گەورەش بڕاوە و بەهیواین بتوانن دەنگ و ڕەنگی نەتەوەیی کورد بن و دەستکەوتی گەورەتر بۆ کورد مسۆگەر بکەن، کە ئێستا لەچاو ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی ڕابردوو، ڕەوەندی کوردستانی ڕێژەکەیان زیاتر و پڕ ئەزموونترە و نەوەی دووەم و سێیەمی کۆچبەران لەو وڵاتانە لەدایک بوون و خاوەن بڕاونامەی بەرز و لە شوێنە گرنگەکانی نێو جومگەکانی دەسەڵات و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن، کەواتە دەتوانن لە پرسە چارەنووسازەکاندا ڕۆڵی گرنگ ببینن، کە لەڕابردوودا ئەو کارەیەن کردووە و بەهیواین بتوانین لە ئاستی خواستی گەورەی نەتەوەییماندا بین، کە خەونی شەهیدان سەربەخۆیی کوردستان بوو.

(باسنیوز): کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکانی تاراوگە تا چەند لە ئاست دۆزی ڕەوای گەلەکەیان کار دەکەن و چ هەوڵێک دراوە بۆ یەکخستنیان وەک هێزێکی ڕەوەندی کوردستانی، بۆ پشتیوانیی لە دۆزی گەلەکەمان؟
ئەنوەر مەسیفی: زوڵم و زۆریی داگیرکاران و هەستکردن بە بندەستیی داگیرکردنی نیشتمان لە هەندەران ئازارێکی ناخهەژێنە، کە چەند کوردێک لە شوێنێکدا پێکەوە بووبن، توانیویانە کۆمەڵەیەکی کوردیی کولتووری و ڕۆشنبیری بۆ خۆیان دابمەزرێنن، کە لەدێرزمانەوە ئەم هەنگاوە نراوە و هەیە و چالاکیی خۆیان وە بە ناوی کوردستان كردووە و بە بێلایەنی هەمووانیان لە ئامێز گرتووە، بەداخەوە لەم دواییانەدا هەندێکیان بوونە سێبەری حزب و پارتە سیاسییەکان و لەوێوە بڕیاریان وەردەگرت، کە ئەمەش بەپێی میزاج و بیرکردنەوەی ئەو کەسانە بوو، کە لە ئاستی خواستی نەتەوەیی و ڕەوەندی کوردستانیدا نەبوون، کە کاریان لەگەڵدا بکەن، بە هەڵگرتنی دروشمی زەق و خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان.

(باسنیوز): ئەو هۆکارانە چیین، کە ڕەوەندی کوردستانی ناخرێنە چوارچێوەیەکی کوردستانی، بۆ ئاراستەکردن بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان؟
ئەنوەر مەسیفی: بوونی کۆمەڵە و فیدراسیۆنەکان ئەوە راستییە، كە خۆیان هەن و هیچ کەس و لایەن دروستی نەکردوون، بەڵکو ئازاری ناخهەژێنی کوردایەتی و عاشقبوونیان بۆ خاک و نەتەوە و ئینتیمابوون و بەستنەوەیان بە ڕابردووی خۆیان، کە پێشمەرگە بوون، بەردەوام بوون لە دەنگ و ڕەنگی کوردستانی و کاتی دەوێت ئەم کۆمەڵە و فیدراسیۆنانە لەژێر سێبەری حزبایەتی دوور بخرێنەوە و بخرێنە ژێر چەتری کوردایەتی، ئەمەش بەڵێن و کاری ڕاستگۆیی دەوێت و دەبێت لەناویاندا کاری بەردەوام بکرێ، نەک لەدوورەوە بڕیاریان ئاراستە بکرێ، هەوڵەکانی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پێناوەدا بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵیان، بەهیواین هەمووان بگەڕێنەوە ژێر چەتری کوردایەتی، کە ئەمڕۆ وەک خواستی کوردستان، بوونیان وەک هێزێک زیاتر کوردستان بەهێز دەکات.

(باسنیوز): هەندێ لە کوردەکان، کە خۆیان بە چالاکوان دەناسێنن، ڕەفتاری نامۆ و نەشیاو دژ بە دەسەڵات و خەڵکی پارتە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، ئەمە تا چەند کاریگەریی هەیە؟
ئەنوەر مەسیفی: بەڵێ ئەمە دیاردەیەکی ناشارستانی و ناشرینە بۆ ناوبانگی کورد لەنێو کۆمەلگەکانی ئەورووپا، بە بەرزکردنەوەی چەند دەنگێکی نەشاز و ناڕەزایەتیی دژ بە دەسەڵات و حکوومەت، لە کوێی دنیادا ڕوویداوە، هاووڵاتیی خۆت دژی ئاڵا و سەرەوەرییەکانی بووبێت و مێژووی سەرکردەکانی ئاوەژوو بکات، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین، کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان هەبێت و ناڵێین هەموو شت تەواوە، بەڵام بەشێوەیەکی شارستانی و دوور لە توندوتیژی، کە ئەمە ڕەفتاری کوردایەتی نییە و ئەو چەند گەنجەش ڕەنگە ناڕەزایەتییان هەبووبێ و ئێمە پشتگیرییان دەکەین، چونکە هەموویان ڕۆڵەی نیشتمانەکەمان و کەسوکاریان باجی گەورەی کوردایەتییان داوە، بەڵام دەستی گێرەشیوێن لەناویاندا ئەو بارگرژییە دەخوڵقێنن و تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێ، بەهیوام بتوانین ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و هاوکاریان بین لەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، لە نەبوونی ماوەی مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری، کە ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ڕوویەکی ناشرین پیشانی وڵاتان بدەن، لەپێناو خواستی تاکەکەسی و مانەوەیان لەو وڵاتانە، بەڵام وڵاتان ئەو ڕاستییە دەزانن، کە قسەکانی ئەمان نادروستە و ئێمەش لەگەڵ ئەوەدانین لەسەر مافی پەنابەری و ناردنەوەیان ئازاری دەروونیی هیچ تاکێکی کورد بدرێ، هیوای ژیانێکی ئارام بۆ هەریەکەیان دەخوازین، کە بتوانن سەرقاڵی کار و خوێندن و ژیانی خۆیان بن، لە کەناری ئارامیی ئەم وڵاتانە.

(باسنیوز): دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان، هەست بە هەندێک سەرکەوتنی زەق دەکرێ، لەدەرەوەی وڵات چۆن سەیری کارەکانی کابینەی نۆیەم دەکرێ؟
ئەنوەر مەسیفی: بێ گومان هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەو هەموو قەیرانەی کە تووشی بوون، بە لێزانانە و لێهاتوویی سەرۆکوەزیران، ڕێزدار مەسرور بارزانی، بە پشتیوانیی گەلەکەمان بۆ خۆی سەرکەوتنێکی گەورە بوو، ئەمەش خۆشحاڵییە بۆ ڕەوەندی کوردستانی، کە نیشتمانەکەیان لە کەناری ئارامیدا ژیان بە ئازادی بگوزەرێنن و هەنگاوی جدیی دیكەیش لە ڕێگایە، کە بتوانرێ ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان خۆشتر بکرێ، لە دەستەبەرکردنی داواکارییەکانیان.

(باسنیوز): وەک لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، دوا هەنگاوتان چییە؟
ئەنوەر مەسیفی: لەدوای سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕێکخستنەکانمان لە لیژنە ناوچەکانی وڵاتانی ئەورووپا و بەسەرکردنەوەی کۆمەڵە و فیدراسیۆنە کوردییەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵیان بۆ یەکخستنیان لەژێر چەتی کوردایەتی، وەک دیاسپۆرا هەنگاوی گەورە و باشمان بڕیوە، کە پشتیوانیی ئەو ئامانجە پیرۆزە بین ، لەگەڵ ئەمەشدا خۆمان ئامادە کردووە و چاوەڕوانی ڕێنمایی سەرکردایەتیی خۆمانین، بۆ هەنگاونان بۆ کۆنگرەی 14ی پارتیمان و بەشداربوونمان.

(باسنیوز): دەکرێ لەکۆتایدا پێمان بڵێیت، جیاوازیی کارکردن لەنێوان هەندەران و کوردستاندا چییە؟
ئەنوەر مەسیفی: بێ گومان جیاوازییەکی گەورە هەیە، لە کوردستانێکی ئارام و پێشکەوتووی پڕ لە خزمەتگوزاری و هاوشاری و کەسوکاری خۆت و یارمەتیدانی یەکتر، ژیان پڕ لە خۆشی دەکات، بێ گومان لە شارێکیشدا نزیک نیشتەجێبوونیان بارەگای حزب و فەرمانگەی حکوومی هەبێ و کار بکەن و مووچە و ئیمتیازیان هەبێت و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەیان هەبێت، لە هەبوونی ئۆتۆمۆبیلی تایبەت بە خۆیان و کاتێکی کەم و پشوویەکی زۆریان لەبەردەستدا بێت، کە کاری حزبی و فەرمانبەری و کاری ڕۆژانەیان ڕاپەڕێنن، هەریەکەیان جێگای شانازیین، کە خاوەنی پلەی بەرزی کوردایەتین، بەڵام ئێمە لە کیشوەرێکی گەورەی ئەورووپا کار دەکەین، لەگەڵ خەڵکانێك کە دوور لە بەرژەوەندیی خۆی و خۆبەخشانە کار بۆ کوردستانیبوونی دەکات، بە کوردایەتی لەنێو ڕێکخستنەکاندا، ئەمەش لە بیروباوەڕی بەرزیان و عاشقبوون بۆ خاک و گەل، ئەم هەڵوێستە جوانە بەرجەستە دەکەن، کە هەندێکیان ڕۆژانە لە ڕاکە ڕاکدان بەدوای ژیاندا و هەشت کاتژمێر کار دەکەن و ماندووی ژیانن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی بۆ خۆی و منداڵەکانی، کەچی لە پشووەکاندا چەندین کاتژمێر لە دووریی نیشتەجێبوونی خۆیان بەشداریی کۆبوونەوە و چالاکییەکان دەکەن، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی پاداشت و سوپاس بکات، هیوادارین سەرکردایەتیی کوردستان ئەم دڵسۆزییەی کوردانی تاراوگە لەبیر نەکەن و هەمیشە داواکارییەکانیان لەبەرچاو بگرن و لەئێستاشدا پارتیمان و سەرکردایەتی بە سەرپەرشتیی هێژا سەرۆک بارزانی، سەرقاڵی ئامادەکاریییە بۆ کۆنگرە، کە کۆنگرەش باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە بۆ هێنانەپێشەوەی خوێنی تازە و نوێبوونەوەی حزب، هیوادارین پشکی دڵسۆزان لەیاد نەکرێ و بەهیواین هەموومان لە کوردستانێکی ئازاد و پڕ لە خۆشی ژیان بۆ یەکتر خۆش بکەین.