ئاشکرایە کە ھەموو گەلانی دنیا جیا لە دیرۆک و کولتوور و تایبەتمەندەکانیان، بە دوو شت زۆر شانازی دەکەن و زۆر دڵخۆشن بە خاوەندارێتییان، ئەوانیش (ئاڵا و سروودی نیشتیمانی)ین.
گەلی کوردیش وەک ھەموو گەلانی دنیا خاوەنی ئاڵای خۆیی و سروودی نیشیتیمانی خۆیەتی کە سروودی (ئەی رەقیب)ە و خۆشبەختانە لەدوای جێگیربوون و چەسپاندنی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لەنێو دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، هەم ئاڵای كوردستان و هەم سروودی ئەی رەقیب، جیا لە هێزە مێژوویی و سیمبولیەكەیان، هێزی یاساییشیان وەرگرت.
مارشی (ئەی رەقیب) ئەو سروودەیە کە لە رۆژگارە تاریکەکان و سەردەمی ھەڵکشانی تەمی رەشی داگیرکەران بەسەر وڵاتەکەمان و گیانفیدایی و قوربانیدانی رۆڵەکانی نیشتیمانمان لەپێناو ئازادیی كوردستاندا لەلایەن (دڵدار)ی شاعیری ناوداری كورد نووسراوە، (شێخ حوسێن بەرزنجی)ش لەنێو زینداندا ئاوازەکەی بۆ داناوە.
سروودی (ئەی رەقیب) لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری كوردستان لە مەھاباد و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بۆ یەکەمین جار بە ئاوازەوە گوترا. ھەرچەندە روون نیە ئایا بەتەواوی ھەمان ئەو ئاوازەیە کە ئێمە ئێستا دەیبیستین، یان بە جۆرێکی تر بووە؟ وەلێ ئەوەی ئاشکرایە کە ئاوازەکەی ئێستا لە لایەن شێخ حوسێنەوە دانراوە.
وەک سۆڵۆ، زۆر لە هونەرمەندانی کورد، كۆن و نوێ و ژن و پیاو، سروودی (ئەی ڕەقیب)یان گوتووەتەوە، لەوانە: ڕەفیق چالاک، قادر دیلان، شوان پەروەر، ناسر ڕەزازی، محەممەدی ماملێ، فەرهاد بابان، خالید ڕەشید، دەشنێ موراد، قادر ئەلیاسی و هتد.
دواتر بە شێوەی کۆراڵی لەلایەن چەندین کۆرس و گرووپەوە گوتراوە و تۆمار کراوە.
لە رووی ئارێنج و دابەشکردنی میوزیکیشەوە، ئەم سروودە تا ئێستا بە چەند جۆرێک دابەش کراوەتەوە و نوێکاریی بۆ کراوە بە جۆرێک کە بگونجێ لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەسەندنی میوزیک و ئامێرەکانی میوزیک و بتواندرێ لە چوارچێوەی گرووپی ئۆرکێسترایی پێشکەش بکرێ.
هونەرمەند دڵشاد سەعید، ئاوازی سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب)ی بۆ ئۆركێسترا ئامادە كردووە و لەگەڵ گرووپی نیشتمانیی سیمفۆنیای چیك لە پڕاگ تۆماریان کردووە .
ھەروەھا هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی بە جۆرێکی تر دابەشی کردووە و لەگەڵ ئۆرکێسترای ھەنگاریا تۆمار و پێشکەشیان کردووە.
لەڕووی ھۆنراوەشەوە، سرووی (ئەی رەقیب) گەرچی وشەگەل و دێڕی زۆر بەخەسڵەت و پڕ جۆش و خرۆشی لەخۆ گرتووە و بە وردی و وریایی و بە ئاگاهییەكی باشەوە لەلایەن دڵداری شاعیرەوە نووسراوە و سروودەكە مێژوویەكی تایبەتی لەنێو خەباتی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بۆ خۆی تۆمار كردووە، بەڵام ئێستا هەندێك كەس كە دیارترینیان سەركردەكانی چەند حزبێكی ئیسلامیین، رەخنەیان لێی هەیە و بەداخەوە هەندێكیان لەبەری هەڵناستنەوە و بێڕیزیی بەرامبەر دەكەن، بۆ ئەم مەبەستەش دوو پاساوی بێبنەمایان هەیە:
بۆ نموونە لەو شوێنەی سروودی (ئەی رەقیب) كە دەڵێت: (ئەی ڕەقیب ھەر، ماوە قەومی کوردزمان... نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان) ئەوان \مەبەست ئەو سەركردە ئیسلامییانەی رەخنەی لێ دەگرن\ وای لێك دەدەنەوە گوای دڵداری شاعیر لە ناوهێنانی (رەقیب) مەبەستی خودای گەورە و خالقی گەردوون بێت!
بەڵام ئەگەر ئەوانە بە وردی لە شیعری شاعیرانی كلاسیكیی كورد ورد بووبنەوە، دەبینین ئەوان ناوی (رەقیب) بە مانای (دوژمن - دژبەرە - ركابەر) بەكار دێنن، خۆ ئەگەر وا نەبێ، دەبێ شاعیرەکانی وەک نالی و مەحوی و سالم و کوردی و وەفایی و زۆر لە شاعیرانی گەلەکەمان، گەرچی زۆربەیان دەرچووی حوجرەی مزگەوتەکانن و زانستی شەرعیان خوێندووە و بەشێكیان لەسەر رێبازی سۆفیزمن، دەبێ هەموویان كوفریان كردبێت و كافر بن! بۆ نموونە سالمی شاعیر دەڵێ: ”یارم لە هەندەروون هات، دەستی رەقیب لە دەستتا“
رەخنەیەكی تری ئەو سەركردە ئیسلامییانە و بەشێك لە بانگخوازانی ئایینی كە رێز لە سرووردی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) ناگرن، لەو دێڕەیە كە دەڵێت:
ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمانە ئایینمانە نیشتمان
ئەوان دەڵێن، نیشتمان (دین و ئایین) نییە، بێ ئاگا لەوەی كە دڵداری شاعیر، لەو بەیتەدا مەبەستی سووكایەتی بە دین و ئایین نییە، بەڵكوو مەبەستی ئەوەیە كە بە هەموان بڵێت: ”نیشتمان پیرۆزە، بۆیە وەك چۆن بەرگری لە دین و ئایینی خۆت دەكەیت، ئاوهاش بەرگری لە نیشتمانی خۆت بكە.“
رای جیاواز لەسەر ساڵی نووسینی شیعرەكە
هەندێك پێیان وایە كە شیعری (ئەی رەقیب) لە ساڵی ١٩٣٩دا نووسراوە و ھەندێکیش پێیان وایە لە ساڵی ١٩٤٠دا نووسراوە، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرا و جێگیرە ئەوەیە کە دڵداری شاعیری جوانەمەرگی كورد، لە تەمەنی لاویدا ئەو کاتەی قوتابی بووە لە قۆناغی ناوەندیی خوێندن، ئەو شیعرەی نووسیوە. ئیدی لەوێوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی بووە سروود، ھێدی ھێدی چووە نێو دڵ و دەروونی ھەموو تاکێکی نیشتمانپەروەری کورد و بووە داینەمۆ و بزوێنەری ھەستی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕی لای كورد، نەخاسمە لای پێشمەرگە و خەباتگێڕانی کوردستان، كە بەفەرمی و بە یاساش بووە سروودی نیشتیمانی هێندەی تر لە مێژووی كۆن و نوێدا جێگیر بوو.
هەندێك كەس كە لە بەرەی ئەو ئیسلامییانەشدا نین، بەڵام رەخنەی ئەوە لە سروودەكە دەگرن، گوایە لە قۆناغێكی تایبەتدا نووسراوە و بۆ قۆناغی ئێستای كورد و كوردستانیان نابێت! بۆ وەڵامی ئەو رەخنەیەش، دەبێ چاوێك بە مێژووی كورد و كوردستاندا بخشێنین، ئەوكات دەزانین كە لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ئێستا، هەموو دوژمنانی كورد، هەوڵی سڕینەوە و قڕكردنی كورد و كوردستانیان داوە و ئێستا هەمان هەوڵ دەدەن، بۆیە پێویستە ئێمە هەموو رۆژێك بە گوێی دوژمنانیدا بدەینەوە: ”ھەر ماوە قەومی کوردزمان.“