كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەرزی بارانبارینی 2022 - 2023 چۆن دەبێت؟

 

شارەزایەکی بواری کەشناسی چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی وەرزی بارانبارینی 2022 - 2023 ئاشکرا دەکات و دەڵێت تاوەکوو ئێستا گۆڕانکارییەکان دڵخۆشکەرن لەمبارەیەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9/8/2022، ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: "تا ئێستا بۆ ماوەی 25 مانگ زیاترە دیاردەی لانینا بەردەوامی ھەیە کە لە مانگی تەممووزی ساڵی 2020 دەستیپێکرد، سەرەتا زەریای ھێمن رۆڵ و کاریگەری بەسەر گۆرانکارییەکانی پلەی گەرمی و پەستان و بارانبارین لەسەرتاسەری جیھاندا ھەیە بە ھەر سورێک لە ساردبوونەوە و گەرمبوونەوەی ئاوەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئەم زەریایەدا جۆرێک لەگۆڕانکاری بەسەر کەشوھەوای جیھاندا دەھێنێت لەوانە کاتێک دیاردەی لانینا دەگاتە چالاکبوونی کەشوھەوای وڵاتانی خۆمان جۆرێک وشکی و کەمبارانی بەخۆیەوە دەبینێت کە تا ئێستا بۆ ماوەی دوو ساڵە وشکە ساڵی و کەمبارانی لەناوچەکانماندا بەردەوامی ھەیە".

دەشڵێت: "بەپێ نوێترین گۆرانکارییەکان لانینا بەشێوەیەکی لاواز تا کۆتاییەکانی ئەمساڵی 2022 بەردەوامی دەبێت و لە وەرزی زستانەوە دەچێتەوە نێو قۆناغێکی نوێ لە گەرمبوونەوە و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بۆ نۆرماڵ کە ئەمەش گۆرانکاری بەسەر کەشی جیھاندا دەھێنێتەوە و کاریگەری لەبەرژوەندی ناوچەکانی وڵاتانی خۆماندا دەبێت لەڕووی زۆربوونەوەی بارانبارین بۆیە تا ئێستا گۆرانکارییەکان دڵخۆشکەرن سەبارەت بە تێکرای وەرزی بارانبارینی 2022 - 2023".

ئەوەشی خستووەتە روو: "زەریای ھیندی کە ئەم زەریایەش بە پلەی دووھەم کاریگەری لەسەر کەشوھەوای جیھان دروست دەکات بە گۆرانکاری لە پلەی گەرمی ھەردوو ئاوەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوای زەریاکەدا کە ئەمیش جگە لە ھەندێ ساڵ تا رادەیەک کاریگەرییەکانی لەگەڵ زەریای ھێمندا ھاویەکن لەسەر کەشی ناوچەکانی خۆمان کە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاترە ئاوەکانی رۆژئاوای ئەم زەریایە ساردە و رۆژھەڵاتەکەشی گەرمە ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی شێ و بارانبارین لەناوچەکانماندا، بەھەمان شێوە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئاوەکانی رۆژئاوای ئەم زەریایەش بەساردی بمێنێتەوە وە لە سەرەتای ساڵی 2023دا دۆخەکە بۆ ئاسایی بگۆرێت ئەم گۆرانکارییەش لە بەرژوەندی کەشی ناوچەکەدا دەبێت".

هەروەها ئاماژەشی بەوەداوە: "تا ئێستا ئەوەی ھەیە سەبارەت وەرزی بارانبارینەوە تەنھا لەمانگەکانی وەرزی پاییزدا ئەم گۆرانکارییانە لەبەرژەوەندی کەشی ناوچەکانمان نابێت وەرزەکانی دواتری بارانبارین دڵخۆشکەر دەبێت و بارانی باش دەبارێت بۆ وەرزی پاییزیش کە ھۆکار و فاکتەری دیکەش ھەیە لەسەر کەشی ناوچەکە کە ئێستا ناتوانرێت دیاری بکرێت تا کاتی نزیک لە وەرزەکە، بۆیە وەرزی پاییزیش کەمباران نابێت وەک ئەوەی ئێستا بەگشتی ھەیە پێشبینی پاییزێکی کەم باران دەکرێت ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو".