كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ئەسرین عاسی شوانی 15/08/2022

ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان و چەقبەستوویی بارودۆخی عێراق

ماوەیەکی زۆرە و هەر لەدوای هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری 2021وە، بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنەوە، بارودۆخی عێراق، بەهۆی ئەو بۆشاییە سیاسی و ئیدارییەی لە نەبوونی حکوومەتی نوێدا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، بۆیە وەک دەبینین خەریکە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و وڵات بەرەو داڕمان دەڕوا و بۆنی شەڕی ناوخۆیی لێ دێت.

بە مەبەستی ڕوونەدانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، وەک هەستکردن بە لێپرسراوێتی بەرامبەر ئەو دۆخە چەقبەستووەی عێراق تێی کەوتووە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، ئەوەش بەوە دەکرێت، کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بگەڕێنەوە بۆ دەستووری عێراق و هەستکردن بە لێپرسراوێتی بەرامبەر ئەو دۆخەی عێراقی پێیدا تێدەپەڕێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم بارودۆخەدا پێی وایە، بۆ باشترکردنی دۆخی عێراق و چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە، ڕێکكەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بە مەرجی ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕازیبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، تا ئەزموونەکانی پێشووتری هەڵبژاردنەکان دووبارە نەبنەوە و عێراق لەوە زیاتر دوچاری بۆشایی ئیداری و بەڕێوەبردن نەبێتەوە.

دیارە ئەو ڕاگەیاندنەی پارتی وەک دەسپێشخەرییەک و هەست بە بەرپرسیارێتیکردنە بەرامبەر بارودۆخی عێراق، کە بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و یەکتر نەخوێندنەوە لە هەڵدێر نزیک بووەتەوە، بەڵام پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان، هەستی بەو مەترسییە کردووە و داوا لەلایەنەکان دەکات و بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ بانگهێشتیان دەکات و ڕێگاچارە دەخاتە بەردەمیان، بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە پێکهێنانی حکوومەتدا دووبارە نەبنەوە.

پارتی داوا دەکات لایەنەکان ڕێکكەوتنی پێشوەختە بکەن و دوای هەڵبژاردن بە ئەنجامەکانی ڕازی ببن و لەوە زیاتر بارودۆخی عێراق خراپتر نەکەن، بە جۆرێك، كە ئەنجامی هەڵبژاردن سەنگی مەحەک بێت، ئەمە باشترین چارەسەرە، کە سەرکردایەتیی پارتی پێشکەشی لایەنەکانی کردووە، چونکە ئەگەر وا نەبێت، کێ دەڵێ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارەش بە دەردی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ناچێت؟ لەبەرئەوەی وەک بینیمان لە ڕابردووشدا هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانی بۆ خەڵک و ڕای گشتی ئاشکرا کراون، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بە ئەنجامەکەی ڕازی نەبوونە، دووریش نییە ئەمجارەش بە بە هەمان شێوەی ڕابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و بە ئەنجامەکانیشی ڕازی نەبن، یان هەندێ لایەن کێشە بۆ پێکهێنانی حکوومەت دروست بکەن، بەڵام وەک ئەوەی لە ڕاگەیانراوەکەی پارتیدا هاتووە، هەموان کۆک و پابەند بن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە، چونکە ئەوە هەڵبژاردنە و بڕیار و دەنگی خەڵکە و لایەنەکانیش دەبێت ڕێز لە دەنگ و بڕیاری خەڵک بگرن، نەک ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی حزبی، دووبارە و چەند بارە کێشە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکرێت و عێراق لە بۆشایی ئیداری و بەڕێوەبردندا بهێڵنەوە، بۆیە پارتی پێی باشە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێتەوە و ڕێزیش لە ئەنجامەکانی بگیرێت، بەپێی ئەو ڕێکكەوتنە پێشوەختەیەی لایەنەکان لەسەری ڕێک دەکەون، بەر لە چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەکەوە.