سەرکردە فەیکەکانی گەل و (دۆن)ی مافیاکان!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 06/08/2022

سەرکردە فەیکەکانی گەل و (دۆن)ی مافیاکان!

‏‎یاسایەکی نەگۆڕ لەناو مافیاکاندا ھەیە، ئەو مافیایەی بتوانێت زیاتر لە ھەموو مافیاکانی دیكە سەرکێشی بکات و بە دڕەندەترین شێوە نەیارەکانی بکوژێت و بێ سنوور سەرانە وەربگرێت و تاڵانییەكی زۆر بکات، پێی دەڵێن (دۆن)ی مەزن، بە واتای فەرمانڕەوای مەزن، کە دۆن ڕێزلێگیراوترین! مافیایە لەناو ھەموو مافیاکانی دیكەدا. دۆن زۆربەی زۆری کەسی ناو حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانی وڵات بە زەبری پارە دەکڕێت، بۆ ئەوەی بەربەست دروست نەکەن و چاوپۆشی بکەن لە بەرامبەر کارە نایاساییەکانی و ھەرچی بوێت بیکات.

‏‎جارێکیان بەرپرسێکی باڵای عێراقی لە کەناڵێکی عێراقی لەسەر گەندەڵی قسەی دەکرد، گوتی: ”ھیچ بەرپرسێکی عێراقی نییە لە بچووکترین پۆست تا گەورەترین پۆست بە منیشەوە گەندەڵیی نەکردبێت، ھەموومان لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ھەمانبووە گەندەڵیمان کردووە، دەستمان نەپاراستووە و ئێستاش بەردەوامین لە گەندەڵی.“
‏‎لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و كابینەی یەكەمی حكوومەتەوە، ئیتر ھیچ حکوومەتێک بەبێ موقتەدا سەدر پێکنەھێنراوە، بەڵام ئێستا سەدر دەیەوێت بە سزادانی گەندەڵکاران سەرکردایەتیی گەل بکات. بە یەک تویتی سەدر، ملیۆنان خەڵک دێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان دەکەن.
نووری مالیکی، زۆرترین ساڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، زۆرترین مادەی دەستووریی پێشێل کردووە، کەسیش ھێندەی مالیکی بە تاکلایەنانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوەکان بڕیاری نەداوە، کە دامەزراوەکانی عێراق بێدەسەڵات و بێبەھا و لە سەردەمی ئەودا بێشکۆ کرابوون.
‏‎کەچی ئێستا لە مالیکی قەوماوە، کە سەدر دەیەوێت گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات و دامەزراوەکان هەڵوەشێنێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندیی مالیکیدا نییە، مالیکی خۆی بە پارێزەری دەستوور و دامەزراوەکان دەزانێت، مالیكی تازەكی دەڵێت: ”گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەکان، گەرەنتیی دەستپێکی گفتوگۆکانن!“ سەرنج بدەن مالیكی ئێستا دەستوور بە پارێزەر و گەرەنتیی مافی پێکھاتەکان دەزانێت. ئەوەی دوێنێ زۆرترین گەندەڵی و دزی لە گەل کردووە و مافی پێکھاتەکانی پێشێل کردووە، ئەمڕۆ چونکە لێی قەوماوە، دەیەوێت وەکوو سەرکردەی گەل دەربکەوێت.
‏‎لە ھەرێمی کوردستانیش، ھەر بەرپرس و کەسێک، لە ھەر حزبێک کە بەرژەوەندییەکانی کەوتووەتە مەترسی، خۆی دەکات بە سەرکردەی گەل. کەسی وا ھەبوو لە شاخ و لە شاریش ئەگەر کەسی یەکەمیش نەبووبێ، سێبەری کەسی یەکەمی دەسەڵات بووە، کەچی بۆ ئەوەی سێبەر نەبێت و خۆی ببێتە کەسی یەکەم، بە گەلییەوە گرت و بە ناوی رابەری دژەگەندەڵی شەقامی جووڵاند و زۆرترین دروشمی لە دژی گەندەڵی و دەسەڵاتداران بەرز کردەوە، لە کۆتاییەکەش، دەرکەوت رابەری دژەگەندەڵی ڕکابەری بێل گیتسی دەکرد، نیوەی زەویی گرانبەھا و کۆمپانیای مەزن بە ناوی ئەندامانی خێزانەكەیەوە تاپۆ کراون.
کەسی واش ھەیە کەسی یەکەمی حزبی دەسەڵات بوو، گەندەڵی و قاچاخچێتی نەما نەیکات، مافیا و سەرانە وەرگرتن لە سەردەمی ئەوەوە پەرەی سەند، بە پارەی گەلەوە لە ماوەیەکی کەم کۆنترۆڵی ھەموو شتێکی کرد، بە یەک جار لە سفرەوە چووە پلەی سەد! کەچی کە لەسەر کاری قێزەون لە حزب دەرکرا، وای خۆی پیشان دا، کە لەگەڵ گەلدایە و دژی دەسەڵاتە، بۆیە بە پیلانێک دەرکرا، بەڵام پشت لە گەل ناکات، دژی گەندەڵی دەسەڵاتداران سەرکردایەتیی گەل دەکات!
‏‎کەسی واش ھەیە ھەر لە یەکەم دەرکەوتنی ھەم مافیا بوو، ھەم بازرگانی دز بوو، سیاسەت بە فیلەر و بۆتۆکس تێگەیشتووە! کە بازرگان بوو، زیاتر سیاسی بوو تا بازرگان بێت، بە پارەی خەڵکی داماو و فەرمانبەر توانی ببێتە خاوەنی پرۆژەیەكی گەشتیاریی گەورە، کە چاڤی لاندی سلێمانییە، كاتێكیش حزبی دامەزراند و ھاتە ناو سیاسەت، ئەوجا بوو بە بازرگان، بەڵام بازرگانێكی قۆزەرەوەی قەیران و تەنگژەكان.
کاتێ خەڵک گلەیی لە نرخی گرانیی شمەك و پێویستییەك دەكات، ئەو دێتە قسە و بە خستنە بازاڕی بڕێكی كەم لەو شمەكە و هاشوهووشە میدیایی و موزایەدەی سیاسی، سەرنجی خەڵک بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ڕەنگە لە فرۆشتنی ئەو بڕە كەمە لەو شمەكە لە ڕوی ئابوورییەوە زیان بکات، بەڵام كاتێ لەپای ئەو كارەی كە كردی، خەڵكێك دەنگی پێدەدەن و پەرلەمانتارێك زیاتری لە پەرلەمان دەردەچێت، لێزانە لە مامەڵە و سەودای دەنگفرۆشتنی نێو پەرلەمان بۆ ئەجێندای ئەملا و ئەولا، دە هێندەش قازانج دەكات. ئەمڕۆش هەمان ئەو شاسوارە، بۆ ئەوەی بگات بە مەبەست و ئەو ئامانجەی کە لەسەری دامەزراوە، دەیەوێت ببێت بە (سەرکردەی گەل!) و ڕابەرایەتیی گەل بکات و بە خۆپیشاندانی سەرتاسەرییەوە گرتوویەتی.
‏‎سەرکردە فەیکەکانی گەل، ھەمیشە دەیانەوێت قەیران ھەبێ و خەڵک لەناو قەیراندا غەرق بێت، بۆ ئەوەی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت کە بێنە دەنگ و بجووڵێن، ئەگەر قەیران و ئاڵۆزی نەما، ئەوان بە کۆتایی خۆیان دەزانن، ئیدی نە ڕەنگیان دەمێنێت و نە دەنگیان و لە جووڵەی بازرگانی لەژێر ناوی سەرکردایەتیی گەلەوە دەکەون و ناویان نامێنێت.
کێشەکەش لەوەدایە، ھەرچی دز و گەندەڵ و قاچاخچی و مافیایە، دەیانەوێت لەژێر پەردەی لە خەمی گەلدا بوون، کارە قیزەونەکانیان بشارنەوە و شەرعیەت بە بوونی خۆیان بدەن! ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستانن، کە خۆیان بە سەرکردایەتیی گەلەوە گرتووە، لەژێر ناوی خۆپیشاندان دەرزییە تێکەڵەكەی وڵاتانی ئیقلیمین، ھەر کاتێک جووڵەیەکی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی لەئارادا بێت بۆ گۆڕانکاری لە ناچەوکە، وڵاتانی ئیقلیمی ئەو دەرزییە تێکەڵەیە لە جەستەی ھەرێم دەدەن! ئاگرەکە لە بەغدایە، دەیانەوێت ھەرێمیش پەلکێشی ئەو ئاگرە بکەن و بیکۆڵێنن، بۆ ئەوەی ھەولێر نەبێتە داڵدەی دژبەری ھەژموون و ئەجێندای ئەوان و بچێتە ژێر بار، چونکە ھەولێر ھەم ھاوسەنگیی ھێز ڕادەگرێت و ھەم براوەی یاریی سیاسی یەکلایی دەکاتەوە.