لەبارەی كارتی نیشتمانییەوە، هەزاران هاووڵاتی ئاگادار دەكرێنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لەبارەی كارتی نیشتمانییەوە، هەزاران هاووڵاتی ئاگادار دەكرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان ئاشكرای کرد، كارتێكی زۆری نیشتمانی، كە لە بەغدا بوون، گەڕاونەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەكات، لەم هەفتەیەدا كارتەكانیان وەربگرنەوە.

لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 17 هەزار كارتی نیشتمانی لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی ،كە لە بەغدا بوون، گەڕاونەتەوە و داوا دەكەین خەڵك بێن كارتی خۆیان وەربگرنەوە".

زیاتر لە حەوت هەزار كارتی نیشتمانی هی خەڵكی پارێزگای هەولێرە، زیاتر لە شەش هەزار هی خەڵكی پارێزگای سلێمانییە و زیاتر لە چوار هەزار كارتی نیشتمانییش هی خەڵكی پارێزگای دهۆكە.

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو كارتانە هی ئەو هاووڵاتییانەیە، كە لەكۆتایی مانگی سێ بەدواوە مامەڵەی خۆیان تەواو كردووە و پەنجەمۆریان كردبوو، دەتوانن لەم هەفتەیەوە سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكان بكەن و كارتی خۆیان وەربگرنەوە، كارتەكانی هەولێر رادەستی كارتی نیشتمانیی هەولێر كراون و لە یەكشەممەوە دەدرێنەوە خەڵك، هەرچیی سلێمانی و دهۆكن، لە ناوەڕاستی هەفتەدا خەڵك دەتوانن وەریان بگرنەوە".

لەسەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ، 130 هەزار كارتی نیشتمانیی سلێمانی و 120 هەزار كارتی هەولێر و 60 هەزار كارتی دهۆك، كە لە بەغدا بوون، گەڕانەوە و دراونەتەوە هاووڵاتییان.

هێرش ئەحمەد جەختی كردەوە، کە كێشەی دواكەوتنی هاتنەوەی كارتەكان پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە و پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە و گوتیشی: "ئێستا ئەوانەی مامەڵە پێشكەش دەكەن، تا كارتەكەیان دەگەڕێتەوە (سورەت قەید)یان بە شێوەی ئەلیكترۆنی پێ دەدرێت و دەتوانن مامەڵەی خۆیان لە فەرمانگەكان ڕایی بكەن، تاوەكوو كارتەكە دەگەڕێتەوە''.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە ئەوەی بە (باسنیوز) راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان خەڵكێكی زۆر كارتی نیشتمانییان دەرهێناوە، بەڵام هێشتا زۆریش ماوە، کە كارتی نیشتمانییان دەرنەهێناوە، بۆیە لەسەر فەرمانی مەسرور بازرانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بنكەی كارتی نیشتمانی لە قەزا و ناحیەكان كراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەنزیكترین شوێن خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بكەین و كارتەكەیان بۆ دەربكەین''.

هێرش ئەحمەد گوتیشی: "كارتی نیشتمانی نەبووە بە جێگرەوەی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، ئەوەی كارتی نیشتمانییشی نەبێت، لە فەرمانگە و شوێنەكان دەتوانێت كاری خۆی بكات''.