كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییش مانگرتنێكیان لە بەغدا راگەیاند

سێ خۆپیشاندانی جیاواز لە یەك كاتدا بەردەوامە

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی سێ خۆپیشاندانی سێ بەرەی جیاواز لە یەك كاتدا لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ پێكدادانێك ڕووبدات.

سەرباری ئەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر تا ئێستا بەردەوامن لە مانگرتن، ئەمڕۆ ئێوارە لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعییش كە ركابەری سەرەكیی رەوتی سەدرن، دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی بەرفرەوان، دەستیان بە مانگرتنێكی كراوەش كرد لە ناوچەی جادرییەی بەغدا و چەند داوایەكیان بەرز كردەوە، لەوانەش پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمان.

لەلایەكی دیكەشەوە خۆپیشاندانێكی تر بەڕێوەدەچێت بە ناوی مەدەنییەكان كە حزبی شیوعی و چەند گرووپێكی تری جگە لە لایەنەكانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەخۆ دەگرن.

پێش كەمێكیش ئەیاد عەللاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا دەڵێ عێراق لە مەترسییەكی گەورەدایە و پێویستە پەرلەمانی عێراق دەستبەجێ لە هەر شوێنێك بۆی بلوێت، كۆبێتەوە، تاكو سەركۆمارێك هەڵبژێرێت و دەست بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكرێت.