بەهۆی میلیشیاكانەوە، كۆچی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەردەوامە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەهۆی میلیشیاكانەوە، كۆچی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەردەوامە

تەنیا لە مانگی رابردوودا 30 خێزانی دیکە قەزای حەمدانییەیان جێ ھێشتووە

مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، دوای شەش ساڵ لە رزگارکردنی ناوچەکانیان لە دەستی تیرۆریستانی داعش، بۆ جارێکی دیکە بەهۆی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیەوە، کۆچی پێچەوانەیان دەست پێکردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، تەنیا لە مانگی 7ی رابردووی 2022دا، 30 خێزان شارۆچکەی حەمدانییەیان جێ ھێشتووە و روویان لە پارێزگاکانی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر و دهۆک، کردووە. چاودێرانیش ھەژموونی گرووپە چەکدارەکان و نەبوونی ھەلی کار و ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکانیان، بە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئاوارەبوونەوەی مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا دادەنێن.

دوای رزگاربوون لە دەستی داعش

شەش ساڵ، دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان لە دەستی داعش، بەڵام پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا بە شنگالیشەوە، هەر لە دۆخێکی ناسەقامگیردان و نەمانی داعش بە دەرکەوتنی میلیشیا و گرووپەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە، دۆخەکەی بۆ باش نەکردوون و ژیانی بۆ ئەو پێکهاتانەی دەشتی نەینەوا و شنگال نەگەڕاندووەتەوە.

دەشتی نەینەوا، چەندین پێکهاتەی وەکوو مەسیحی، شەبەک، ئێزدی، کاکەیی تیادا دەژی، کە لە نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاواز پێکهاتوون. لە هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا، نزیکەی 150 هەزار کەس لەو پێکهاتانە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە بەشێکیان تاوەکوو ئێستا لە کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ماونەتەوە، بەشێکی دیکەیشیان ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە.

ئێستاش لەدوای هەشت ساڵ لە شەڕی داعش و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانیان، بەڵام لەبەر مەترسی و نەبوونی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە، زۆربەی ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا نەگەڕاونەتەوە، بەپێچەوانەوە، رۆژانە ئاوارەی دیکەیش لەژێر دەسەڵاتی میلیشاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە لە شنگال روو لە ناوچەكانی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، گیروگرفتەکانی وەکوو بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و ترس و دڵەڕاوکێی ئاسایش و نەبوونی سەقامگیری و هەڕەشەی گرووپە توندڕەوەکان و میلیشا چەکدارەکان، لە هەرە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەم دووریی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوادان. لە زێد و ناوچەکانی خۆیان. بە شێوەیەک، تەنیا مەسیحییەکان نزیکەی 100 هەزار دەبن، کە ناوچەکانی خۆیان جێ هێشووە، ئێستا 75 هەزاریان لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.

لە کاتی پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق بە 1.4 ملیۆن کەس قەبڵێنراوە، بەڵام بەپێی داتاکانی ئەمڕۆ، ژمارەی کریستیانەکان کەمترن لە 300 هەزار کەس.
لە تشرینی دووەمی 2016، سوپای عێراق‌ و میلیشیا شیعەكان مووسڵیان ئازاد كرد، مەسیحییەكان بەرەبەرە دەستیان كرد بە گەڕانەوە، بەڵام دواتر بە بینینی گرووپی میلیشایی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان بە کۆچی پێچەوانە کردەوە.

لەمبارەیەوە، پەرلەمانتاری کوردستان، رۆبینە ئوملیک عەزیز، لە فراکسیۆنی یەکێتیی نەتەوەیی کرستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، کۆچی بەردەوامی کرستیانەکان بەهۆی نەبوونی ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوەیە لەو ناوچەیە.

گوتیشی: ”سەرەڕای ئەو بارودۆخە، هیچ هەلێکی کاریش نییە، ئەو ناوچانە سەر بە حکوومەتی ناوەندیین، بەڵام هیچ کارێک و خزمەتگوزارییەک لە هیچ سێکتەرێکدا دوای داعش بۆ ئەو خەڵکە نەکراوە، ئەوانەی گەڕاونەتەوەش، دووبارە کۆچ دەکەنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، یان بۆ دەرەوەی عێراق دەڕۆن، کە ئەوەش وای کردووە رۆژ بە رۆژ ژمارەیان کەمتر بێت و دیمۆگرافیای ناوچەکە بەتەواوی گۆڕاوە و مەترسیی گەورە لەو ناوچانە لەسەر کلدانی و سریانی و ئاشوورییەکان هەیە.“

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، زۆربەی ئەوانەی لە دەشتی نەینەوا کۆچ دەکەن، بەرەو هەرێمی کوردستان دێن، ئەوەش پەیوەندیی بە ئاسایش و سەقامگیری و هەروەها بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هەیە، کە پارێزەری هەموو پێکهاتەکانە.

هاوکات، وەحیدە یاقۆ هرمز، پەرلەمانتاری پێشووی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، بارودۆخی ژیانی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، ئێستاش نزیکە لەو بارودۆخەی سەردەمی داعش، گوتی: ”دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و ئاوارە مەسیحییەکان لەبری ئەوەی بیر لە گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانیان بکەنەوە، بەپێچەوانەوە، رۆژانە ئاوارەی دیکە دێن، چونکە بەردەوام دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و موڵکەکانیان هەیە و موڵکی مەسیحییەکان دەخرێتە سەر ناوی ئەو کەسانەی لە گرووپە میلیشاکانەوە نزیکن.“