كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 11/08/2022

كە لە حكوومەتدان پارەیان بۆ سلێمانی نیە، بەڵام بكشێنەوە پارە ھەیە!

لەبەرئەوەی لە میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاو كراوەتەوە، بۆیە منیش ئەم وتارە دەنووسم، ئەگینا ئەگەر ھەر وتی وتیی ئەملاولا بوایە، منیش حەقم نەبوو بەسەریەوە. سێ چوار ڕۆژێكیش لە میدیای یەكێتی ئیشم كردووە، ھیچ ھەواڵێك لە میدیای فەرمیی یەكێتی ھەر لەخۆوە و بێ ھیچ مەبەستێك داناندرێت و بڵاو ناكرێتەوە.

ئنجا بە گوێرەی دەقی ئەو ھەواڵەی كە لە میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاو كراوەتەوە، لە كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانیەكان لە سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان كە تایبەت بووە بە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی گوتویەتی: ”ئەگەر ئەم گەمارۆدانەی سلێمانی بەردەوام بێت، یەكێتی لە حكوومەتی ھەرێم دەكشێتەوە!“ ھەر ئەم قسەیەی بافڵ تاڵەبانییشیان كردووەتە مانشێت، بەڵام ھەر بۆ زانیاری نە لەناو تێكستی ھەواڵەكەدا و نە لە مانشێتی سەرەكیی ھەواڵە فەرمیەكەی یەكێتیدا، لە تەنیشت ناوی حكوومەتی ھەرێم وشەی (كوردستان) نەنووسراوە، واتە نەنووسراوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەڵكوو ھەر نووسراوە حكوومەتی ھەرێم!

با جارێ ئەم (كوردستان پەڕاندن)ە و ئەم (كوردستان نەنووسینە)ش لەپەنا ناوی حكوومەتی ھەرێم بمێنێت، ئەمەش ڕۆژی خۆی دێت بۆ نووسین! بەڵام جارێ با بێینە سەر ئەسڵی بابەتی نووسینەكە و ھەر لەسەرخۆ و بەشێنەیی ھەندێك پرسیار بكەین:

1- تەبعەن كە دەگوترێت ئەگەر ئەم گەمارۆدانەی سلێمانی بەردەوام بێت! ئەوە تۆمەتباركردنی ناڕاستەوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە كە گوایا گەمارۆیان خستووەتە سەر سلێمانی. ئەوی ڕاستی بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم تۆمەتە، حەق وایە ھەریەك لە قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی وەڵام بدەنەوە كە ئایا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەمارۆی خستووەتە سەر سلێمانی؟ بەڵام خۆ كفر نیە منیش وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان و بەدەر لە حزبەكان، ھەندێك پرسیار بكەم، ئەی ناڵێن ھاووڵاتی مافی ھەیە؟

- دە باشە ئایا ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەمارۆی خستووەتە سەر سلێمانی، چۆن وەزارەتی دارایی لە بودجە و پارەی نەوتی فرۆشراوی مانگی 7ی ئەمساڵ پێش ئەوەی یەك مووچەخۆری ھەرێمی كوردستان یەك دینار لە بودجەی مانگی 7 وەربگرێت، دێت و مووچەی مووچەخۆرانی مانگی 6ی لە سلێمانی پێ تەواو دەكات؟

ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەمارۆی خستووەتە سەر سلێمانی، چۆن وەزارەتی دارایی دەوەستێت و ھەتا مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی مانگی 7 لە سلێمانی تەواو نەكرێت، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 8 لە ھیچ شوێنێكی ھەرێمی كوردستان ناكات؟

- ئەی ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەمارۆی خستووەتە سەر سلێمانی، بۆچی دوو جار وەزیری دارایی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ھەرێمی كوردستان لە سلێمانی دەگۆڕێت؟ خۆ ئەگەر ئەم كێشەیەی سلێمانی لە ھەولێرەوە دروست كرابێت، وەزیری دارایی بەرپرسێكی دارایی لەناو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر دەگۆڕی نەك لە سلێمانی، واتە وەزیری دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باش دەزانێت كێشەكانی سلێمانی لە كوێ و لە چ كون و كەلەبەرێكەوە سەرچاوەیان گرتووە!

2- باشە با ئەوەش بەجدی وەربگرین كە یەكێتی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكشێتەوە، ئێ باشە خۆ ئەو كاتە دەبێت یەكێتی بۆ ڕاییكردنی كاروباری گشتیی خەڵك لە سلێمانی، ئیدارەیەك، شتێك! دروست بكات، ئێ خۆ ئەو ئیدارە و شتەی سلێمانی ئیتر خۆی بەتەنیا دەبێت تەحەمولی خەرجكردنی مووچەی تەواوی نیوەی زیاتری مووچەخۆرانی ئێستای ھەرێمی كوردستان و خەرجی و تێچووی ھەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو دەڤەرە بكات، زۆر باشە بەڵام ئایا ئەو كاتە یەكێتی ئەم بڕە پارەیە لە كوێوە دەھێنێت؟

ئەگەر دەڵێن ئەو كاتە ھەر لە داھاتەكانی سلێمانی دەتوانین گشت مووچە و خەرجیی ھەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دابین بكەین، ئەی باشە ئێستا كە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندان بۆچی دەڵێن سلێمانی ھەر ئەوەندەی داھات ھەیە كە بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی دەڵێین؟ یەعنی مەبەستم ئەوەیە بۆچی كە یەكێتی لەناو حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندایە، داھاتی سلێمانی ھەر ئەوەندەیە كە ئێستا دەڵێن ھەر ئەوەندەیە و تەواو! بەڵام كە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە، داھاتی سلێمانی بەشی تەواوی مووچەخۆران و ھەر ھەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات؟ خۆ ئەمانە پرسیارن توخوا وا نیە؟ نازانم تۆ دەڵێی چی؟