بەرپرسێکی کۆمەڵ: خۆپیشانداکەی شاسوار عەبدلواحید تەمومژاوییە و کەس نازانێ بۆ چ مەبەستێکە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێکی کۆمەڵ: خۆپیشانداکەی شاسوار عەبدلواحید تەمومژاوییە و کەس نازانێ بۆ چ مەبەستێکە

 

بەرپرسێكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان باس لە خۆپیشاندانەكەی شاسوار عەبدولواحید دەكات و رایدەگەیەنێ، کۆمەڵی دادگەری ھیچکات پاڵپشتی لەو جۆرە خۆپیشاندانە ناكات، كە شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی بۆ دەکات، چونكە خۆپیشاندانەكەی تەمومژاوییە و كەس نازانێ بۆ چ مەبەستێكە. دەشڵێ: “نابێ ھیچ لایەنێکی سیاسی ھەوڵی خۆپیشاندانی تێکدەرانە بدات، تاوەكو ھەلێک بقۆزێتەوە و دۆخی ھەرێمی کوردستان تێک بچێت”.

بایز عەزیز، بەرپرسی ئەنجوومەنی قەڵادزێی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە (باسنیوز)ی  ڕاگەیاند: “کۆمەڵی دادگەری دژی خۆپیشادانی توندوتیژییە و ھیچکات پاڵپشتی لەو جۆرە خۆپیشاندانە ناکەین، ڕاستە خەڵک مافی خۆیەتی داوای مافە سەرەتاییەکانی بکات، بەڵام خۆپیشاندانەکەی شاسوار عەبدولواحید، کە بانگەشەی بۆ دەکات تەمومژاوییە، بەو مانایەی ھیچ کەسێک نازانێت خۆپیشاندانەکە چۆنە و بۆ چ مەبەستێکە! ھەروەھا شاسوار عەبدواحید بەتەنیا داوای خۆپیشاندان دەکات و وادەزانێ ئەو دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، لەکاتێکدا ئێمەی ئۆپۆزسیۆن ھەمیشە داوای گۆڕانکاریمان کردووە، بەڵام خۆپیشاندانمان بۆ مەرامی سیاسی نەکردووە و خەڵکمان بەکار نەھێناوە”.

گوتیشی: “دۆخی بەغدا لە ھەموو ڕووێکەوە جیاوازە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئێمە قەوارەیەکی سیاسیمان ھەیە و دەوڵەت نین تاوەكوو ھەموو وڵاتانی دنیا پاڵپشتیمان بکەن، بۆیە نابێ ھیچ لایەنێکی سیاسی ھەوڵی خۆپیشاندانی تێکدەرانە بدات، تاوەكو ھەلێک بقۆزێتەوە و دۆخی ھەرێمی کوردستان تێک بچێت، ڕاستە کێشە و کەموکورتی ھەیە، بەڵام دەبێت ھەموومان ئاگامان لەم قەوارە سیاسییە و وڵاتەکەمان بێت، چونکە ئەم قەوارەیە خوێنی بۆ ڕژاوە و ھەموومان پێوەی ماندوو بووین، بێ گومان ئێمە وەکو کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ مانەوەی ئەم قەوارەیەداین و نامانەوێت دۆخەکە تێکبچێت”.

بەرپرسی ئەنجوومەنی قەڵادزێی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، شاسوار عەبدلواحید پارەی خاوەن پشەکانی لایە و پارەی حکوومەت قەرزارە، تاوانێکی گەورەیە تۆ بە خەڵک بڵێی چاک بە و خراپە مەکە، بەڵام خۆت گەندەڵ بیت، بە خەڵک بڵێی پارەی خەڵک مەخۆ، بەڵام خۆت پارەی ھەزاران خەڵکت خواردبێ و ماڵی سەدان خەڵکت وێران کردبێت، ئەوەی باسی چاکسازی دەکات، دەبێت باسی کارەکانی خۆی بکات، ئەگەر خەڵک لێی ڕازی بێت، نەوەکو گەندەڵ بێت و پارەی خەڵک و حکوومەتی خواردبێت، ئێستا داوای چاکسازی بکات و باسی بوونی گەندەڵی بکات.

بایز عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی قەڵادزێی کۆمەڵی دادگەری، باسی لەوەش کرد: “ئەوانەی خۆیان کردووە بە کەواسووری بەرلەشکر و دەیانەوێت دۆخی ھەرێمی کوردستان تێکبدەن، ئێمە لەگەڵیان نابین، چونکە پاڵپشتیی خۆپیشاندانی گێرەشێوێنانە ناکەین، ھەروەھا ئەگەر کوڕی خەڵک لەو خۆپیشاندانە بکوژرێت، ئەو کەسەنە تاوانبارن، کە بانگەشە بۆ خۆپیشاندان دەکەن، بۆیە ئێمە داوامان لە ئەندامەکانی خۆمان کردووە، کە بە ھیچ شێوەیەک بەشداریی ئەو خۆپیشاندانە نەکەن، ئەگەر لایەنگرێکمان بکەوێتە ژێر کاریگەریی لایەنێکی دیکەوە، ئێمە لەو لایەنگرەی خۆمان بەرپرسیار نین”.