كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنی كفری دەکرێتە مۆزەخانە

 

لە شاری کفری، فەرمانگەیەکی پۆستە و گەیاندن لەژێر ناونیشانی (مۆزەخانەی کولتووریی شار) دەکرێتە مۆزەخانەیەکی ناوازە. ئەم مۆزەخانەیە لە گەڕەکی سینەما سەر بە شەقامی نەجیب پاشای بابانە و بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیارە ناوخۆ و بیانییەکان.

ئەم شوێنە جگە لەوەی مۆزەخانەیە، لە هەمان كاتدا شوێنەوارێکی مێژووییە و بەردی بەناغەی دامەزراندنی شوێنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 102 ساڵ پێش ئێستا و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وەکوو فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن بەکار دەهێنرا، بەڵام دوای چۆڵبوونی بۆ ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی 2014دا بڕیاری نۆژنکردنەوەی دەدرێت و دەکرێتە مۆزەخانەیەکی هەمەڕەنگ، کە جێگای دێکۆمێنتکردنی هەزار پارچە کەرەستەیە و هەریەکیان خاوەن چیرۆکی تایبەت بەخۆیە و پیشاندەری کولتوور و کەلەپووری کوردییە لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

سۆران عوسمان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کولتووری شار لە کفری، لەمبارەیەوە به (باسنیوز)ی گوت: " لە شەست و هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەتاکوو ساڵی 2010، ئەم شوێنە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنی شاری کفری بوو، بەڵام لە دوای ئەو ساڵە هەتاوەکوو ساڵی 2014 بە چۆڵی مایەوە، هەرچەندە پیشەی سەرەکیی خۆم مامۆستایە، بەڵام وەکوو گەنجێکی شاری کفری بڕیارم دا ئەم شوێنە بە چۆڵی نەهێڵمەوە و دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە قایمقامی شاری کفری، لەگەڵ چوار قۆتابی دەستمان بە نۆژنکردنەوەی ئەم شوێنە و ئامادەکردنی كرد وەك مۆزەخانە."

گوتیشی: "ٓئەم مۆزەخانەیە هەزار مەترە و 10 ژوور و دوو هۆڵ لەخۆ دەگرێت و بە هەزار پارچە کەرەستەی کولتووری و کەلەپووری رازاوەتەوە کە هەریەکیان لە ناوخۆ و دەرەوەی شاری کفری و هەر چوار پارچەی کوردستان لێیان دابین کراون و مێژوویان لەنێوان 50 - 300 ساڵی لەمەوبەرە و كراوەتە چەند بەشێك، وەک (بەشی جلوبەرگی رەسەنی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەشی کەرەستە جووتیارییەکان، بەشی کەرەستە کۆنەکان، وەک تەلەڤزیۆن و رادیۆ و فانۆسە کۆنەکان، بەشی رەشماڵ، کە تایبەتە بە دانیشتنی گوتنی مەقامات و شیعر و گۆرانی.“

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کولتووریی شار لە کفری ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم شوێنە هەموو رۆژێک کراوەیە و چاوپێکەوتنی مۆزەخانەکە بۆ هەموو خەڵکێک ئاساییە، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە ئاستی جیاوازی وەک هاووڵاتییان، زانکۆكان و هونەرمەندانیش سەردانی ئێرە دەکەن، تەنانەت لێرەدا فیستیڤاڵی ساڵانە بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێ، کە تیایدا رێژەیەکی زۆر لە خەڵک و هونەرمەندان لە هەموو ناوچە جیاوازەكان بەشدار ی دەکەن و تیایدا خانمان خوانی کوردەواری ئامادە دەکەن و نماییشی تیپی هەڵپەڕکێی جۆراوجۆر و ئەسپسواری دەکرێت و شەوانیشی بە شەوچەرە و دەفژەنی و گوتنی مەقامات و شیعر و گۆرانی دەڕازێتەوە.“

سۆران عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”مانگانە خولی جیاواز لێرە ساز دەکەین، وەک خولی مۆسیقا و بەرگدروویی و ....تد، ئامانجیشمان لە دامەزراندنی ئەم مۆزەخانەیە، کۆکردنەوەی کەرەستەکان و پاراستنی کولتوور و کەلەپووری ناوچەی گەرمیان و کوردستان بە گشتی بوو، چەندین پلانی جۆراوجۆریشمان بۆ ئایندە هەیە، سەرەکیترینیان گەورەکردنی مۆزەخانەکە و هێنانی کەرەستەی زیاتر و دانانی ناوە لەسەر کەرەستەکان بە سێ زمان.“

پێوەند بەم بابەتە، رەوەند حەسەن، هاووڵاتیی شاری کفری، بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ شارەکەمان، خۆشحاڵم کە ئێمەیش وەکوو شارەکانی دیکە خاوەن مۆزەخانەیەکی کولتوورین، بەشبەحاڵی خۆم لە سەرەتاى دامەزراندنى مۆزەخانەکە کارم لەگەڵ دامەزرێنەری مۆزەخانەکە کردووە و ئەندامێک بووم لە دەستەى دامەزرێنەر و بەردەوام بوومە لە کارەکانم، هەر لە کرێکارییەوە تاکوو هێنانى كەرەستە كولتووری و مێژووییەکان بۆ مۆزەخانە، بۆ ئەوەی كولتوورى وڵاتەکەم و مێژووی شارى كفرى بە جوانییەکەی خۆی بمێنێتەوە، هەروەها مێژووی شارەکەمان لە ڕێگەی کەرەستەکانییەوە بەو خەڵکانە بناسێنین، کە سەردانی دەکەن".

نەجمەدین حەمید، یەکێکە لەو گەشتیارانەی بەردەوام سەردانی مۆزەخانەکە دەکات، دەڵێت: "من بە ڕەسەن خەڵكى شارى كفريم، لە هەر سەردانێکم و گەڕانەوەم بۆ شارەکە، کۆمەڵێک میوان لەگەڵ خۆم دەهێنمەوە، بۆ ئاشناكردنيان بە مێژووی كفرى، چونکە لە یەکەم سەردانی بۆ مۆزەخانە، راستەوخۆ پێناسەی شارەکە بۆ گەشتیاران روون دەبێتەوە، كە کفری چەند شارێکی دێرینە و دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک سەرجەم مێژووی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لێرەدا هەیە، تەنانەت من وێنەی سەرجەم کەرەستەکانی ئێرەم گرتووە و پیشانی ئەو کەسانە دەدەم، کە سەردانی ئێرەیان نەکردووە، بۆ ئەوەی لای ئەوانیش سەردانی بكەن، تاکو بە کولتوور و کەلەپووری وڵاتەکەمان ئاشنا بن".

هاوتا سابیر، هونەرمەند و مەقامخوێنی شارەکە، تیشکی خستە سەر ئەوەی: "مۆزەخانەی کولتووریی كفرى جيا لەوەی ناوەندێکی پاراستنى کولتوور و کەلەپووری نەتەوەیەکە، هەروەها ناوەندێکە، خزمەتى شاعیران و مەقامخوێنەكان و رۆشنبیرانی شارەکەی و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بەبێ جياوازى کردووە، بۆ ئێمەی گەنجانی گۆرانیبێژ و مەقامخوێن لانەیەک بووە بۆ بەرەپێدانی تواناكانمان و بەدەستهێنانی ناوبانگ لە رێگه‌ی بەشداریکردنمان لە سەرجەم شەوچەرە و فیستیڤاڵەکان، هەروەها ئاشنابوونی زیاترمان لەگەڵ هونەرمەندان، هیوادارم مۆزەخانەکە فراوانتر بكرێت و خزمەتى زياتری پێ بکرێت، بۆ ئەوەی لە چالاکی و بەرهەمە هونەرییەکان بەردەوام بێت.“