شۆڕشی شەربەت!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 06/08/2022

شۆڕشی شەربەت!

ئەمڕۆ شەممەیە و بەپێی پێشبینیی دەزگای كەشناسیی كوردستان، پلەی گەرما لە دوێنێ و پێرێ بەرزتر دەبێ و نزیك دەبێ لە ٤٧ و ٤٨ پلەی سیلیزی، شاسوار عەبدولواحیدیش بەم گەرمایە داوایەكی قۆڕی كردووە! ئەو شاسوارە بێئاگایە داوای (شۆڕشی شەربەت خواردنەوە)ی لە خەڵكی هەولێر كردووە، ئەمە خۆشترین شۆڕشە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، شۆڕشی شەربەت خواردنەوە!

شاسوار پێرێ لە بانگەشەكەیدا گوتی: ”ئەی خەڵكی هەولێر، رۆژی شەممە تەنیا ئەوەتان لەسەرە، هەمووتان بڕۆنە لای قەڵا، هیچ مەكەن، هیچ هاوار و دروشم مەڵێنەوە، تەنیا پیاسەیەكی لای قەڵا بكەن و شەربەتێك بخۆنەوە!“
لێتان ناشارمەوە، هاوڕێیەكی دوكاندارم لە گوزەری پەنیرفرۆشان هەیە، بەنهێنی پێی گوتم: ”لەو رۆژەوەی شاسوار ئەو بانگەوازەی داوە، شەربەتفرۆشەكانی بەرامبەر چایخانەی مەچكۆی هەولێر، خەنی بوون و هەریەكەیان یەك لۆری میوەی داكردووە تا رۆژی شۆڕشەكەی شاسوار، بیكەنە ئاڤمیوە (شەربەت) و خۆپیشاندەرانی شاسوار بیخۆنەوە!“

خۆش ئەوەیە، ئەو گوزەرەی هەولێر كە شاسوار داوای خۆپیشاندانی پیاسە و شەربەت خواردنەوەی لێ دەكات، واتە دەوروبەری قەڵای هەولێر، هەمیشە پڕە لە رێبواران و پیاسەكاران، لەو شەقامە كڕیاران جەمەیان دێ، جگە لە سەعاتەكانی دوای نیوەشەو تا بەیانی، هەرگیز چۆڵ نابێ، بۆیە خەمی ئەوەمە كە ئەمڕۆ شەممە هەموو ئەو رێبوارانەی بەو شەقامەدا دێن و دەچن بە گەشتیارانی عەرەبیشەوە، ئێن ئاڕ تییەكەی شاسوار، بە (خۆپیشاندەر)ی لەسەرمان حساب كات.

جا بە قسەی شاسوار بێت، ئەمڕۆ هەر كەس لە هەولێر چوو سێ چوار دەرپێ قووتە و دوو سێ فالینەی عەلاگە لە دوكانۆكەكانی بەرامبەر قەڵا بۆ خۆی بكڕێت، دەبێتە ئەندامی نەوەی نوێ و لای میدیا شاسوار بە (خۆپیشاندەر) حساب دەبێ! هەر كەسێ بچێت چاویلكەیەكی پێنج هەزاری یان چوار پێنج جووت گۆرەویی هەرزان بۆ خۆی بكڕێت، یان بچێت لای ساردەمەنی فرۆشەكانی بەرامبەر قەڵا، دۆندرمەیەك بخوات، لای شاسوار و میدیاكەی دەبنە خۆپیشاندەر!

هەر كەس لای ئەسواق سیروانەوە خۆی بكات بە قەیسەرییدا و لە گوزەری پەنیرفرۆشان نیو كیلۆ پەنیری پێستە و ژاژی بكڕێت و لە فەرعی پەنیرفرۆشانەوە سەر دەربێنێ بەرەو قەڵا، ئەویش خۆپیشاندەرە! هەر كەس بچێتە هەر خواردنگەیەكی بەرامبەر قەڵا و بابۆڵەیەكی فەلافل و باینجانی سوورەوەركراو بە عەمبەوە بخوات، ئەویش هەر خۆپیشاندەرە!

هەر كەس لای بۆیاخچییەكانی بەرامبەر قەڵا پێڵاوەكانی بۆیاخ بكات، هەر كەس خۆی بكات بە كافیتریا تەسك و باریكەكەدا و نێرگەلەیەك بكێشێت، هەر كەس بۆ كیلۆیەك چەرەس بڕواتە دوكانە خۆشەكەی بەرامبەر قەڵا، هەر كەس بچێت لای ئەنتیكەفرۆشەكانی دامێنی قەڵا جووتێ كڵاشی هەورامی بكڕێت، هەركەس لە چایخانەی مەچكۆ چایەك بخواتەوە، هەر كەس لای عارەبانەكانی نافوورە، گوڵە گەنمەشامیەكی كوڵاو بە ڕبە هەنارەوە بۆ منداڵەكەی بكڕێت، ئەوانیش بەبێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت، لە ئێن ئاڕ تییەوە دەكرێنە خۆپیشاندەر!

ئێوە سەرنج بدەن، شاسوار دەیەوێ لاسایی موقتەدا سەدڕی رێبەری رەوتی سەدڕ و خۆپیشاندانی گەورەی ئێستای بەغدا و باشوور بكاتەوە و ئەوەی سەدڕ كردی و دەیكات، ئەمیش لە هەرێمی كوردستان بیكات! بەلام بزانن جیاوازییەكە لەڕووی لۆجیستیەوە، لە چیدایە؟

جەماعەتی سەدڕ، خۆیان سەدان دەستگێڕی شەربەتیان خستووەتە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە، كەچی شاسوار بە جەماوەر دەڵێ: ”ئێوە بڕۆن خۆتان بە پارەی خۆتان شەربەت بكڕن و بیخۆنەوە!“ جەماعەتی سەدڕ رۆژی پێنجشەممە، هەزاران مەنجەڵی گەورە و سێپا و بتڵە غازیان لە شوێنی نوێژی هەینی دامەزراند، تا نوێژخوێنانی خۆپیشاندەر خواردنیان هەبێت و برسییان نەبێ، كەچی شاسوار دەڵێ ئێوە هەر بڕۆنە لای قەڵا و بە پارەی گیرفانی خۆتان لەفەیەك بخۆن!

جەماعەتی سەدڕ، هەزاران موبەڕیدە و تەقسیمی كارەبا و سویچ پلاك و وایەر و پانكەیان بۆ شوێنی خۆپیشاندان دابین كردووە، تا خۆپیشاندەران گەرمایان نەبێ، كەچی لە هەرێمی كوردستان پلەی گەرما خۆی دەدا لە ٤٧ پلە و شاسوار بە گیرفان و قاسەی پڕ لە پارەی دزی و دەستبڕینەوە، لە ئۆفیسە فێنكەكەی خۆیەوە داوامان لێدەكات، بەم گەرمایە بچینە لای قەڵا و بە شەربەت خۆمان فێنك بكەینەوە!

هەموو ساڵێك، لە یادی لەدایكبوونی پەیامهێنی ئیسلام (حەزرەتی محەمەد - دروودی خوای لێ بێت) بە نێو قەیسەری و بازاڕی هەولێردا دەڕۆم، دەبینم دوكانداران و كاسبكارانی پایتەخت، وەك رێزێك بۆ ئەو یادە، لەبەردەم دوكانەكانیان سەتڵی گەورەی پڕ لە شەربەت و مێزی پڕ لە شیرینییان داناوە و بێ بەرامبەر پێشكەش بە خەڵكی دەكەن، بێگومان شاسوار حەدی نییە لە رێز و خاوێنییدا، بگاتە داوێنی هیچ یەكێك لەو كاسبكارانەی هەولێر، بەڵام لانی كەم ئەگەر شاسوار، دە پازدە سەتڵ شەربەتی بۆ شۆڕشەكەی ئەمڕۆ بەبەلاش تەرخان بكردایە، رەنگە هیچ نەبێ شۆڕشگێڕان! پارەی شەربەتەكەیان بۆ بگەڕایەتەوە!

لە گوندێكی نزیك سلێمانی، یادی بەخێر گەنجێك هەبوو نەخۆشیی دەروونی و عەقڵیی هەبوو، پێیان دەگوت ”عەبە شێت“، هەرچەند لای خەڵكی ئاوایی خۆشەویست بوو، بەڵام باوكی گیرۆدە بووبوو بە دەستیەوە، دەیگوت: ”عەبەگیان بڕۆ كەرەكە ئاو بدە“ كەچی عەبە دەچووە ناو رەز و ترێی لێ دەكردەوە! ئێواران پێی دەگوت: ”عەبە گیان بڕۆ قەل و مریشكەكان بهێنەرەوە“ كەچی عەبە دەچوو لەگەڵ كوڕگەلی گوند مووشێنی دەكرد! دەیگوت: ”باری هێسترەكە لارە، بڕۆ رێكی بكەرەوە“ عەبە دەچوو بارەكەی لە هێسترەكە دادەگرتە سەر زەوی، دەیگوت: ”عەبە بڕۆ پاچ و خاكەنازەكەمان لە ماڵی پوورە مەنیج بهێنەرەوە“ كەچی عەبە دەچووە ماڵی دادە عاسە و دەسكەوانی دەهێنایەوە!

باوكی عەبە، كە ئەم رەفتارانەی لە كوڕەكەی دەبینی، هەمیشە تووڕە و دەهری و كەللەشەق دەبوو و هاواری دەكرد: ”عەك كوێرەوە بیت وڵات، تووخوا وەرە شێتەكەشت لە شێتی وڵاتان نەچێت!“
منیش هەموو جار كە گوێم لە قسەی بێمەعنا و نەزانانەی شاسوار دەبێت و ئەفعال و ئەتواری دەبینم و دزی و دەستبڕین و گەندەڵییەكانی دەبیستم، دڵم نایە وەك باوكی عەبە بڵێم: ”عەك كوێرەوە بیت وڵات“، بەڵام لەبەر خۆمەوە دەڵێم: ”تووخوا وەرە ئۆپۆزسیۆنەكەشت لە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتان نەچێت!“